هه‌واڵێكی ناخۆش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رده‌وام سترێسن



ته‌ندروستی‌ - 

پزیشكان و توێژه‌ره‌وه‌كان به‌رده‌وام ڕێنمای هاوڵاتیان ده‌كه‌ن دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ سترێس و دڵه‌ڕاوكێ، چونكه‌ ته‌ندروستی ده‌رونی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستی جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ ده‌بێت و هۆكاره‌ بۆ توشبوون به‌ چه‌ندین نه‌خۆشی درێژخایه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پیری پێش ده‌خات.

به‌گوێره‌ی‌ بابه‌تێك گۆڤاری"واشنتن پۆست" ی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردۆته‌وه‌ تیایدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ سترێس هۆكاری زیادبوونی نیشانه‌كانی هه‌وكردنی خوێنه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر مێشك ده‌بێت به‌هۆی به‌رز بوونه‌وه‌ی‌ ئاستی كۆرتیزۆل له‌گه‌ڵ زیادبوونی ڕێژه‌ی‌ سترێس.

دكتۆر كریستۆڤه‌ر میله‌ر پزیشكی ده‌رونی له‌ زانكۆی ماریلاند له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڤاری واشنتن پۆسا باسی له‌وه‌ كردوه‌ دۆخی ده‌رون و مه‌زاجی مرۆڤ هۆكاری ڕه‌شبینی و چێژ نه‌بینینه‌ له‌ خۆشییه‌كانی ژیان،ده‌كرێت به‌ سێ هه‌نگاو مرۆڤ خۆی له‌ دڵه‌ڕاوكێ بپارێزێت له‌وانه‌ش" وه‌رزشكردن و یۆگا و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بیركردنه‌وه‌" ئه‌مه‌ په‌ستان له‌سه‌ر مێشك و ده‌روون كه‌مده‌كاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاپۆرتێكی پێگه‌ی‌"مایۆ كلینیك" دڵه‌ڕاوكێ و سترێس به‌شێوه‌یه‌كی كاتی په‌ستانی خوێن به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ش زیان به‌ ملوله‌كانی خوێن و دڵ و گورچیله‌ ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌رده‌وام سترێسن جگه‌ره‌ ده‌كێشن و مه‌ی‌ ده‌خۆنه‌وه‌ و زیاده‌ ڕه‌وی له‌ خواردنی خۆراكدا ده‌كه‌ن.

دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و گوێنه‌گرتن له‌ هه‌واڵی نه‌رێنی و ناخۆش و ورد بوونه‌وه‌ له‌ زانیاری ئه‌رێنی به‌سوود و تاقیكردنه‌وه‌ی‌ ڕێگای نوێ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ڕۆتین باشترین هه‌نگاوه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ سترێسن.



PM:03:24:16/09/2024




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌