چۆنیه‌تی خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشی رۆماتیزم



ته‌ندروستی‌ - 

بەپێی ئەوەی هۆکارەکانی نەخۆشی رۆماتیزم بەشێکیان بۆماوەین و بەشێکی تریشیان ژینگەیین،لە ڕاستیدا ئێمە ناتوانین دەستکاری هۆکارە بۆماوەیەکان بکەین لە ئێستادا بەڵام دەتوانین هۆکار و کاریگەریە ژینگەیەکان کەم بکەیەنەوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە، دکتۆر هێمن پزیشكی نەخۆشیەکانی جومگە و ئێسک و رۆماتیزم له‌م بابه‌ته‌دا باسیكردوه‌.

1- جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ توشبوون بە نەخۆشی ڕۆماتیزم بۆیە دەتوانین خۆمانی لێ بپارێزین.

2- دەرکەوتووە کە خواردنەوە کحولیەکان بە ڕێژەیەک دەبنە هۆی ڕۆماتیزم بۆیە باشترە کە نەخورێتەوە یان کەمبکرێتەوە.
3- پاراستنی ئێسکەکانمان لە پوکانەوە و لاوازبوون بە وەرگرتنی بڕی پێویست کالسیۆم و ڤایتەمین D.

4- پاک ڕاگرتنی دەم و ددان و بە بەردەوامی سەردانی پزیشکی ددان بکەن بۆ ڕێگریکردن لە کێشە تەندروستیەکانی دەم و ددان چونکە دەرکەوتووە کە هەندێک بەکتریاکانی دەم ددان دەبنە هۆی تووشبوون بە ڕۆماتیزم.

5- خواردنی بڕێکی باش لە گۆشتی ماسی چونکە دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا 3 و ڤایتەمین A و D کە بەسوودن بۆ ڕێکخستنی کاری کۆئەندامی بەرگری لەش.

6- پاراستنی کێشێکی تەندروست، چونکە دەرکەوتووە زیادبوونی کێش دەبێتە هۆی زیادبوونی خانە هەوکردووەکان مەترسی توشبوون بە ڕۆماتیزم زیاتر دەکەن.

7- وەرزشێکی ڕێک و بەردەوام ئەنجامبدە، چونکە وەرزش گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ و ئێسک و ماسولکە و دەروونمان بەمەش مەترسی توشبوونمان بە نەخۆشیە ڕۆماتیزمیەکان کەمتر دەبێتەوە.

8- کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییەکان دەرکەوتووە ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە پاککردنەوەدا بەکاردەهێنرێن هەروەها نەوت و بەنزین، کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی دروست دەکەن بۆ ئەو کەسانە کە جینی نەخۆشی ڕۆماتیزمیان تێدایە وەکو HLA.

9- ئەگەر هەستت کرد نیشانە ڕۆماتیزمیەکانت تێدا دەرکەوتووە بەزووترین کات بەدوای تەشخیش و چارەسەردا بگەڕێ چونکە چارەسەری پێشوەختە یارمەتیدەرە بۆ وەستاندنی هەوکردن و کلیلی ڕێگریکردنە لە تێکچوونی توندی جومگەکان یان تێکچوونی ئەندامەکانی تر.



PM:02:31:07/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌