خانمانی‌ عێراق كه‌مپه‌ مه‌شقییه‌كه‌یان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و له‌ نێو هۆڵی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ست پێكرد




پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ باله‌ی یارییه‌كانی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ، هه‌ڵبژارده‌ی‌ خانمانی‌ باله‌ی‌ عێراق له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و له‌ نێو هۆڵی‌ داخراوی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌مپه‌ مه‌شقیییه‌كه‌یان ده‌ست پێكرد .

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كاری‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌یان كابتن ڕاندی‌ مه‌تا یاریده‌ده‌ری‌ ڕاهێنه‌ری‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرتی‌ ڕاگه‌یاند كه‌ دوایی‌ كۆتاهاتنی‌ كه‌مپه‌كه‌یان له‌ شاری‌ هه‌ولێر و ئاماده‌كاریان بڕیار بووه‌ ، هه‌ڵبژارده‌ی‌ خانمانی‌ عێراق به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ باله‌ی‌ خانمانی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌ بكات كه‌ له‌ مانگی‌ 6 ی‌ 2023 له‌ ولاَتی‌ كوێت به‌ڕێوه‌ ده‌چوو ، به‌لاَم له‌ دوا كۆبونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ بڕیار دراوه‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ بۆمانگی‌ 11 ی‌ 2023 دوابخرێت و هه‌روه‌ك بڕیار دراوه‌ له‌ به‌رواری‌ 5 تا 17 ی‌ مانگی‌ 7 ی‌ 2023 و له‌ ولاَتی‌ جه‌زائیر یارییه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ یارییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌سه‌رجه‌م یارییه‌ جۆراو جۆره‌كان ئه‌نجام بدرێت و هه‌ڵبژارده‌ی‌ باله‌ی‌ خانمانی‌ عێراقیش یه‌كێك ده‌بێت له‌ به‌شدارانی‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ به‌هێزه‌ .

مه‌تا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ كه‌مپه‌كه‌یان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ درێژ كردۆته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 20 ڕۆژ و دواتر بڕیاره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ولاَت كه‌مپی‌ دیكه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ ئه‌نجام بده‌ن تا ئاماده‌ی‌ یارییه‌كانی‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌بن .

دواجار ڕاندی‌ ووتی‌ ، تیمی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق خۆی‌ له‌ 14 بۆ 15 یاریزان ده‌بینێته‌وه‌ و به‌سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌سته‌ی‌ ڕاهێنه‌ران و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چڕ و له‌ دوو كاتی‌ جیاواز و له‌ نێو هۆڵی‌ داخراوی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ یانه‌كه‌ بۆیان دابین كردوین مه‌شقه‌كانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین .



PM:10:13:11/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 1192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌