‌نه‌خۆشی ئۆتیزم له‌ چ ته‌مه‌نێكدا ده‌رده‌كه‌وێت و هۆكار و نیشانه‌كانی چییه‌؟


 
ته‌ندروستی‌ - 

(ئۆتیزم )خود تەنیایی، بریتییە لەگرفتێکی‌ گەشەی‌ ئاڵۆز لەمێشکدا کە لەئەنجامی‌ تێکچوونی‌ فەرمانەکانی‌ دەمارو مێشک روودەدات، لە سێ ساڵی‌ یەکەمی‌ قۆناغی‌ گەشەی‌ منداڵدا دەردەکەوێت، ئەم گرفتە لە شێوەی‌ گەشە نەکردنی‌ لایەنی‌ زمان و ئاخاوتن و لاوازی‌ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دەرکەوتنی‌ رەفتاری‌ نائاسایی دووبارە بوونەوە و سنوردار دەردەکەوێت لە مندالەکەدا، دكتۆر  زامدار حمه‌ رسول پزیشكی پسپۆڕی ده‌رونی له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واو له‌سه‌ر نه‌خۆشی ئۆتیزم باس ده‌كات كه‌ پێویسته‌ دایكان و باوكان لێی به‌ ئاگابن.

هۆکارەکان:
تاکو ئێستا هۆکاری‌ سەرەکی نەخۆشییەکە دیار نییە، بەڵام زانایان بەچەند تیورێک ئاماژە بەچەندین هۆکار دەکەن کە بەشدارە بەتوشبوون بە حاڵەتی‌ ئۆتیزم لەوانە رۆڵی‌ بۆماوەی‌ (جینات) کە بەرپرسە بەگواستنەوەی‌ حاڵەتەکە، وە کاتێک تاکەسێکی‌ منداڵی‌ دووانە توشی‌ ئۆتیزم دەبێت ئەگەر 70 % - 90%زیاد دەبێت.

– توشبوونی‌ منداڵەکەی‌ دیکە و هەروەها گرفتەکانی‌ کاتی‌ لەدایکبوون و هەوکردنەکانی‌ کاتی‌ دووگیانی‌ و لەدایکبوون و دوای‌ لەدایکبوون رۆڵی‌ دەبێت بە توشبوون بە حاڵەتی‌ ئۆتیزم.
- هەروەها دەگوترێت کە هۆکارە ژینگەییەکان وەک بەرکەوتن بە ڤایرۆس و مادە ژەهراوییەکان ئەگەری‌ توشبوون زیاددەکات.
- جگە لەم دوو هۆکارە کۆمەڵێک هۆکاری‌ پەروەردەیی و تەکنەلۆژیا رۆڵێکی‌ سەرەکی‌ گەورە دەبینێت کە توشبوون بە ئۆتیزم زیاد بوونی‌ ئەم حاڵەتە لەوانە پشتگوێ خستنی‌ مناڵەكه‌ له‌تەمەنی‌ سێ ساڵی‌ یەکەمی‌ ژیانیدا گەشەی‌ ژیری‌ مناڵەکە لاواز دەبێت.

نیشانەکانی‌ ئۆتیزم: 

ئۆتیزم حاڵەتێکی‌ ئاڵۆزەو نیشانەکانی‌ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی‌ دیکە جیاوازە، بۆیە هیچ کات دوو توشبووی‌ ئۆتیزم نیشانەکانی‌ لە یەکتر ناچێت، بەلام بەپێی کۆمەڵەی‌ پزیشکی‌ دەروونی‌ ئەمەریکی‌ (دی‌ ئیس ئیم ٥ ) دەڵێت دەبێت سێ نیشانەی‌ سەرەکی‌ هەبێت لەکاتی‌ دەستنیشانکردن لەوانە :

1- گرفتی‌ زمان و ئاخاوتن: مناڵانی‌ ئۆتیزم بەشێوەیەکی‌ گشتی‌ گرفتی‌ زمان و ئاخاوتنیان پێوە دیارو ئاشکرایە دواکەوتنی‌ زمانی‌ دەربڕینیان هەیەو لاوازی‌ تێگەیشتن لەزمانی‌ جەستەو هاوسۆزی‌ یاخود زمان وەک ئامرازێکی‌ کۆمەڵایەتی‌ و پەیوەندیگرتن بەکارناهێنن.

2- پەککەوتنی‌ روون و دیار لە پەیوەندییە کۆمەڵاییەتییەکاندا رەفتاری‌ کەسانی‌ توش بووی‌ ئۆتیزم تەواو جیاوازە بە بەراورد بەکەسانی‌ دیکە لە پەیوەندی‌ کۆمەڵایەتیداو تووشبوو گرفتی‌ دەبێت لە بەکارهێنانی‌ زمانی‌ نازارەکی‌ و لاوازی‌ لە بەشداری‌ کردن لەهەڵوێستەکاندا لەگەڵ کەسانی‌ دی و دوورکەوتنەوە لە قەڵەبارەڵەغی‌ و حەزکردن بە تەنیایی.

3- بوونی‌ رەفتاری‌ دووبارە بووەوەی‌ تەقلیدی‌ نائاسایی: توشبوانی‌ ئۆتیزم بەردەوام رەفتار دووبارە دەکەنەوەو رەفتاری‌ پەیوەست بوونی‌ توندی‌ پێوە دیارە بە شتەرۆتینییەکان و ئارەزووی‌ گۆرینی‌ شتووموک ناکات و حەز بەگۆرانکاری‌ ناکات لە ژینگەکەدا، جگە لەوه‌ی‌ جووڵەی‌ سەیرو ناوازە ئەنجام دەدات بەشێوەیەکی‌ بەردەوام وەک بازهەڵدان و جوڵانی‌ دەستەکانی‌ و باڵەفرێ کردن جگە لەم 3 نیشانە سەرەکییە کۆمەڵێک نیشانەی‌ تر لە مناڵی‌ ئۆتیزمدا دەردەکەوێت لەوانە:

- گرفت لە پەیوەندیگرتن لە چاو
- وەڵام نەدانەوە لەکاتی‌ بانگکردن
- دانیشتن بەرامبەر تەلەفیزۆن بۆچەند کاتژمێرێکی‌ زۆر
- وادەردەکەوی‌ درک بەکەسانی‌ دەوروبەری‌ ناکات
- گرنگی‌ نادات بە دەوروبەری‌
- بەکارهێنانی‌ دەستی‌ دایکی‌ بۆ داواکردن و دەست بردن بۆ شتەکان
- یاری‌ کردن بەشێوەیەکی‌ نادروست
- قسەکردن بەشیوازێکی‌ نامۆ
- هەستیاری‌ بەرامبەر بە دەنگ و رووناکی‌ و بەرکەوتنی‌ و بۆنکردن
- خولانەوە بەدەوری‌ خۆیدا یاخود لەرزین
- دووبارەکردنەوەی‌ دەنگ وقسەکانی‌ کەسانی‌ تر
- لاوازی‌ لە دروستکردنی‌ یاری‌ خەیاڵی‌ (هزری‌)گونجاو لەگەڵ تەمەنیدا
-لاوازی‌ لە هەستکردن بە مەترسییەکان و هەندیکیان دەچنە بەردەم سەیارە یاخود ئاژەڵی‌ مەترسیدار یاخود شوێنی‌ بەرزە مەترسیدار.

چارەسەر:
زانایان ئاماژە بەوە دەکەن لەبەر ئاڵۆزی‌ گرفتەکە نەتوانراوە تائێستا چارەسەری‌ سەرەکی‌ بۆ منداڵامی‌ ئۆتیزم بدۆزرێتەوه‌، بەڵام بۆ چارەسەرکردن و دەستنیشان کردنی‌ حاڵەتەکە پێویستی‌ بە تیمێکی‌ فرە پسپۆر هەیە، ئەوەی‌ تائیستا زانست پێی‌ گەیشتوە ئەوەیە کە بۆ باشبوونی‌ حاڵەتی‌ ئۆتیزم زیاتر لەرێگای‌ راهێنان و فێربوونەوە دەبیت، بەڵام لەهەندێک حاڵەتدا پیویستمان بە چارەسەری‌ دەرمانی‌ پزیشکی‌ هەیە بۆ کۆنترۆڵکردن و هێورکردنەوەی‌ مناڵی‌ توشبوو تا بتوانین زەمینەیەکی‌ باش بۆ چارەسەرکردن بە راهێنان بڕەخسێنین.



PM:12:19:18/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 6847 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌