سه‌رۆكی‌ یانه‌ قه‌ڵغانی‌ ڕێزلێنان ده‌به‌خشێته‌ پێشمه‌رگه‌ ماندوو نه‌ناسه‌كه‌یان


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌رز ڕاگرتنی‌ ناوی‌ یانه‌كه‌یان شه‌ونخونی‌ و ماندوو نه‌ناسانه‌ كاره‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و یه‌كێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ش وسام محه‌مه‌د بازگی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ گشتی‌ تیمه‌كانی‌ تۆپی‌ پێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ .

وسام محه‌مه‌د له‌ دایك بووی‌ ساڵی‌ 1979 یه‌و ته‌مه‌نی‌ وه‌رزشی‌ و یاریكردنی‌ له‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێكردووه‌ و له‌پاش وازهێنانیشی‌ وه‌ك یاریزانێكی‌ گۆڵپارێزی‌ تیمی‌ پێشكه‌وتوانی‌ یانه‌كه‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ متمانه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ گشتی‌ تیمه‌كانی‌ تۆپی‌ پێی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پێبه‌خشی‌ و له‌ پلانه‌كانی‌ ئه‌و ماندوو نه‌ناسه‌شدا سه‌ركه‌وتنی‌ تیمه‌كانی‌ یانه‌كه‌یان بوو له‌ خوله‌كانی‌ عێراق و توانی‌ له‌گه‌ڵ هاوكارانی‌ و ده‌سته‌ی‌ ڕاهێنه‌رانی‌ به‌ ئامانج و خه‌ونه‌كانی‌ بگات .

ئه‌مه‌و له‌ پای‌ ئه‌و دڵسۆزی‌ و وه‌فا به‌رده‌وامانه‌ی‌ ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ چوار شه‌ممه‌ 7 ی‌ ئابی‌ 2024 و له‌ نێو باره‌گه‌ی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا سه‌رۆكی‌ یانه‌ قه‌ڵغانی‌ وه‌فا و ماندوو بوون و ڕێزلێنانی‌ به‌خشییه‌ وسام محه‌مه‌د ی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ به‌شی‌ تۆپی‌ پێی‌ یانه‌كه‌یان و هه‌روه‌ك له‌ وته‌یه‌كدا سه‌رۆكی‌ یانه‌ پیرۆزبایی‌ له‌ وسام و ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ كرد كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا توانیان دوو نازناوی‌ گرنگی‌ عێراق له‌ خوله‌كانی‌ بێچوه‌ شێران و لاواندا بۆ شاره‌كه‌یان و كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ووتیشی‌ پێشمه‌رگه‌ ناوێكی‌ پرشنگداره‌ له‌ وه‌رزشی‌ عێراقدا و ئێوه‌ن وه‌ك سه‌ربازی‌ كوردستان هه‌وڵی‌ بۆ ده‌ده‌ن .

لای‌ خۆشیه‌وه‌ حاكم مه‌حمود ئه‌حمه‌د موراد جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ سوپاسی‌ وسامی‌ كرد كه‌ توانیویه‌تی‌ خه‌ونه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بكاته‌ ڕاستی‌ و له‌ خوله‌ به‌هێزه‌كانی‌ عێراقدا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ نازناوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌روه‌ك جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ ووتیشی‌ ڕۆڵی‌ ڕاهێنه‌ران و ستافی‌ تۆپی‌ پێی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ش به‌رز ده‌نرخێنین كه‌ یه‌ك ده‌ست كاریان بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كان كردووه‌ .

له‌ كۆتایشدا وسام محه‌مه‌د بازگ ووتی‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌م قه‌ڵغانه‌ بۆ من مایه‌ی‌ هاندانی‌ زیاترمه‌ و یانه‌كه‌م به‌ ماڵی‌ یه‌كه‌مم ده‌زانم و بۆ وه‌رزی‌ نوێش پشت به‌ خوای‌ گه‌وره‌ و میهره‌بان كاری‌ باشتر و پلانی‌ جیاوازمان ده‌بێت بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كان .


PM:04:55:07/08/2024




ئه‌م بابه‌ته 2748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌