رێكخراوی میتان یەكەم خولی میدیای وەرزشی لە سۆران كردەوە




پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - 

كازم محەمەد - سۆران

ڕۆژی‌ چوارشەممە رێكەوتی 16-8-2023 لەئیدارەی سەربەخۆی  سۆران بەئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی و حزبی و بەشداربوویەكی زۆر، یەكەم خولی میدیای وەرزشی لە رێگەی رێكخراوی میتان بۆ پەرپێدانی میدیای وەرزشی لە هۆڵی ناوەندی وەرزش و لاوان كرایەوە.

سەرەتا قائیمقامی قەزای سۆران باسی لە رۆڵی میدیای و گرنگی میدیای وەرزشی كرد، پاشان بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی سۆران و كۆمەڵێك گەنجی دەڤەری سۆران لە هەردوو رەگەزەكە بۆ بەشداریكردن لەم خولەدا ئامادەبوون و ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیش بوو رێژەیەكی زۆر لە بەشداربووان لە خانمان بوون.

دواتر یەكەم وانەی خولەكە لەلایەن میدیاكاری وەرزشی زاگرۆس نانەكەلی پێشكەشكرا لەسەر (پێناسە و جۆر وبەشەكانی میدیای وەرزشی) و دواتر میدیاكاری وەرزشی سەنگەر زرار وانەی دووەمی خولەكەی بەناونیشانی (تایبەتمەندی لە میدیای وەرزشیدا) پێشكەشكرد.

جێگای ئاماژەپێكردنە خولەكە كە یەكەم خول و چالاكی رێكخراوی میتان بوو، هەروەها یه‌كه‌م خولی میدیای وەرزشیش بوو لە دەڤەرەكەدا رێكبخرێت، لەگەڵ قوڵًبوونەوەی بەشداربووان، پرسیار و دید و بۆچوونی گرنگی تێدا ئالوگۆڕكرا. 

ماوەتەوە بڵێین خولەكە لە لایەن رێكخراوی میتان بۆ پەرپێدانی میدیای وەرزشی كە رێكخراوێكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانە بە هاوكاری لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوەندی وەرزش و لاوانی سۆران بەرێوەدەچێت.


PM:05:05:16/08/2023




ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌