به‌ هاوكاری‌ به‌شی‌ وه‌رزشی‌ نوسینگه‌ی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ جامی‌ تۆپی‌ پێی‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

بەهاوکاری بەشی وەرزشی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی‌ وه‌رزشی‌ شاره‌كه‌دا  ، جامی‌ تۆپی‌ پێی‌ سلێمانی‌ به‌ به‌شداری‌ یانه‌ی‌ ( فورسان هیسپانیای ئیماراتی ) به‌ڕێوه‌ ده‌چێت .

سه‌باره‌ت به‌و چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌ كه‌ بۆ دووه‌م وه‌رزه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كاروان شێخ زیره‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ وه‌رزشی‌ سلێمانی‌ تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ووتی‌ ، بۆ دووه‌م وه‌رزی‌ له‌سه‌ر یه‌كه‌ ئه‌م چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ نوسینگه‌ی‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی‌ هاوكاره‌ .

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ بۆ مێژووی‌ وه‌رزشی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئەستێرەیەکی تۆپی پێی ئیسپانیا و ڕیال مەدرید ده‌بێته‌ میوان و بەشداری جامی تۆپی پێی سلێمانی دەکات .

‎ووتیشی‌ ئه‌م چالاكییه‌ ناوەندی وەرزشی کوردستان بۆ ساڵی دووەمه‌ ڕێكی‌ ده‌خات و ئەمجارەیان جامەکە بەنێودەوڵەتی دەکرێت ، بەشێوەیەک یانەی (فورسان هیسپانیای ئیماراتی) کەخاوەنەکەی (میشێل سەلگادۆی) ئەستێرەی پێشوی ئیسپانیاو ڕیال مەدریدە بەشداری جامەکە دەکەن و ڕوبەڕوی یانەکانی (پێشمەرگەی سلێمانی و گازی باکوری شاری کەرکوک و یانەی ئیتیسالاتی بەغداد) دەبنه‌وه‌ .

‎دواجار كاروان زیره‌ك ووتی‌ ، بەخۆشحاڵییەوە وەك بەڕێوەبەرێتی‌ وەرزشی سلێمانی، ئامادەیی سەرجەم لایەنە وەرزشیەکان دووپاتدەکەینەوەو بەتەواوی بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییە دەست بەکاردەبین و بەهەنگاوێکی باشی دەزانین بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی (گەشتیاری وەرزشی) کەئامانجامانە لەڕێگەی وەرزشەوە پەرە بە کەرتی گه‌شتیاری‌ بدرێت .

‎جێی باسە ڕۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو به‌رواری‌ 12 ی‌ ئه‌یلولی‌ 2024 تیمەکەی‌ یانەی (فورسان هیسپانیای ئیماراتی )و (میشێل سەلگادۆ ) لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە دەگەنە شاری سلێمانی و ئێوارەی‌ هه‌مان ڕِۆژ کۆنگرەیه‌كی‌ ڕۆژنامەوانی بۆ ئه‌و پرسه‌ بەڕێوەدەچێت .




PM:08:03:09/09/2024




ئه‌م بابه‌ته 1468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌