بێریڤان جەلال ده‌یه‌وێت ببێته‌ راهێنه‌ر

بێریڤان جەلال ده‌یه‌وێت ببێته‌ راهێنه‌ر

دیمانە: کارزان کانەبی

شاری سلێمانی ساڵانێکە جێگەی پێگەیاندنی چەندین یاریزانی بەتوانا بووە لە ئاستی کچان کە یانەکانی دەرەوەی شارەکە سوودیان لە تواناکانی رۆڵەکانی ئەم شارە وەرگرتووە. یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی ئەم شارە کچە یاریزانی تیپی فوتساڵی ئەفرۆدێت بێریڤان جەلال-ـە، لەم وەرزە لە خولی فوتساڵی یانەکانی کوردستان رۆڵی کارای بینی لە بەدەستھێنانی پلەی دووەمی خولەکە و توانیویەتی لەگەڵ یانەکەی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات. 

بێریڤان لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٥ی شاری سلێمانییە و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی ھەڵەبجەی شەھید، پێشووتریش لەگەڵ یانەی ئەفرۆدیت چەندین ئەنجامی شایستەی بەدەستھێناوە، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی  دایەوە.


* ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی؟

- بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابڕدوو لە ئێستادا ئاستی یاری فوتستاڵ پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، واتە ئاستی تیپەکان بەرەوپێش چووە و خۆلمان بۆ دەکرێتەوە، ئەمش دەبێتە ھۆکار بۆ بەرزبوونەوەی ئاستمان.

* ئەنجامدانی پاڵەوانێتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەو پێش نەچێت؟

-بێگومان نەبوونی پاڵەوانێتی ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ دابەزاندنی ئاستی تیپەکان، چونکە لە کوردستان ھەتا دڵنیا نەبن لە کردنەوەی پاڵەوانێتی تیپەکان، راھێنانی باش ئەنجام نادەن، ئەمەش دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئەم یارییە بەرەو پێش نەچێت و ئاستەکەی لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.

* پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری فوتساڵ ئاستی بەرز بێتەوە؟

- پێویستە قوتابخانەیەک بکرێتەوە بۆ پێگەیاندنی یاریزان لە تەمەنی منداڵییەوە لەلایەن کەسانی ئەکادیمییەوە، جگە لەمەش کردنەوەی پاڵەوانێتی زیاتر بۆ تیپەکان زۆر گرنگە و ئەمەش ھۆکارە بۆ ئەوەی ئاستی یاریزانان و یارییەکە بەرز ببێتەوە.

* گرفتی یارییەکانی فوتساڵ بۆ کچان لە چیدا دەبینی؟

-نەبوونی یاریگای پێویست و کەمی گرنگیدان بە یاریزانانی کچ ئەوانە ھەمووی گرفتە بۆ یاری فوتساڵ و بەتایبەتی بۆ کچان.

* لەھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش کراوە؟

-تاکو ئێستا ھیچ گرێبەستێکم بۆ نەھاتووە.

* بۆ داھاتووی خۆت بەنیازی چیت؟

-ئاواتخەوازم لە داھاتوودا ببم بە راھێنەر، لەم رێگایەشەوە خزمەت بە وەرزشکارانی کوردستان و وەرزشی کوردستان بکەم.

* تا چەند لەگەڵ ئەوەی یانەکانی پشت بە راھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟

- بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نیم، چونکە ئێمە ھەم لە رووی راھێنەرەوە، ھەم لە رووی یاریزانانیشەوە خاوەن توانایەکی زۆر باشین، بۆیە پشت ببەستین بە خۆمان باشترە وەکو لە یاریزانانی بیانی.

* لە خێزانەکەت بەتەنیا تۆ وەرزشوانی، یان کەسانی تریش ھەیە کە وەرزشوان بن؟

-ئێمە خانەوادەیەکی وەرزشیین و حەزمان بە وەرزشە و برا گەورەکەشم یاریزانە.

* داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟

-بەھیوای ئەوەم بەرپرسان زیاتر گرنگی بە وەرزشی کچان بدەن و پاڵەوانێتیەکان لە کاتی خۆیدا بکەنەوە بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشی کوردستان لە پێشڤەچووندا بێت و قۆناغی باش ببڕێت.

* چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی ئەفرۆدیت کرد؟

-دوای ئەوەی من لەم یارییە ئاستم باش بوو مامۆستایەکم توانا و ئاستی منی پێ باش بوو بۆیە منی گەیاندە یانەی ئەفرۆدێت، ئێستاش لەم یانەیە درێژە بە کاروانی وەرزشیم دەدەم.

* وەکو یاریزان خەونی وەرزشیت چیە ؟

-نەک ھەر خەونی من، بەڵکو خەونی ھەموو یاریزانێک ئەوەیە کە باشترین یاریزان بێت لەم یارییەی کە ھەڵیبژاردوە و سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.

*لە ھەڵبژاردەی عێراق داواکراوی؟

- بەلێ داواکراوم بە ھیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامی شایستە پێشکەش بکەم، ببمە جێگای متمانەی دەستەی راھێنەران، بڕیاریشە لەم مانگە لە وڵاتی مالیزیا بەشداری خولێک بکەین لەسەر ئاستی ئاسیا.

* ھیواو ئاواتت لەم یارییە؟

-بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە کوردستان و بەدەستھێنانی ئەنجامێکی باش لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە ئاواتی منە.

*بە کام یاریزانی جیھانی سەرسامیت؟

-لە ئاستی کچان بە کچە یاریزانی ئەمریکی کریگیر و لە ئاستی کوڕانیش بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ.


گۆڤاری گوڵان


PM:09:53:26/04/2016




ئه‌م بابه‌ته 4256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌