یادگار به‌ گرێبه‌ستێكی نوێ ئاماده‌یه‌ بۆ خولی نایابی یانه‌كانی پۆڵەندا

 
پێشمه‌رگه‌ سپۆرت  - سان سه‌نگه‌ر

یادگار رۆستەمی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كورد و كوڕی شاری مه‌ریوان-ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یانه‌ی پۆگۆن شچێچین به‌شدار له‌ خولی نایابی تۆپی پیی یانه‌كانی پۆڵه‌ندا تا هاوینی ساڵی 2026 نوێكرده‌وه‌.

یادگار ڕۆستەمی یاریزانی لاوی كوردی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن ٢٣ ساڵ ئه‌مڕۆ 13-3-2023 بڕیاریدا بۆ ماوەیەکی زیاتر لەگەڵ پۆگۆن شچێچین بمێنێتەوە، ئه‌مه‌ش پاش درێژكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی تا رۆژی 30-6-2026. 

ئه‌مڕۆ دووشەممە یانەی پۆگۆن دووپاتیکردەوە کە گرێبەستی یادگار ڕۆستەمی-یان تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ درێژکردووەتەوە و یادگار لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ هاتە پۆگۆن هەرچەندە چەند مانگێک پێشتر بۆ پشکنین لە شاری شچێچین بوو، هاتنه‌كه‌ی بە خواستن بوو لە ئەکادیمیای كیا-KIAی ئێرانی، لەسەرەتادا یاریزانی تیپی دووه‌م/ سێبه‌ر بووە و پێگەی خۆی لە پێکهاتەکەدا بنیات ناوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک بە بەردەوامی لەگەڵ تیپی یەکەم مەشقی کردووە.

به‌ڕێوه‌به‌رانی یانه‌كه‌ ده‌ڵێن یادگاری ته‌مه‌ن 19 ساڵ توانا و کارامەیی هەیە و بە دڵنیاییەوە دەتوانێت وابکات لە تۆپی پێی پۆڵەندا جیاواز بێت و لە سه‌ره‌تای وه‌رزی پاییزی ساڵی 2022ی رابردوودا لە تیپی دووه‌م/ سێبه‌ری یانه‌كه‌ له‌ خولی پله‌ سێدا یاری بۆ یانه‌ی پۆگۆن کرد (١٠ یاری، ٣ گۆڵ)، لە کۆتایی وه‌رزی پاییزدا پەیوەندی بە تیپی لاوانی یانه‌كەوە کرد و توانی لە 6 یاریدا 10 گۆڵ تۆماربكات و یارمەتی تیپەکەیدا لە ناوچەی سووری دابەزین دەربازی ببێت، هه‌روه‌ها لە زستاندا لەگەڵ تیپی یەکەمی پۆگۆن چووه‌ تورکیا و ئاماده‌كاری ته‌واوی له‌گه‌ڵ تیپی یه‌كه‌مدا كرد تا له‌ خولی نایاب به‌شداری بكات، ئه‌وه‌بوو دوو جار لە پێکهاتەی یارییەکاندا خۆی بینییه‌وه‌، بەڵام ده‌رفه‌تی یاریكردنی پێنه‌درا. .

شایه‌نی باسه‌ یادگار واحید رۆستەمی رۆژی 2-1-2004 له‌ شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌ و باڵای 181 سانتیمه‌تره‌.



PM:10:22:14/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌