وەرزشی ته‌ندروست چییە و چی پێویسته‌؟



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - 

وه‌رزش چالاکیەکی چەند جارەی وەک یەکی مەبەستدارە کە لێدانی دڵ خێرا و هەناسە سوار دەکات، کاری ناوماڵ یان کاری ڕۆژانە تەنها چاڵاکی یە  نەک وەرزش، بە وەرزش دا ناندرێت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر خاڵس پزیشکی شارەزای نەخۆشییەکانی هەناو ورده‌كاری وه‌رزشی ته‌ندروست ده‌خاته‌ ڕوو.

وەرزشی ته‌ندروست چی پێویستە؟ 
پێش ئەنجامدانی وەرزش، پێوویستە:
-جەستە تێر ئاو بێت 
-خۆراکی پێویستی وەرگرتبێت

وه‌رزش بەشارەزایی بکرێت باشترە لەژێر چاودێری ڕاهێنەری شارەزا بێت، بۆچی؟
وەرزش وەک دەرمانە، بۆ هەر کەسێک جۆرێک و دۆزێک و ژەمی دیاریکراو پێویستە کە بەپێی تەمەن و ڕەگەزی و ساغی و نەساغی کەسەکان دەگۆرێت.

دوو جۆر وەرزشی سەرەکی هەن:-
1- وەرزشی سوک یان هەوایی( کاردیۆ ) 
وەک ڕۆشتنی خێرا، غاردان، مەلەوانی، پاسکلسواری کە تیایدا لەسەرخۆ لێدانی دڵ خێرا دەبێ و هەناسە سوار دەبێ.
2- وەرزشی قورس یان نا هەوایی 
هەر وەرزشێک یان جوڵەیەک کە خێرا ماندوو و هەناسەت تەنگ دەکا و لێدانی دڵت خێرا دەکات وەک یاری ئاسن، یان هەر وەرزشێک کە بەقورسی و خێرایی زۆر ئەنجامبدرێت.

چۆن و چەند وەرزش بکەین؟ 
1- بۆ کەسێکی لەش ساغ بۆ بەردەوامیدان بە لەش ساغی پێویستە لانی کەم ڕۆژانە نیو سعات وە لە هەفتەیەک پێنج ڕۆژ وەرزش بکات وواتە هەفتەی ۱٥۰ خولەک( دوو سعات و نیو لە هەفتەیەکدا.
2- بۆ کەسی نەساغ، نەخۆشیە درێژخایەنەکان یان قەڵەوی، پێووستە بەگوێرەی ئامۆژگاری پزیشکەکەی وەرزش بکات.
3- وەزشی قورس یان ئاسن بۆ کەسی لەش ساغ  بۆ مەبەستی لەش جوانی: 
ڕێگەی تەندروست ئەوە یە کە هەفتانە لە ( ۳ - ٤ ڕۆژ ) وەرزشی قورس بکات هەر ڕۆژەی  (۳۰ بۆ ٤٥  خولەک).
بەهیچ جۆرێک یاری قورس لە یەک سعات زیاتر مەکە چونکە لەو حاڵەتەدا کاریگەری پێچەوانەی دەبێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی سترێس لەسەر لاشە و دەردانی هۆڕمۆنی سترێس کە دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی چەوری زیاتر لەبریتی سووتاندنی چەوری، هەروها کەمکردنەوەی  ئەو هۆڕمۆنانەی بۆ گەورەبوونی ماسوڵکە پێوویستن. 
4- خواردنت ڕێک بخە بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو.
1-بەبێ ڕجیمکردن بەتەنها وەرزشکردن ناتوانی بە ئامانجت بگەیت.
2- شەکر و چەوری و دانەوێڵەکان(وەک نان ، سەموون ، کێک) زۆر کەم بکەوە.
3- هیچ خواردنەوەیەک مەخۆرەوە وەک بیبسی ، ووزە بەخشەکان و کحولەکان، جگە لە ئاو لەگەڵ شیری بێ چەوری یان کەم چەوری، قاوەی سادە بێ شەکر.
4- ئەو خۆراکانە زیاتر بخۆ: خواردنە  پڕۆتینیەکان وەک سینگی مریشک، ماسی  . لەگەڵ سەوزە، میوە، چەرەزات. 
5- ئاو زۆر بخۆوە لانی کەم  ٨ بۆ ۱۰ پەرداخ ئاو.
6-بۆ ئەوانەی وەرزشی قورس دەکەن، نوستن یەکجار گرنگە ٨ كاتژمێر کەمتر نەبێت. 

واباشە ئەگەر نەدەکرا ٨ كاتژمێر نووستنت هەبێت وەرزشەکە نەکەیت یان دوای بخەیت چونکە بازنەی وەرزشی قورس ( خواردنی تەندروست، وەرزش، خەوتن )  بەبێ خەوتنی ڕێک ، تەواو نابێت. 

نهێنی سەرکەوتنی وەرزش لە پشوودرێژی و بەردەوامیە،بەردەوام بە بە ئامانجت دەگەیت. چاوەڕێی مەبە بە ڕۆژێک و هەفتە و مانگ کارەکە تەواو بێت دەبێت بەردەوام بیت بەردەوام.

هیچ جۆرە دەرمان و هۆڕمۆن و ووزە بەخشێک بەکارمەهێنە، جگە لەزیان و وێرانکردنی تەندروستی و لاشەت هیچی تری لێ بەرهەم نایەت ، ئەنجامەکانی تەنها کاتیە و دوای ئەوە دەپوکێتەوە و کۆمەڵێک زیانی تەندروستی دوای خۆی جێ دێڵێت کە بەوازهێنانیش لەو دەرمانانە چاکنابێتەوە و وەک خۆی لێ نایەتەوە جارێکی تر.



PM:03:00:10/12/2022




ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌