پاڵەوانێكی ئۆڵۆمپی كورد شەڕی مەرگ لەگەڵ كۆرۆنا دەكات!



محەمەد یاسین لە پاڵەوان بۆ كۆرۆنا و مانگێكە خەوێندراوە!
محەمەد یاسین پێوویستە رێزی لێبگرن

پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

زاگرۆس نانەكەلی...... راپۆرت

محەمەد یاسین پاڵەوانی بەرزكردنەوەی قوڕسایی،ئەو دوێنێ پاڵەوان بوو،ئەمڕۆ كۆرۆنا یەخەی مەرگی لێگرتووە، دەیەوێت گۆڕەپانی پاڵەوانانی كوردمان پێ چۆڵ بكات،بەڵام پاڵەوان بۆ هەموو كات وساتێك پاڵەوانە و دەتوانێت خۆراگربێت،ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوەی مانگێكە لەنەخۆشخانەیە،نە بەرپرسێكی وەرزشی و نە میدیاكارێكی وەرزشی كوردی جگە لەوەی زۆرێك نایناسن،بگرە ئاگاداریش نین تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە،ئیتر ئەوە بار و ژیان و گوزەرانی وەرزشوانی كوردە،بۆیە هەرچ زووە بكرێت لایەنی پەیوەندیدار گەر بتوانن بە تەلەفۆنێكیش بێت هەواڵی بپرسن،چونكە داوای هیچ ناكات،تەنها نزاكانی میللەتەكەی پێوویستە و دەربازی بێت لەم ڤایرۆسە،بۆیە ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19)، مەترسیی مەرگ لەسەر ژیانی پاڵەوانی ئۆڵۆمپی كورد لەیاری بەرزكردنەوەی قورسایی محەمەد یاسین دەكات.
ماوەی مانگێكە محەمەد یاسین-ی یاریزانی نێودەوڵەتی و ئۆڵۆمپی كورد و پێشووی شاری هەولێر و كوردستان و عیراق لەیاری بەرزكردنەوەی قورسایی لەنەخۆشخانەی شاری ئۆریبرۆ-ی سوید لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدایە و ڤایرۆسی كۆرۆنا ژیانی خستووەتە كەناری مەرگەوە.
بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر بارودۆخ و باری تەندروستی كەهێشتا هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە،دواتر بەدواداچوونم كرد و لەمبارەیەوە پەیوەندیم بە خالید-ی كوڕە گەورەی كرد و ئەمیش وتی: ماوەی مانگێك دەبێت بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا باوكم لەنەخۆشخانەی شاری ئۆریبرۆ خەوێنراوە، زۆر بەقورسی ئەم نەخۆشییەی گرتبوو كە كاریگەریی زۆریشی كردبووە سەر كۆئەندامی هەناسەی، مەترسیی لەسەر ژیانی هەبوو، هەرچەندە بارودۆخی باشترە و پزیشكەكان دەڵێن لەنەخۆشی كۆرۆنا دەربازی بووە، بەڵام جەستەی تووشی بەكتریایەك بووە بەڕێژەی 282 پلە، سوپاس و ستاییش بۆخوای گەورە ئێستا رێژەكە بۆ 30 پلە دابەزیوە، بەڵام زۆر بەقورسی كاریگەری كردۆتە سەر كۆئەندامی هەناسەی و تووشی هەناسە تەنگی بووە، تا ئەوكاتەی تەندروستی بەتەواوەتی جێگیر دەبێت، ماوەیەكی تریش لەنەخۆشخانەكەدا دەمێنێتەوە و لەژێر چاودێریی دادەبێت”.
 خالید یاسین كوڕی گەورەی ئەم پاڵەوانەی یاری هەڵگرتنی قورسایی كە یەكەم وەرزشكاری كوردە لەمێژووی عێراقدا بەشداری ئۆڵۆمپیادی كردووە، لەدریژەی قسەكانیدا وتی: باوكم هیچ نەخۆشییەكی درێژخایەتی نەبووە، بۆیە دكتۆرەكان سەرسوڕمانی خۆیان پیشاندا كە زۆر بەقورسی نەخۆشییەكەی گرتووە، بەڵام توانیویەتی بەرگری بكات، ئەوكات ئێمە بۆ ئەوانمان روونكردەوە و بەپزیشكەكانمان راگەیاند كە باوكمان یەكێكە لەوەرزشكارە دێرینەكانی جیهان و ئاسیا، بۆیە ئەوەیان بەهۆكارێك زانیوە كە باوكم توانیویەتی خۆڕاگر بێت و بەرەنگاری ڤایرۆسەكە ببێتەوه”.
كوڕەكەی موحەمەد یاسین، سەبارەت بەهۆكاری توشبوونی باوكی بەم ڤایرۆسە، وتی: باوكم لەقوتابخانە وەك توێژەری كۆمەڵایەتی لە وڵاتی سوید وانە بەقوتابیان دەڵێتەوە، واپێشبینی دەكەین لەقوتابخانە تووشی نەخۆشی كۆرۆنا هاتبێت و ئەگەری زۆرە لەیەكێكەوە بۆی گواستربێتەوە، چونكە لەنێو خانەوادەكەی ئێمەدا هیچ حاڵەتێك بوونی نییە و باوكم خۆی رێنمایی خەڵكی دەكرد كە لەماڵ بمێننەوە و خۆیان لەڤایرۆسەكە بپارێزن”.
سیڤی محەمەد یاسین
-ناوی تەواو: محەمەد یاسین محەمەد.
-ساڵڕۆژی لەدایكبوون: 7-1-1963 .
-شوێنی لەدایكبوون:  شاری هەولێر/ باشووری كوردستان.
-شوێنی نیشتەجێبوون: شاری ئۆریبرۆ/ سوید.
-رەگەزنامەی عێراقی و سویدی هەیە.
-ژیانی هاوسەری پێكەوە ناوە و  (5) منداڵی هەیە بەناوەكانی زینە و خالید و بەشار و عەبیر و مریەم.
-سەرەتا بەیاری تۆپی پێ هاتووەتە نێو بواری وەرزش.
-دواتر بەیەكجاری رووی لەیاری بەرزكردنەوەی قورسایی كردووە.
-ساڵانی (1977 تا 1991) یاریزانی یانەكانی هێرش و هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق بووە.
-ساڵانی (1977 تا 1991) پاڵەوانی عێراق و وڵاتانی عەرەب لەكێشەكانی (67 و75) كگم بووە.
-ساڵی (1985) لەژاپۆن و ساڵی (1988) لەچین، بووەتە پاڵەوانی وڵاتانی ئاسیا.
-ساڵانی (1979-یۆنان) و (1979-هەنگاریا) و (1980-كەنەدا) و (1981-ئیتاڵیا) و (1982-بەرازیل) و (1983-فەرەِنسا) و (1989-یۆنان) بەشداری پاڵەوانێتی جیهانی كردووە.
-ساڵی (1987) لەفلیپین و لەپاڵەوانێتی وڵاتانی جیهان بەپلەی سێیەم هاتووە.
-ساڵی (1987) هەر لەفلیپین و لەپاڵەوانێتی وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.
-ساڵانی (1982) لەنیودەلهی-هیندستان و (1986) لەسیئۆل-كۆریای باشوور بەشداری خولی یارییە وەرزشییەكانی وڵاتانی ئاسیا (ئاسیاد)ی كردووە و لەیەكەمیاندا بەپلەی دووەم  و لەویتریشیاندا یەكەم بووە.
-ساڵی (1980) لەئۆڵۆمپیادی هاوینەی مۆسكۆ/ لەكێشی 67.5 كیلۆ گرام بەشداربووە و لەنێو 20 وەرزشكاری بەشداربوودا، لە خەتف: هەوڵی یەكەم/ (120 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/ (125 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (125 كگم) سەركەوتوو نەبوو، لە نەتر: هەوڵی یەكەم/ (145 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/  (155 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (155 كگم) سەركەوتوو نەبوو، كۆی گشتی: پلەی  17ی ریزبەندی گشتی بەكۆكردنەوەی (270) كیلۆگرام.

-ساڵی (1984) لەئۆڵۆمپیادی هاوینەی لوس ئەنجلس/ لەكێشی 75  كیلۆ گرام بەشداربووە و و لەنێو 12 وەرزشكاری بەشداربوودا، لە خەتف: هەوڵی یەكەم/ (140 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/ (145 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (145 كگم) سەركەوتوو نەبوو، لە نەتر: هەوڵی یەكەم/ (180 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/  (185 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (185 كگم) سەركەوتوو نەبوو، كۆی گشتی: پلەی  6ی ریزبەندی گشتی بەكۆكردنەوەی (320) كیلۆگرام.
-ساڵی 1991 رووی لەهاندەران كردووە و لەوڵاتی سوید گیرساوەتەوە و لەوێش درێژەی بەیارییەكە داوە و توانیویەتی 12 میدالی جۆراوجۆری پلەكانی یەكەم تا سێیەم لەسەر ئاستی سوید و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا بباتەوە.
-لەژیانی یاری كردنیدا خاوەنی 42 میدالی رەنگاو رەنگی یاری بەرزكردنەوەی قورساییە (21 زێر، 6 زیو، 15 بڕۆنز).


PM:04:16:03/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 2421 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌