‌توێژینه‌وه‌یه‌ك: له‌به‌ر ته‌ندروستیتان ڕۆژانه‌ به‌سه‌ر قادرمه‌دا بڕۆن



ته‌ندروستی‌ - 

ئاشكرایه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر قادرمه‌دا ڕێگایه‌كه‌ بۆ باشكردنی توانای جه‌سته‌ی‌ له‌ڕێی سوتاندنی كالۆری و به‌هێزكردنی ماسولكه‌كان، به‌ڵام ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ئاشكرای كردوه‌ ئه‌م ڕاهێنانه‌ سادده‌یه‌ سوودی هه‌یه‌ بۆ درێژكردنی ته‌مه‌نیش.

توێژینه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر زیاتر له‌ 500 هه‌زار كه‌س ئه‌نجامدراوه‌ تیایدا په‌یوه‌ندی نێوان سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر قادرمه‌ و ئه‌گه‌ری مردن به‌ هه‌ر هۆكارێك خراوه‌ته‌ ڕوو، ئه‌نجامه‌كان ئاشكرای كردوه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر قادرمه‌ مه‌ترسی توشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و ملوله‌كانی خوێن و جه‌ڵته‌ی‌ دڵ و مێشك كه‌مده‌كاته‌وه‌.

توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئه‌وروپی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ له‌ كۆتا ڕۆژه‌كانی مانگی 4 ی ئه‌مساڵ باسكراوه‌، له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا په‌یوه‌ندی نێوان سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر قادرمه‌ وه‌ك جۆرێك چالاكی جه‌سته‌ی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراوه‌.

نوسه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ سۆفی بادۆك پزیشك له‌ زانكۆی ئێست ئه‌نجلیا و نۆرفۆلۆك و زانكۆی نۆرۆیتش ده‌ڵێت" كه‌می چالاكی جه‌سته‌ی‌ زۆرجار په‌یوه‌ست ده‌كرێته‌وه‌ به‌ توشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و ملوله‌كانی خوێن، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ڕێنمایی هاوڵاتیان ده‌كه‌ین چالاكی جه‌سته‌ییان زیاد بكه‌ن، له‌ توێژینه‌وه‌كه‌شدا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا بووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ چالاكی جه‌سته‌ییان هه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ قادرمه‌ بۆ هاتوچۆ به‌كارده‌هێنن %24 مه‌ترسی مردنیان به‌ نه‌خۆشی كه‌م ده‌بێته‌وه‌ به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قادرمه‌ به‌كارناهێنن"

به‌كارهێنانی قادرمه‌ ئه‌گه‌ری مردن به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و ملوله‌كانی خوێن و به‌رزی په‌ستانی خوێن و جه‌ڵده‌ی‌ مێشك و نه‌خۆشی دڵ كه‌مده‌كاته‌وه‌ له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌م نه‌خۆشیانه‌ هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ مردن له‌ جیهاندا.


PM:09:04:26/06/2024




ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌