بیرمه‌ندانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

یه‌كێتی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ شاری‌ صه‌لاله‌ی‌ ولاَتی‌ عه‌مان پاڵه‌وانێتی‌ شه‌تڕه‌نجى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌نجام ده‌دات و تێیداو له‌ ولاَتی‌ عێراق یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ولاَت له‌و ڕكابه‌رییه‌دا به‌شداری‌ ده‌كات .

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری‌ شه‌تڕه‌نج زانه‌ پێشمه‌رگه‌كان له‌ پاڵه‌وانێتی‌ عه‌ره‌بی‌ دا ئه‌سعه‌د ئیسماعیل  سه‌رپه‌رشتیاری‌ به‌شه‌كه‌ و سه‌رۆكی‌ شاندی‌ تیمی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و پاڵه‌وانێتیه‌دا زانیاری‌ زیاتری‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت دا و ووتی‌ ، تیمه‌كه‌مان وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌نگه‌ بۆ به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ به‌هێزه‌كان و له‌و نێوه‌نده‌شدا به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌چینه‌ نێو ڕكابه‌ری‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ ده‌بینه‌ نوێنه‌ری‌ ولاَتی‌ عێراق ، ئه‌سعه‌د ئیسماعیل ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ به‌ پێنج بیرمه‌ندی‌ پاڵه‌وانه‌وه‌ به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌ ( ئاكار عه‌لی‌ ، زۆزگ سه‌لاَح ، ئاریان عه‌لی‌ ، ئه‌حمه‌د جه‌زا و موعه‌زه‌ز زه‌هرا ) .

ئیسماعیل كه‌ سه‌رۆك شاندی‌ تیمه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌و پاڵه‌وانێتیه‌دا ووتی‌ ، یارییه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ به‌رواری‌ 3 ی‌ مانگی‌ 10 بۆ 10 ی‌ هه‌مان مانگ ده‌خایه‌نێت و ڕكابه‌رییه‌كانی‌ به‌ شێوه‌ی‌ سویسری‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن .

سه‌رپه‌رشتیاری‌ به‌شی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ سوپاسی‌ تایبه‌تی‌ بۆردی‌ وه‌رزشی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و خاتوو ئاره‌زوو مه‌حمودی‌ ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقى كرد كه‌ پاڵپشت و هاوكار بوون بۆ به‌شداری‌ تیمی‌ شه‌تڕه‌نجی‌ یانه‌كه‌یان له‌ پاڵه‌وانێتی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ دا و هیواشی‌ خواست له‌و پاڵه‌وانێتیه‌دا به‌ ئه‌نجام و ده‌ست كه‌وته‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ .


PM:08:35:30/09/2024




ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌