كچانی‌ ده‌ربه‌ندیخان نوێنه‌رایه‌تی‌ عێراق ده‌كه‌ن


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ پاڵه‌وانێتی‌ باله‌ی‌ كه‌نار ده‌ریایی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌نجام ده‌دات و دوو كیژه‌ یاریزانی‌ ده‌ربه‌ندیخان نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێَراق ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ .

ڕێبوار نوری‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ باله‌ی‌ عێراق هاوكات سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ هونه‌ری‌ و كارگێڕی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق بۆ ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ووتی‌ ، ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ كچانی‌ پێشكه‌وتوان ده‌بێت و شاری‌ حه‌مامات له‌ ولاَتی‌ تونس میوانداری‌ ده‌كات .

ڕێبوار ئه‌وه‌شی‌ وت كه‌ یارییه‌كانی‌ له‌ به‌رواری‌ 4 تا 10 ی‌ ئه‌یلولی‌ 2024 ده‌خایه‌نێت و وه‌ك هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق -یش به‌ پێكهاته‌ی‌ دوو كیژه‌ ئاست به‌رز به‌شداریمان كردووه‌ كه‌ پێك دێن له‌ هه‌ردوو یاریزانان ( دییه‌ وه‌لی‌ و به‌هره‌ حامد ) ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ پێش گه‌شته‌كه‌مان هه‌ردوو یاریزان له‌ شارۆچكه‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی‌ دلێر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی‌ ڕاهێنه‌ری‌ هه‌ڵَبژارده‌كه‌ كه‌مپێكی‌ مه‌شقیان ئه‌نجام داوه‌ و پاشان له‌ شاری‌ به‌غداد دوو یاری‌ دۆستانه‌یان بۆ ڕێك خراوه‌ .

جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق ووتیشی‌ د ، حه‌بیب عه‌لی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ باله‌ی‌ عێراق سه‌رۆك شاندی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق ده‌بێت و به‌نده‌ش وه‌ك سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ هونه‌ری‌ و كارگێڕی‌ هاوشاندیان ده‌بم و بۆ ئه‌نجام و ده‌ست كه‌وتیش به‌شداری‌ له‌و كێبڕكێیه‌دا ده‌كه‌ین .



PM:09:28:03/09/2024




ئه‌م بابه‌ته 2128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌