ئەگەر لە كوردستان ڕاهێنەری ئافرەت هەبــووایە كچە یاریزانەكان ئاسوودەتر دەبوون

ئەگەر لە كوردستان ڕاهێنەری ئافرەت هەبــووایە كچە یاریزانەكان ئاسوودەتر دەبوون



ئومێد ئیبراهیم - هەولێر

تیپی فوتساڵی یانەی ئافرۆدێتی سلێمانی كە یانەیەكی بەشداربووی خولی فوتساڵی كچانی یانە نایابەكانی كوردستانە، یانەكە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابڕدوو بە ئاستێكی بەرزتر دەركەوتووە و توانیویانە خۆیان بگەیەننە یاریی كۆتایی خولەكە، كە لە دوو وەرزی ڕابردوو یانەكە بەم قۆناغە نەگەیشتبوو،

بێگومان گەیشتن بەم ئەنجامەیش لەخۆوە نەبووە و ئاستبەرزی یاریزانانی تیپەكە و بوونی ڕاهێنەرێكی لێهاتوو هۆكاری سەرەكی ئەم ئەنجامەن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەیش (حەلیمە جەلیل)ـە، ئەو لەدایكبووی ساڵی 1995 ـی شارەدێی گۆپاڵەی سەر بە پارێزگەی سلێمانییە و لە ئێستەیشدا جگە لەوەرزش، سەرقاڵی خوێندنە و قوتابی قۆناخی سێیەمی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سلێمانییە، لە دیمانەیەكی (ڕۆژنامەی هەولێر) ـدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئەو كچە یاریزانە كرد و ئەویش وەها وەڵامی داینەوە.

• چۆن و كەی هاتیتە نێو بواری وەرزش؟

- وەرزشكردن خولیایەكی منداڵیم بووە، هەربۆیە لەوكاتەوە وەرزشم كردووە و بەتایبەت لە قۆناخەكانی خوێندنم لە گۆپاڵە، لەسەرەتایشەوە یاریی (فوتساڵ)ـم كردووە و تەنیا ئەم یارییەیش ئەنجام دەدەم.

• كەی وەرزشكردنت لە قوتابخانە بۆ یانە گواستەوە؟

- ساڵی (2012) پێوەندیم بە یانەی ئافرۆدێتی سلێمانییەوە كرد و تا ئێستەیش لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوامم.

• لە ئێستەدا وەرزشی كوردستان چۆن دەبینیت؟

- هەروەك لای هەمووان ئاشكرایە بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەی كوردستانی گرتووەتەوە لە زۆربەی بوارەكان چالاكییەكان پەكیان كەوتووە و ناكرێن، یان ئەگەر بشكرێن بەگوێرەی پێویست نییە، یەكێك لەوانەیش بواری وەرزشە كە بووەتە هۆی ئەوەی هیچ پێشڤەچوونێك بەخۆیەوە نەبینێت.

• دوای (سێ) ساڵ توانیتان لە كچانی یانەی زێرەڤانی ببەنەوە، هەستت چۆن بوو؟

- بێگومان هەستی بردنەوە بۆ هەر یاریزانێك هەستێكی خۆشە، بەتایبەت ئەگەر یانەی ڕكەبەرت یانەیەكی بەهێز بێت، (زێرەڤانی)ـیش تیپێكی بەهێزە و پاڵەوانی دوو وەرزی ڕابڕدووە و بردنەوە لێی چێژێكی تایبەتی هەبوو.

• ئامادەكاریتان بۆ یاریی كۆتایی چۆنە؟

- ئێمە بەقۆناخێكی گرینگ و هەستیار گەیشتووینە، بۆیە دەبێ هێمنانە ڕەفتار لەگەڵ بارودۆخەكە بكەین و ئەم هەلە لەدەست نەدەین، هەر بۆیە ئامادەكارییەكانمان بەشێوەیەكی چڕو زۆرباش بەڕێوەدەچێت و تا ڕاددەیەكی زۆرباش بۆ یاریی كۆتایی ئامادەین.

• كێشەكانتان چین؟

- كێشەمان تەنیا داراییە، ئەمیش بەهۆی دڵسۆزی و خەمخۆری نێوان (دەستەی كارگێڕی و ڕاهێنەر و یاریزانان) توانیومانە بەسەر كێشە و ئاستەنگەكاندا زاڵ بین.

• تا چەند ئاسوودەیت وەك كچە یاریزانیك لەژێر سەرپەرشتی ڕاهێنەرێكی (پیاو) ـدا یاری دەكەیت؟
- ئەگەر لە كوردستان ڕاهێنەری ئافرەت هەبووایە، بێگومان كچە یاریزانەكان ئاسوودەتر دەبوون، لەگەڵ ئەوەیشدا بوونی ڕاهێنەری پیاو ڕێگر نەبووە لە بەرەوپێشچوونمان.

• بارودۆخی وەرزش لە كوردستان چۆن دەبینیت؟

- بەداخەوە وەرزش لە كوردستان لە ئاستێكی باشدا نییە، سەرەڕای هەبوونی كەسانی بەتوانا لەم بوارەدا، هیوادارم لە داهاتوودا زیاتر گرینگیی بە بواری وەرزش بدرێت بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.

• دوا قسەت؟

- زۆر سوپاسی دایك و باوكی ئەزیزم دەكەم كە هاوكار و پاڵپشتی سەرەكیم بوونە، زۆر سوپاسی ڕاهێنەر و یاریزانانی هاوڕێم دەكەم لە یانەی ئافرۆدێت كە بەردەوام هانم دەدەن و سوپاس بۆ ئێوەیش بۆ ئەم دەرفەتە، هیوادارم زیاتر گرینگی بە وەرزشی كچان بدەن.



PM:03:35:24/11/2015




ئه‌م بابه‌ته 2927 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌