تەمموز مانگی رۆژنامەنوسانی وەرزشی كوردستان و جیهانە




زاگرۆس نانەكەلی

مانگی تەمموز دەستپێكی وەرزی هاوین و بەمانگێكی گەرم دادەنرێ، بەڵام مانگێكی پڕ جوڵە و چالاكی گەرم و گوڕ و چڕوپڕی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان و جیهانە، هەروەها بۆتە كانگاو چەقی لەدایكبوونی بۆنەكانی رۆژنامەنووسانی وەرزشی جیهان و كوردستان، جگە لە رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردی بێ خاوەن، سەراپای جیهان لەسەرەتای مانگی تەمموز و بەدیاریكراوی لە 2ی تەمموزی هەموو ساڵێك ئاهەنگ بۆ رۆژی خۆیان دەگیڕن و بەچەندین چالاكی جۆراوجۆر، رۆژی جیهانیی رۆژنامەنووسانی وەرزشی بەرز و پیرۆز رادەگرن، هەروەها 12 و 30 تەمموزیش دەبێتە سەرهەڵدان و لەدایكبوونی یەكەم رێكخراوی تایبەتمەند بەڕۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان و دەرچوونی رۆژنامەی (كاروانی وەرزش)یش وەك یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی، بۆیە مانگی تەمموز دەبێتە مانگ سەرهەڵدان و لەدایكبوونی رۆژنامەنووسان و رۆژنامەی وەرزشی كوردی و جیهانی.

*رۆژانی 1 تا 3-7-1924 لەشاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا یەكەم كۆنگرەی دامەزراندنی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشی/ ئیپس (Aips) بەسترا.

*رۆژی 2ی تەمموزی 1924 بڕیاری دامەزراندن و لەدایكبوونی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشی درا.
*بەمبۆنەیەوە رۆژی 2ی تەمموزی ساڵی 1994 كرا بەڕۆژی جیهانیی رۆژنامەنووسانی وەرزشی.

*ئەمڕۆ 2ی تەمموزی 2020 یادی 96 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشییە.
*ئەمڕۆ 2ی تەمموزی 2020 كۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كۆنگرەی ژمارە 83ی بۆ یەكەمجار بەشێوەی ئۆنلاین گرێدەدات، ئەمەش بەهۆی رێگەگرتن لەتەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

*رۆژی 12-7-2006 بەدروشمی (لەپێناو پەرەپێدانی رۆژنامەگەریی وەرزشی لەكوردستان)دا، یەكەم كۆنفرانسی رۆژنامەنووسانی وەرزشی هەرێمی كوردستانی عێراق لەشاری هەولێر بەسترا و كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان دامەزرا.

*ئەمساڵ 2020 یادی 14 ساڵەی دامەزراندنی یەكەم رێكخراوی رۆژنامەنووسانی وەرزشییە لەهەرێمی كوردستانی عێراق كە (كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان)ە.

*رۆژی 30-7-1985 یەكەمین بڵاوكراوە و چاپكراوی وەرزشی لەشاری هەولێر لەدایكبوو كە رۆژنامەی (كاروانی وەرزش) بوو.

*ئەمساڵ یادی 35ساڵەی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی وەرزشی كوردی (كاروانی وەرزش)ە.
*لێرەوە داوا دەكەم هەر لەم مانگەدا ئێمەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستانیش، هەردوو رۆژی رۆژنامەنووسانی وەرزشی و رۆژنامەگەریی وەرزشی كوردی دیاری بكەین.


PM:05:59:02/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌