تهندروستی -
چەوری سیانی جۆرێکی چەوریە لە لەشدا پێی دەوترێت (Triglyceride) کە لە کاتی خواردنی بڕێکی زۆر لە وزە کە لە پێویستی لەش زیاتر بێت ئەم وزەیە (کالۆری) دەگۆڕێت بۆ چەوری سیانی و لە جگەر کۆدەبێتەوە کە لە دوایی بەکار دەهێنرێت کاتێک لەشمان پێویستی بە وزە بێت.لە هەندێک کاتدا ڕێژەی ئەم چەوریە زیاد دەکات کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی دەماغ زیاد دەکات، پشكنینی چەوری سیانی Trygliceride لە گرووپی پشكنینی چەورییەکانە لە خوێندا (lipid profile) ، لەم گروپە پشكنینهدا جۆرە جیاوازەکانی چەوری پێوانە دەکرێت وەک کۆلیسترۆل ، هەروەها (HDL) کە بریتییە لە چەوری سوودبەخش ، هەروەها (LDL) کە ئەمەیان بریتییە لە چەوری زیان بەخش، ئەگەر لە فەحسدا ڕێژەی چەوری (LDL) و ڕێژەی چەوری Tryglicerides پێکەوە بەرز بوو ئەوا مەترسی زیاترت لەسەرە بۆ نەخۆشی دڵ و مێشک.
بۆچی پێویستە ئەم پشكنینه ئەنجام بدەین ؟ کێن ئەو کەسانەی مەترسییان زیاترە بۆ بەرزی لەڕێژەی ئەم جۆرەی چەوری؟
هەرکەسێکی کامڵ و پێگەشتوو پێویستدەکات کە پشكنینی کۆلیسترۆل بەگشتی و ئەم جۆرەی چەوری بەتایبەتی (چەوری سیانی) ئەنجام بدات لەماوەی نێوان چوار بۆ شەش ساڵ جارێک ، بەڵام لەهەندێک حاڵەتدا پێویست دەکات بە ماوەیەکی کەمتر ئەم پشكنینه دووبارە بکەینەوە چونکە هەندێک هۆکار و فاکتەر مەترسی زیاتر دەکات، لەوانە:-
1- ئەگەر لە خێزانەکەتدا کەسی توشبوی نەخۆشی دڵ هەبێت (هۆکاری جێنەتیک).
2- کەسانی جگەرەکێش و خواردنەوە کحولیەکان.
3- ئەگەر کێشت زۆر بوو ، یان بەرەو کێش زیادی دەچووی.
4- خۆراک و خواردنی نا تەندرووست وەکو زۆر خواردنی ئەو خواردنانەی نیشاستەیان زۆرە وەکو برنج.
5- کەمی وەرزشکردن و سستی.
6- بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە.
7- تەمەن ، پیاوان لە ٤۵ ساڵ و زیاتر ، وە ئافرەتان لە ۵٠ ساڵی و زیاتر مەترسیان زیاترە بۆ توشبون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
ئەنجامدانی ئەم پشكنینهش وەک زۆربەی پشكنینهكانی دیکەی تاقیگە لەڕێگەی وەرگرتنی نمونەیەک لەخوێن دەبێت لە خوێنهێنەر، وا پێویستدەکات ماوەی ۹ بۆ ۱۲ کاتژمێر لە پێش ئەنجامدانی ئەم فەحسە هیچ خواردن و خواردنەوەیەک نەخۆیت ، چونکە خواردن بەماوەیەکی کەم پێش وەرگرتنی نمونەی خوێنەکە لەوانەیە ئەنجامی پشكنینهکە بگۆڕێت و ئەنجامێکی ناڕاست دەربچێت.
ڕێژەکان بۆکەسێکی پێگەشتووگ بەم شێوەیەی خوارەوەیە :
1- ئەگەر لە ئەنجامی پشكنینهكهدا ڕێژەی Tryglicerides کەمتر بوو لە 150 mg/dL ئەوا ڕێژەکەی ئاساییە (Normal).
2- ئەگەر ڕێژەکەی لەنێوان (150 -199 mg/dL) بوو ئەوا لە سنووری بەرزبونەوەدایە.
3- ئەگەر ڕێژەکەی لەنێوان (200-499 mg/dL) بوو ئەوا ڕێژەکەی بەرزە.
4- ئەگەر ڕێژەکەی لە (500 mg/dL) زیاتر بوو ئەوا ڕێژەکەی زۆر بەرزە و مەترسیدارە.
نیشانەکانی:
ئاستەنگی بۆ هەناسەدانی ئاسایی، خاڵی زەردی چەوری لەسەر سپێنەی چاو و کەمی توانای بیرکردنەوە
لەوانەیە ئازاری بەشی سەرەوەی سک.
چارەسەرکردن:
-کەم خواردنی شەکر
-خواردنی ئەو خواردنانەی کاربۆهایدرایتی کەمن وەکو هێلکە و ماسی و گوێز
-بەکارهێنانی ڕۆنی خەستنەکراو وەکو زەیتی زەیتون و ماسی و ئاڤۆگادۆ
-خواردنی ماسی هەفتەی ٢ جار
-وەرزش کردن
-دابەزاندنی کێشی لەش و چاودێری کردنی کێش
-خواردنی ڕۆنی ماسی
-بەکارهێنانی دەرمان لە کاتی پێویست.