یادی 25ساڵەی یەكەمین رۆژنامەی وەرزشی كوردی ئازادی




زاگرۆس نانەكەلی

17-6-2019 یادی 25 ساڵەی یەكەمین رۆژنامەی وەرزشی كوردی ئازادە،رۆژی هەینی رێكەوتی 17-6-1994 رۆژنامەی كوردستانی نوێ بۆیەكەم جار لە مێژووی رۆژنامەگەری كوردی پاشكۆیەكی وەرزشی دەكرد بەناوی (پاشكۆی مۆندیال)،لەم پاشكۆیە وەرزشییە ئازادە،كە لەهەموو شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی بابەتییان بڵاودەكردەوە،ئەمە خەونێك بوو،سەرەتای هێنانە دی خەونەكانی ژیانم بوو لە رۆژنامەنووسی وەرزشی كە بە لەدایكبوونی رۆژنامەیەكی وەرزشی كوردی ئازاد بوو،بۆیە بیرۆكەی دامەزراندن وبڵاوكردنەوەی یەكەم رۆژنامەی وەرزشی كوردی ئازاد زۆر هیلاك و ماندووی كردم،چونكە هیچ هیچ سەرچاوەیەك نەبوو زانیاری كۆبكەمەوە وەكو ئەنتەرنێت،بەناچاری رۆژنامەكانی وەرزشی كۆنی عێراق ووڵاتانی عەرەبی،هەروەها گۆڤارەكانی وەرزشی وەكو (صقر،وتەن ریازی،ریازە وشەباب،شووتی ئینگلیزی) چەند رۆژنامە وگۆڤارێكی تر جگە لە وەرزشی،هەروەها ئەو زانیاری و كەشكۆڵەی وەرزشی خودی خۆم وهاوكارێكی باش بوو بۆ دەركردنی ئەم رۆژنامە وەرزشییە.

بۆیە ساڵیادی 25 ساڵەی لەدایكبوونی یەكەم رۆژنامەی وەرزشی ئازد بابیكەین بەیادێكی تەبایی وگیانی وەرزشی و گرنگیدان بە رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی و میدیای وەرزشی كوردی بەگشتی،بەم بۆنە پڕ جوان وداهێنانە هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان وكۆچكردوانی رۆژنامەنووسان ومیدیاكارانی وەرزشی هەر چوارپارچەی كوردستان،بەهیوای سەرفرازی وتەمەن درێژی وخۆشگوزەرانی بۆ تێكڕایی میدیاكاری وەرزشی كوردستان.

بیرۆكەی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی وەرزشی ئازاد 
كارو پڕۆژەی  ناوازە و گرنگ پێویستی بەپلان هەیە، چونكە پلانی داڕێژراوی بەرایی، هەوێنی سەركەوتنی پڕۆژەكەیە لەدەستپێكەوە تا كۆتایی، كۆتایی ساڵی 1993 بوو، بیرۆكەیەك بەمێشكم دەخولایەوە كەساڵی ئایندە 1994 مۆندیالی ئەمەریكا دەستپێدەكات، بەڵام هیچ بیرۆكە و پڕۆژە ئامادەنییە بۆ دەركردنی رۆژنامەیەكی وەرزشی، بەهەرحاڵ  هەمان ساڵ دەستمكرد بەنووسینەوەی مێژووی مۆندیال بەچەند مەلەفێكی جیاجیا لەسەر مێژووی هەڵبژاردە بەشداربووەكان و وڵاتەكانی میوانداری مۆندیال و مێژوو  و سیڤی یاریزانەكان و راهێنەرانی مۆندیال و ناوبژیوانان و رووداوە خۆش و ناخۆشەكانی، تا مانگی نیسانی 1994 كۆتاییهات، دواتر سەردانی بەرپرسانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ-م كرد و باسی بیرۆكەكەی خۆمم بۆكردن، دوای چەند رۆژێك پەیوەندم كردەوە، رەزامەندییان نیشاندا بۆ ئەوەی رۆژنامەیەكی وەرزشی كوردی و ئازاد لەدایكبێت، لەڕۆژی هەینی رێكەوتی 17-6-1994 پاشكۆی مۆندیال بەفەرمی لەدایكبوو و ژمارە یەكی ئەم رۆژنامە وەرزشییە بڵاوكرایەوە.

دوای تەواو بوونی مۆندیالی 1994 ئەمەریكا و دوای دەرچوونی (26) ژمارەی پاشكۆی مۆندیال لە رێككەوتی  19-7-1994 ئەم رۆژنامە وەرزشییە وەستێنرا، ئەوكات لەبەر ئەوەی پاشكۆی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بوو، سەرنووسەری نەبوو، بەڵام دەستەی نووسەرانی پێكهێنرا لە (سەڵاح حەسەن خەسرۆ و فریاد رواندزی و زاگرۆس نانەكەلی و محەمەد سەعید كوردە)، هەروەها هاوكار ورۆژنامەنووسی وەرزشی بەرچاو و دیار، بابەتەكانیان بڵاودەكردەوە لەهەموو شارەكانی كوردستان وەكو ( عیماد قادر ، سەنگەر زرار، هۆشیار عەبدولرەحمان، شێخ ئیسماعیل مەحمود، نەجیبە كەریم، سەرتیپ فاریق، زیاد سەعید هورمزیاری، فاتیح شەیدا) و چەند كەسێكی تر كە یەك  دوو بابەتیان بڵاوكردۆتەوە.

بیرۆكەی دەرچوونی پاشكۆی مۆندیالی كوردستانی نوێ
بە حكومی ئەوەی كە یەكەم پاشكۆی رۆژانەی وەرزشی ئازادە بۆیە باسی دەكەین،كۆتاییەكانی ساڵی 1993 بوو،بیرم لەوە كردەوە  مۆندیالی ئەمریكای 1994 ماوەیەكی زۆری نەماوە دەست پێبكات،لەم بیركردنەوەیە بووم و بیرۆكەی رۆژنامەیەكی وەرزشیم هاتە خەیاڵ،ئەو كات دەستم كرد بە نووسینەوەی مێژووی مۆندیالەكان بەم شێوەی خوارەوە.
1-دروستكردن و فایكردنی تێكڕایی (24) هەڵبژاردەەی بەشداربوو.
2-دروستكردن و فایلكردن مۆندیالەكان لە ساڵی 1930 تا ساڵی 1990.
3- باسكردنی پاڵەوانەكانی مۆندیال لە ساڵی 1930 تا ساڵی 1990
4-باسكردنی تێكڕایی ئەستێرەكانی مۆندیالەكان ولەگەڵ گۆلكارەكان.
5-باسكردنی رووداوە خۆش وناخۆشەكانی مۆندیال.
6-باسكردنی كارتە رەنگاو رەنگەكان بەرووی یاریزانان .
7-دروستكردنی چەند فایلێكی جۆراوجۆر بە تێكڕایی مۆندیالەكان.
ئەوانەی باسم كرد ئەرشیفی چەند ساڵەی خۆم بوو،چونكە ئەو كات (ئینتەرنێت) نەبوو تا زانیارییەكان وەربگریت،بۆیە پشتم بە دوو سەرچاوە بەست،كە رۆژنامەو گۆڤارەكانی وەكو (كاروانی وەرزش و سەقەڕ و وەتەن ریازی و ریازە وشەباب...تاد)،ئەوانەی نووسیمەوە هەمووم كرد بە فایلی رەنگاو رەنگ وجۆراوجۆر ونزیكەی (4) مانگ كارم لەسەر كرد و تەواوم كرد.
مانگی (5) ی ساڵی 1994 بوو ئەم بیرۆكەیەم بردە لای بەرپرسانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ ئەوانیش كەمتر لەهەفتەیەك  بە  بەڵێ وڵامیان دامەوە وزۆر دڵم خۆش بوو،لەهەمان كاتدا بەرێوەبەری تیڤی هەولێری گەلی كوردستانیش پێ راگەیاندم كە لەگەڵ دكتۆر ووشیار عەبدولرەحمان  مۆندیالی 1994 لە تیڤی روماڵ بكەین.
رۆژی هەینی رێكەوتی 17/6/1994 مۆندیالی ئەمریكا دەستی پێكرد، پاشۆی مۆندیالییش لەم بەروارە ژمارە (1) دەرچوو كە وەكو خەونێك بوو بۆ خوێنەرانی گشتی و وەرزشی ئەوكات،چونكە یەكەم رۆژنامەی وەرزشی ئازاد بوو لە كوردستان. 
یەكەمین ڕۆژنامەی وەرزشی لە میدیای كوردی / قۆناغی دوای ڕاپەڕین
پاشكۆی (مۆندیال)  ی كوردستانی نوێ لە ڕێكەوتی 17/6/1994 وەك پاشكۆیەك بە بۆنەی ئەنجامدانی مۆندیالی ئەمریكای 1994 دەرچوو، بە یەكەمین بڵاوكراوەی وەرزشی كوردی  هەژماركرا،چونكە بیرمان نەچێت (كاروانی وەرزش) لەرێكەوتی 30/7/1985 دەرچووە،بەڵام لەسەردەمی پێش راپەڕین بوو،بەهەمان شێوە ڕۆژنامەی (وەرزشی برایەتی) ژمارە (0) لە ڕۆژی یەكشەممە رێكەوتی 12/10/1997 دەرچووە وەك یەكەم رۆژنامەی وەرزشی دوو هەفتە جارێك هەژمار دەكرێت، پاشان ئەم ڕۆژنامەیە لە ژمارە (17) تا ژمارە (43) بە شێوەیەكی ڕۆژانە بە بۆنەی مۆندیالی 1998 لە شێوەی ڕۆژنامەیەكی ڕەنگاوڕەنگی دەردەچوو، لە دوای مۆندیالی 1998یش ئەم ڕۆژنامەیە لە ژمارە (44) تا ژمارە (205)ی بە شێوەیەكی هەفتانە هەموو ڕۆژانی شەممە دەر دەرچوو، وە لە رێكەوتی6/10/2001 دوا ژمارەی (205)ی دەرچوو، پاش ئەوەی بە بڕیارێك وەستێندرا!.

ئەم رۆژنامەیە ستافەكەی پێك هاتبوو لە خاوەنی ئیمتیازی ئەم رۆژنامەیە كۆچكردوو (جەوهەر نامیق سالم) بوو،هەروەها بەرێوەبەری نووسین (یاوەر نامیق سالم) بوو،دەستەی نووسەران كۆچكردوو (سدیقی گچكە) و (خالید بەرلووتی) یوو،هەروەها پەیامنێرانی دەرەوەی وڵات (پشكۆ مەحموود تۆفیق) لە ئەمریكا كە بابەتەكانی بەناوی (لیزان) وە بڵاودەكردەوە، یونس حەمەد لە نەرویج و سۆران عوسمان لە هۆڵندا.

هەر هەمان ستافی ڕۆژنامەی (وەرزشی برایەتی) لە بەڕێوبەری نووسین و دەستەی نووسەران و هاوكارانیان گۆڤارێكی وەرزشیشیان دەركرد بە ناوی گۆڤاری (برایەتی وەرزش)، كە یەكەمین ژمارەی لە ڕۆژی سێ شەممە بەرواری (13/10/1999 بڵاوكرایەوە، ئەم گۆڤارە (6) ژمارەی لێ دەرچوو، وە لە مانگی 7ی 2001 دوا ژمارەی واتە ژمارە (6) دەرچوو،لە ژمارە (5)ی گۆڤاری (برایەتی وەرزش) كە لە مانگی 3ی 2001 دەرچوو بۆ یەكەمین جار لە میدیای وەرزشی كوردیدا یەكەمین چاوپێكەوتنی وەرزشی لەگەڵ یاریزانێكی پیشەگەری خولی هۆكی سەربەفری ئەمریكی (NHL) بڵاوكرایەوە، چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ یاریزان (درەیك ییرهاوسكی) لە تیپی (ناشڤیل پریدەتەرس) بوو، وە لە لایەن پەیامنێری ڕۆژنامە و گۆڤارەكە لە ئەمریكا (پشكۆ محموود تۆفیق) وە ئەنجام درابوو كە لە ژێر نازناوی (لیزان)وە بابەتەكانی بڵاودەكردەوە.

ئەوانەی بابەتیان لەپاشكۆی مۆندیالی كوردستانی نوێ بڵاوبۆتەوە
لەڕێكەوتی 17-6-1994 ژمارە یەكی پاشكۆی مۆندیالی كوردستانی نوێ بڵاوكرایەوە، ئەم ناوانە لەهەر (26) ژمارەكەی ئەم رۆژنامە وەرزشیە بابەتیان بڵاوكردۆتەوە:

سەرەتا دەستەی نووسەرانی پێكهاتبوو لە (سەڵاح حەسەن خەسرۆ، زاگرۆس نانەكەلی، فریاد رواندزی، محەمەد سەعید كوردە)، هەروەها مەلەفێكی رۆژنە لەسەر مۆندیالەكانی ساڵی (1930) تا ساڵی (1990) و مەلەفی هەڵبژاردە بەشداربووەكانی مۆندیالی ساڵی 1994 لەنووسین و ئامادە كردنی (زاگرۆس نانەكەلی) بووە.

ئەم رۆژنامەنووسە وەرزشییانە بابەتیان بڵاوكردۆتەوە: سەڵاح حەسەن خەسرۆ، فریاد رواندزی، سەرتیپ فاریق، زاگرۆس نانەكەلی بەناوەكانی (نانەكەلی و زاگرۆس و N و موعەلیقێك، سەنگەر زرار بەناوی (سەنگەر شێخەشەلی)، محەمەد سەعید كوردە، عیماد قادر، نەجیبە كەریم، ئیسماعیل مەحمود، هۆشیار عەبدولڕەحمان، زیاد سەعید هورمزیاری، فاتیح شەیدا، هامون، نەجمەدین مەغدید بەرزنجی، ستران عەبدوڵڵا، نەوزاد نافع، پایەدار بەرزنجی، فازیل عەباس، خەلیل جەوهەر، خاڵۆ، تاریق جەوهەر سارمەمی، هۆگر كلێسەیی، باوكی سەربەست، شێخ قادر محەمەد، رەشاد محەمەد شەریف، رێبوار محەمەد یوسف، ئاراس تۆفیق، ئاسۆ، كەمەند شێخانی، محەمەد حسێن قادر، كاكە جوندیانی، عومەر عەبدوڵڵا خۆشناو، مەلا بەختیار).

* رۆژنامەنووس و كاریكاتێرستی وەرزشی (زیاد سەعید هورمزیاری) لە پاشكۆی مۆندیال چەندجارێك وێنەی كاریكاتێری وەرزشی نەخشاند وبڵاوی كردەوە،ئەمەش وەكو مێژووی كاریكاتێری وەرزشی كوردی ئازاد هەژماردەكرێت.

*پاشكۆی مۆندیال وەك پاشكۆیەكی تایبەت بەمۆندیالی 1994ی ئەمریكا و یەكەمین بڵاوكراوەی وەرزشی دوای راپەڕینی 1991، پاش دەرچوونی 26 ژمارە كە دوا ژمارەی لەڕێكەوتی 19-7-1994 بوو، وەستێنرا.


PM:03:56:17/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 3321 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌