‌رێنمایی دەرونی بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی خەمۆکیان هەیە


ته‌ندروستی‌ - 

خه‌مۆكی یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌ بڵاوه‌كان، به‌ گوێره‌ی‌ قۆناغی نه‌خۆشییه‌كه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌گۆڕێت، دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشكی نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كان له‌م بابه‌ته‌دا رێنمایی دەرونی تایبه‌ت ده‌داته‌ ئەو کەسانەی نەخۆشی خەمۆکیان هەیە.

دكتۆر جه‌عفه‌ر ده‌ڵێت"ئەم رێنماییانە بۆ ئەو کەسانەیە کە نەخۆشی خەمۆکیان هەیە، بەشێکی زۆر لە نەخۆشەکان تەنها بە گوێرایەلی و جێبەجێکردنی ئەم رێنماییانە چاکدەبنەوە یاخود لە پاڵ دەرمان و چارەسەری دەرونی هاوکاریان دەکات بۆ چاک بوونەوە."

1- هەرکات هەستتکردن نەخۆشی خەمۆکیت هەیە ئەوە راستەوخۆ سەردانی پزیشکی دەرونی بکە و داوای هاوکاری لێبکە.

2- ئەگەر پزیشکی دەرونی دەرمان یاخود چارەسەری دەرونی بۆ داناویت ئەوە پەیوەستبە پێیانەوە و وازیانلێمەهێنە بە بێ راوێژکردن بە پزیشکەکەت

3- وەرزشکردن: دەبێتە هۆی دەردانی دەمارەخانەکان کە بەهۆی خەمۆکییەوە دەردانیان کەمبۆتەوە، هەروەها هاوکارە بۆ دروستبوونی پەیوەستی نوێی نێوان دەمارەخانەکان. پێویستە بۆ ماوەی ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک رۆژانە وەرزش بکرێت. وەرزشیش هەر شتێکە کە ببێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و خێرابوننی هەناسەدان. دەتوانیت تەنها بە رێکردن و پیاسەکردن ئەنجامی بدەیت.

4- خەو و خواردنی باش: راستە تێکچوونی خەو و خواردن نیشانەی خەمۆکین و بەشێکن لە نەخۆشییەکە، بەڵام بە ئەنجامدانی خەوێکی تەندروست بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خوێکی دروست و خواردنی باش و وزەبەخش دەتوانرێت بەسەر ئەو دوو نیشانەیەدا زالببین و کەمیان بکەینەوە. زۆرجار بێخەوی هۆکاری دڵتەنگییەکانمانە.

5- پشتیوانی کۆمەڵایەتی: پێویستە کەسی توشبوو داوای یارمەتی بکات لە چواردەورەکەی لە کاتی پێویستدا. پشتگیری چواردەوەی نەخۆش بۆ نەخۆشەکە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر چاکبوونەوە.

6- گەران و گەشت: بینینی سروشتی چواردەور و تێکەڵبوون بە خۆشەویستان کارێکی پێویستە بۆ نەخۆشانی توشبوو بە خەمۆکی. پێویستە کەسی توشبوو تێکەڵ بە خەلکی ببێت و گۆشەگیرنەبێت.

7- کەمکردنەوەی فشارەکان: پێویستە نەخۆش خۆی بەدور بگڕیت لە فشاری دەروونی و کەمیان بکاتەوە، بۆنمونە ئەگەر کێشەیەکی تایبەتی لەگەل هاوسەری هەبوو راستەوخۆ چارەسەری بکات نەک دوای بخات و لە دەرونیدا بەردەوام بیری لێبکاتەوە.
8- ئەنجامدانی میکانیزمەکانی خۆخاوکرنەوە، وەکو هەناسەدانی قول یاخود خاوکردنەوەی ماسولکەکانی لاشە.



PM:02:29:01/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌