‌توشبووانی شەکرەیان دەتوانن ڕێجیمی کیتۆ بکەن؟




ته‌ندروستی‌ - 

(ڕێجیمی‌ کیتۆ) لە زۆر کەسدا بە کاتێکی‌ کەم کێشێکی‌ زۆر دادەبەزێنێت، ڕۆڵی هەیە لە ڕێکخستنەوەی‌ زۆر کێشەی‌ دیکەی‌ تەندروستییش. شەکرەدارانیش زۆربەیان کێشیان زۆرە، ئەوەش کاریگەریی زۆری‌ هەیە لەوەی‌ شەکریان کۆنتڕۆڵ نەبێت. بۆیە ئەو نەخۆشانەی‌ کە شەکر و کێشیان زیادە، دەپرسن ئایا دەتوانن ئەوانیش کیتۆ بکەن؟ دكتۆر زانا پزیشکی‌ پسپۆڕی‌ هەناو له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.

پشکی‌ جۆرە جیاوازەکانی‌ خۆراک لە کیتۆدا بەم جۆرەیە: چەوری‌ 70%، پڕۆتین 20% و کاربۆهیدرات 5%. بەوەی‌ کاربۆهیدرات ئەو خواردنانە دەگرێتەوە کە شەکریان تێدایە و لەم سیستەمە خۆراکییەشدا کەمترین بڕیان لێ وەردەگیرێت، کەواتە بێگومان کێتۆ دەبێتە هۆی‌ کەم بوونەوەی‌ شەکری‌ خوێن. بەڵام ئایا کێشە لە شەکرەدا تەنها لە ئاستی‌ شەکری‌ خوێندایە؟

شەکرە هەڕەشەیە بۆ سەر چەند ئەندامێکی‌ جەستە، دیارترینیان: دڵ، مێشک، گورچیلە، چاو و دەمارەکانە. بۆیە کە هەوڵی‌ کۆنتڕۆڵی شەکرە دەدرێت، لە پێناوی‌ ئەم ئەندامانەدایە. ئەگەر دڵنیا نەبینەوە لە سەلامەتیی ئەمانە، بەرزی‌ و نزمیی شەکر، هەر ژمارەیە و بایەخی‌ نییە!

ئەگەر گورچیلە بە نموونە وەربگرین: بەرزیی شەکر هەڕەشەیەکی‌ گەورەیە لە سەری‌، بەڵام تاکە هەڕەشە نییە، بەڵکو چەند هۆکاری‌ تریش هەڕەشەن لەسەری‌، یەکێک لە گرینگترینەکانیان پڕۆتینە. بۆیە وەک چۆن زۆریی شەکر بۆ گورچیلەکان خراپە، ئاواش بەرزیی پرۆتین خراپە، بەتایبەت لەو کەسانەی‌ کە گورچیلەکانیان بەهۆی‌ شەکرەوە زەبریان بەرکەوتووە، کە نزیکەی‌ 30%ی‌ شەکرەداران هەر لە کاتی‌ دەستنیشان کردنی‌ نەخۆشییەکەیاندا، چ جای‌ دواتر، بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی ئەوە بوونە. ئەمەش هەر بە پشکنینێکی‌ ئاساییی (کریاتینین)ی‌ ناو خوێن ناکرێت. بۆیە ئەگەر هەیە کەسێک شەکرەی‌ هەبێت، بە کیتۆ گورچیلەکانی‌ بە خێرایی بەرەو تێکچوون و وەستان بڕۆن.

دەمارەکانیش لەنێو ئەو ئەندامانەن کە شەکرە لێیان دەدات، ڤیتامینەکانیش ڕۆڵی زۆر کاریگەریان هەیە لە کارکردن و پاراستنیان، بەهۆی ئەوەی لە کیتۆدا میوە خواردن یەکجار کەم دەکرێتەوە، لەم ڕووەشەوە بۆی هەیە کیتۆ زیان بە تەندروستیی شەکرەداران بگەیەنێت، بەتایبەت ئەگەر زۆر درێژە بکێشێت. وەرگرتنی حەبی ڤیاتمینەکانیش جێگرەوەی تەواوی میوە خواردن نییە.

کیتۆ سوودی‌ بۆ کۆنتڕۆڵی شەکر هەیە، بەڵام ئەگەر گورچیلە و دەمارەکان تەواو نەبن، بەرگەی‌ ناگرن. بۆیە ئەوەی‌ شەکرەی‌ هەبێت، نابێت هەر بە کۆنتڕۆڵ بوونی‌ شەکرەکەی‌ دڵخۆش بێت، چونکە ڕەنگە دوای‌ ماوەیەک بە وەستانی‌ گورچیلەکانی‌ ، تێکچوونی دەمارەکانی دڵتەنگ ببێت! بۆیە ئەوانەی‌ شەکرەیان هەیە، نابێت بێ ڕاوێژکردن بە پزیشکی‌ هەناو و باشتریش گورچیلە و دەمارەکان، دەست بۆ کیتۆ ببەن.



PM:03:12:18/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌