رۆژی وەرزشی نیشتیمانی/ بەشی دووەم



زاگرۆس نانه‌كه‌لی‌ - 

رۆژی وەرزشی نیشتیمانی،یاخود رۆژی وەرزشی نەتەوەیی؟پرسیارێك دەكرێت وڵاممان بۆی هەبێت ،چونكە با بەرچاو روونی بدەین بە خوێنەری بەرێز،سەرەتا ئەم بیرۆكەیە هەنگاوێكی گرنگە و كاركردن وپلان وهەنگاونان بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە پێوویستە،بەڵام نوێ نیە وكەس خۆی نەكات بەخاوەنی،لەبەر سێ هۆكار،یەكەمیان وەرزشە وگشتییە و دووەمیان كورد پێش زاین وەرزشی كردووە، سێیەمیان گەلانی جیهان زۆربەی زۆری لە رێكەوتی 6/4 ی هەموو ساڵێك بەبۆنەی رۆژی وەرزشی نیشتیمانی گەورەترین چالاكی ئەنجام دەدەن،گەر رۆژی نیشتیمانی وەرزش بێت،ئەوا رێكەوتی 6/4 دەبێت لەگەڵ هەموو جیهان چالاكی وئاهەنگ بگێڕین،چونكە هەروەكو لە بەشی یەكەم باسم كرد،نەتەوە یەكگرتووەكان /كۆمەڵەی گشتی لە رێكەوتی 23/8/2013 بڕیاریدا لەم بەروارە رۆژی جیهانی وەرزش بۆ گەشە پێدان وئاشتی  رابگەیەنێ،ئەمە رۆژێكی جیهانیە بۆ سەرجم مرۆڤایەتی و گەلانی جیهانە،بەڵام گەر رۆژی وەرزشی نەتەوەییە،یاخود رۆژی وەرزشی كوردی یان  كوردستان،ئەوا دەبێت ئەمانە روون بكەینەوە.

یەكەم: دەبێت وەرزشوانان ومیدیاكارانی وەرزشی وپسپۆڕانی دێرینی وەرزشی هەر چوار پارچەی كوردستان  و ئەوانەی لە تاراوگەن پرۆژەیەكی ئەكادیمی وەرزشی نەتەوەیی پێشكەش بكەن وپلانی بۆ داڕێژن. 
دووەم:پرۆژەكە دەبێت پسپۆڕانی سەرجەم وەرزشەكان و وەزرشی خاوەن پێداویستی تایبەتیشی تیا بێت ولەهەردوو رەگەزیش بێت.

سێیەم:نوێنەرانی هەرچوار پارچەی كوردستان پرۆژەكە پێشكەشی پەرلەمانی نوێنەرانی هەر چوار پارچەی كوردستان بكەن و یاسایەكی وەرزشی نێودەڵەتی بۆ دەربكەن و بڕیاری لەسەر بدەن.

چوارەم: دەست نیشانكردنی رۆژی وەرزشی كوردی یان كوردستان دەبێت بەم مەرجانە بێت.

ا-رۆژێك بێت گوزارشت لەتێكڕایی وەرزشوانانی هەر چوار پارچەی كوردستان و  وەرزشی كوردی بكات.

ب- دەست نیشانكردنی رۆژی وەرزشی كوردی بەدەست هێنانی باشترین و گەورەترین دەستكەوتی وەرزشی كوردی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی كوردستان، یاخود یانەیەكی كوردی،یان لەسەر ئاستی یاریزانێكی كورد لەبۆنەیەكی وەرزشی فەڕمی باوەڕ پێكراوی نێودەوڵەتی دەبێت.

ج:دەكرێت دەستكەوتێكی وەرزشی فەڕمی نێودوڵەتی وەرزشوانانی خاوەن پێداوویستی تایبەت بكرێت بە رۆژی وەرزشی كوردی.

ح: گەر بكرێت مێژوونووسانی كورد بەتایبەتی مێژوو نووسی وەرزشی كوردی هەوڵ و تەقەڵلا بدەن بۆ دۆزینەوەی مێژووی وەرزشی كورد وئەو رۆژ ومانگ وساڵە ببێتە دەستپێك و رۆژی وەرزشی كوردی.

خ:دەكرێت رۆژی یەكگرتنەوەی لیژنەی ئۆڵۆمپی وئەنجومەنی باڵای وەرزش بكرێت بە رۆژی وەرزشی كوردی،بەڵام دەبێتە تایبەت بەرۆژی وەرزشی باشووری كوردستان ونەك هەر چوار پارچەی كوردستان.

د: دەكرێت پارچەكانی كوردستان جیاجیا رۆژێك بۆ خۆیان هەڵبژێرن،لەكۆتایش هەرچوارپارچە رێكەون لەسەر رۆژێك كەكامەیان كۆنتر ومێژووتر و دیارتر و فەڕمی ونێودەوڵەتی ترە،ئەو بكرێت بە رۆژی وەرزشی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان.

پێنجەم: دەبێت ئەوانەی بەشداربن لە پرۆژەی رۆژی وەرزشی كوردی ئەمانە بن.

1-وەرشوانانی دێرینی سەرجەم یارییەكان و لەهەردوو رەگەز.

2-وەرزشوانانی دێرینی یارییەكانی خاوەن پێدواوویستی تایبەت.

3-پسپۆڕان وپڕۆفیسۆرەكان و دكتۆرەكان ومامۆستایانی زانكۆ.

4-نووسەر و میدیاكارانی وەرزشی خاوەن ئەزموون.

5- وەرزشوانانی دێرینی تاراوگە.

كورد  یاریزانی خۆی پێ گرنگە و ئەفسانەیە،بەڵام دەبێت جیاوازی لەنێوان سۆز و راستی بكەینەوە،چونكە ئەفسانە بوون شوێن و قەبارە وسەنگی خۆی هەیە،مێژووی وەرزشیمان لەپێش زاین دەستی پێكردووە وقەت ناڵێین ئێمە هیچ نین!!!،بەڵام واقعی وەرزشی كوردی ئێستا (3) دەرگا داخراوە و دەرگاكەی تریش!!!،واتە دەبێت هەر چوار دەرگاكە بكرێتەوە ئینجا پرسێكی وا گرنگ بوروژێنین و بیكەینە ئامانج،نەك  بكەوینە تەڵەی خۆبەزلزان و ئارەزووی خۆ بەژیرزانی خۆمان!!!.چونكە ئەم پرسانە خەڵكی  پسپۆڕ وبە ئەزموون و خاوەن مێژووی پێوویستە،بۆیە ناكرێت ئەوەی خۆمان پێمان راست بێت  تەواوبێت،نەخێر دەبێت ئەوەی هەموومان لەسەری كۆك بین و پێمان راست بێت،ئەو دەبێتە پرۆژەیەكی راست و دروست وئەكادیمی و پڕۆفیشناڵ،چونكە ئەم پرۆژە زەبەلاحە جگە لە پرۆژەیەكی وەرزشی گرنگ،بەرپرسیاریەتییەكی مێژووی نیشتیمانیە لەسەر هەموومان پێوویستە كاری بۆ بكەین.

ئەفسانە بەس لە تۆپی پێ نیە،بگرە لە هەموو وەرزشەكان هەیە، ئەوانەی یارییان دەكرد نەوەی ئەفسانەكان بوون،ئەفسانەكان لەسەر شەقامەكان بۆ بژێوی ژیانیان ئاو دەفرۆشن!!!نموونەش زۆرە،ئاوفرۆش و شەربەت وماستاوفرۆش و پاڵەوانی ئاسیای ئێستا خزمەتگوزار و دەرگاوانی ئەمڕۆ و ئەستێرەی دوێنێ،ئەمانە راستیەكی تاڵن دەبێت دانی پێبنێین،بۆیە گرتگەبۆ ئەم پرسە نێودەوڵەتی و نیشتیمانیە بەرنامە وپلانی پرَۆفیشناڵ وئەكادیمی و زانستی مان هەبێت،نەك بۆنەیەكی نێودەوڵەتی زەبەلاح بكەین بە بیرۆكەی خۆمان،ناكرێت لەبەردەم پرۆژەیەكی ئاوا هەنگاوی بۆ نەنێین و بوەستین،نەخێر كاركردن بۆ ئەم پرۆژە بەهێزە بیركردنەوەیەكی گرنگە،بەڵام وەرزشانە وكوردانە وژیرانە و خۆنەویستانە و مێژووانە و ئەكادیمیانە و هێمنانە و سەربازی وون ئاسا كاربكەین بۆ مرۆڤایەتی و وەزرش و ئاشتی ونیشتیمان.


PM:02:20:06/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 2382 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌