دوو مه‌راسمی‌ ڕێزلێنان بۆ به‌همه‌ن محه‌مه‌د- ی‌ پاڵه‌وانی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕێكخرا


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

له‌ پای‌ ئه‌و ده‌ست كه‌وت و سه‌ركه‌وتنانه‌ی‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كانی‌ عێراق و جیهان به‌ده‌ستی‌ هێنا ، لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ سلێمانی‌ و یه‌كێتی‌ موایتایی‌ سه‌ر به‌و لیژنه‌یه‌ دوو مه‌راسیمی‌ ڕێزلێنانی‌ بۆ به‌همه‌ن محه‌مه‌دی‌ پاڵه‌وانی‌ ئه‌و یارییه‌ی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕێك خست .

له‌ نێو باره‌گه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ سلێمانی‌ و به‌ ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆكی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ لیژنه‌كه‌ و سكرتێر و ئه‌ندامانی‌ و سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ موایتایی‌ سلێمانی‌ دوو مه‌راسیمی‌ ڕێزلێنان بۆ به‌همه‌ن محه‌مه‌د - ی‌ یاریزانی‌ موایتایی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ و یاریزانی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق ڕێكخرا .

سه‌ره‌تا د ، دیار محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ پیرۆزبایی‌ له‌ به‌همه‌ن محه‌مه‌د - ی‌ پاڵه‌وان كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ سالاَنی‌ 2023 و 2024 دا چه‌ندین ئه‌نجام و ده‌ست كه‌وتی‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌ و یانه‌كه‌ی‌ ، یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ یانه‌یه‌كی‌ دیاری‌ ولاَته‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ ، هه‌روه‌ك ستایشی‌ هه‌وڵه‌ بێوچانه‌كانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ و ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ كرد كه‌ سه‌رجه‌م وه‌رزشكاران به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ و هیچ یاریه‌كیان فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ و پشكی‌ شێریان به‌ سه‌رجه‌م یارییه‌ جۆراو جۆره‌كان داوه‌ هه‌ربۆیه‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ به‌ یه‌كێك له‌ ناوه‌ گه‌شاوه‌كان له‌ وه‌رزشی‌ عێراق له‌ قه‌ڵه‌مدا .

پاشان قه‌ڵغانی‌ ڕێزلێنانی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ و بڕوانامه‌ی‌ ڕێزلێنانی‌ یه‌كێتی‌ موایتایی‌ سلێمانی‌ به‌خشرایه‌ به‌همه‌ن محه‌مه‌د ی‌ پاڵه‌وان و له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و یاریزانه‌ سوپاسی‌ كردن بۆ ئه‌و به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یه‌ و هه‌روه‌ك سوپاسی‌ یانه‌كه‌شی‌ كرد كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشت و هاوكاریان بوون .

جێگه‌ی‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ له‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2023 و له‌ ولاَتی‌ ئیمارات به‌همه‌ن محه‌مه‌د توانی‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ پڕۆفیشناڵ پله‌ی‌ یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وه‌ش له‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ ڕكابه‌ره‌ لوبنانێكه‌ی‌ برده‌وه‌ و هه‌روه‌ك له‌ هه‌مان مانگ و له‌ ساڵی‌ 2024 دا و له‌ شاری‌ به‌سره‌ و به‌ ئاماده‌بوونی‌ هه‌زاران هانده‌ر و هه‌واداری‌ ئه‌و یاریه‌ به‌همه‌ن پله‌ی‌ یه‌كه‌م و میدالیایی‌ ئاڵتونی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق له‌ مل كراو له‌ هه‌مان ساڵ دا و له‌ مانگی‌ حوزه‌یران دا و له‌ شاری‌ پاتراس ی‌ ولاَتی‌ یۆنانه‌وه‌ پله‌ی‌ چواره‌می‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان له‌ یارییه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ست هێنا .


PM:11:03:28/08/2024




ئه‌م بابه‌ته 2856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌