بێچوه‌ شێره‌ پێشمه‌رگه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ یانه‌وه‌ پێشوازی‌ كران و پیرۆزبایی‌ ئاراسته‌ كردن


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

دوای‌ به‌ده‌ست هێنانی‌ نازناوی‌ خولی‌ تۆپی‌ پێی‌ بێچوه‌ شێرانی‌ یانه‌كانی‌ عێراق له‌ شاری‌ به‌غداده‌وه‌ ، تیمی‌ بێچوه‌ شێره‌ پێشمه‌رگه‌كان گه‌یشتنه‌وه‌ شاری‌ سلێمانی‌ و له‌ نێو باره‌گه‌ی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا سه‌رۆكی‌ یانه‌ و حاكم مه‌حمود ئه‌حمه‌د موراد جێگری‌ سه‌رۆك و سكرتێر و ته‌واوی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ پیێشوازی‌ كران .

له‌و پێشوازیه‌دا كه‌ خانه‌واده‌ و كه‌س و كاری‌ یاریزانه‌ پاڵه‌وانه‌كان ئاماده‌ی‌ بوون قه‌ڵغانی‌ ئاڵتونی‌ ئه‌و خوله‌ به‌هێزه‌ پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ كراو له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێزیان پیرۆزبایی‌ له‌ ماڵبات و كه‌س و كار و دایه‌ و بابه‌ی‌ یاریزانه‌كانیان كردوو ووتیشی‌ ئه‌م ئه‌نجام و ده‌ست كه‌وته‌مان هاندان و پاڵپشتی‌ خانه‌واده‌كان بووه‌ كه‌ ڕۆڵه‌كانیان ناردووه‌ بۆ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان و عێراق و خۆشیان وه‌ك پاڵپشتی‌ بۆ یانه‌كه‌مان و ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان هاوشاندیان بوون و هانی‌ ڕۆڵه‌كانیان داوه‌ و ناوی‌ پێشمه‌رگه‌یان به‌ ده‌نگی‌ به‌رز وتۆته‌وه‌ .

سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ووتیشی‌ ئه‌م جه‌نگه‌ی‌ كه‌ بردمانه‌وه‌ و قه‌ڵغانه‌كه‌یمان هێنایه‌وه‌ به‌ هه‌وڵی‌ هه‌مووان بووه‌ هه‌ربۆیه‌ ده‌ستی‌ ماندووبونتان ده‌گوشم و له‌ ناخی‌ دڵه‌وه‌ پیرۆزبایتان لێده‌كه‌م و هیواخوازیشم هه‌میشه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هانی‌ تیمه‌كه‌تان و یانه‌كه‌تان بده‌ن بۆ ئه‌نجامی‌ شایسته‌ و به‌رچاو .

دواتر خانه‌واده‌ی‌ یاریزانانی‌ تیمه‌كه‌ی‌ بێچوه‌ شێرانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پاڵه‌وانی‌ عێراق پیرۆزباییان له‌ یانه‌كه‌یان و خۆشیان كردوو دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌رگریكاری‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ و یانه‌كه‌یان ده‌بن یه‌ك ده‌ست هه‌واڵی‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ بۆ ئاسته‌كانی‌ دیكه‌ش ده‌ده‌ن .

پاشان حاكم مه‌حمود ئه‌حمه‌د موراد جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ و ده‌ست كه‌وته‌ به‌رز ده‌نرخێنن و ووتیشی‌ كه‌ له‌ داهاتوودا مه‌راسیمێكی‌ شایسته‌ به‌و ئه‌نجامه‌ و نازناوه‌ بۆ تیمه‌كه‌ی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ نێو ئه‌م هۆڵه‌دا به‌ ئاماده‌بوونی‌ ماڵبات و خانه‌واده‌ی‌ یاریزانان و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی‌ وه‌رزشی‌ و حكومی‌ ڕێك ده‌خه‌ین و خه‌لاَتی‌ تایبه‌تیان ده‌كه‌ین .



PM:06:47:09/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 1088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌