هۆكار و چاره‌سه‌ری وشکیی چاو


ته‌ندروستی‌ - 

کاتێک چاو بەپێی پێویست فرمێسک دروستناکات، تووشی خوران و وشکبوونەوە دەبێت، وشكبوونه‌وه‌ی‌ چاو چییه‌ و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟ دکتۆر ئەبوبکر پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو له‌م بابه‌ته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

دکتۆر ئەبوبکر ده‌ڵێت" ئەو حاڵەتانەی وشکیی چاویان هەبووە هەستیان بە خوران، سووتانەوە، هەستیاری بە رووناکی و تیشکی خۆر و سووربوونەوە کردووە، تەنانەت بەشێکی تووشبووانیش ئەوانەن کە هاوێنەی دەستکردی جوانیی بەکاردەهێنن. "

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ر ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" قەترەی فرمێسکە دەستکردەکان ئاساییە بەبێ راوێژی پزیشک بەکاربهێندرێن، بەڵام لەکاتی بەکارهێنانی قەترەی دژە بەکتریاکان و دەرمانە ستیرۆیدییەکان، پێویستە راوێژ بە پزیشک بکرێت."

تووشبوون بە هەستیاری، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر وشکبوونی چاو دەبێت، چونکە هەستیاری دەردانی فرمێسک کەمدەکات و 'زۆر خواردنەوەی ئاو، خواردنی سەوزە و میوەکان، هەروەها بایەخدان بە خواردنی ماسی' دەکرێت رێگەی کاریگەربن بۆ کەمکردنەوەی وشکبوونەوەی چاو.

بەڵام نابێت راستەوخۆ هەوای فێنککەرەوەکان لە چاو بدات و لەکاتی بەکارهێنانی شاشەی ئامێرەکان، پێویستە کەمێک لەخوار چاوەوە بێت بۆ ئەوەی چاو بە نیمچە کراوەیی بمێنێتەوە و ئەگەری وشکبوونەوە کەمببێتەوە.

هەروەها دەشتواندرێت چاویلکەی دژەخۆر بەکاربهێندرێت بۆ پێشگیریکردن لە وشکبوونەوەی چاو، چونکە کەسەکە هەوا و تیشکی زیانبەخشی خۆر کەمتر لە چاوی دەدات.



PM:03:32:27/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌