چی بزانین دەربارەی ئەنسۆلین و نەخۆشی شەکرە؟


ته‌ندروستی‌ -

نه‌خۆشی شه‌كره‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ بڵاوه‌ بێ چاره‌سه‌ره‌كان له‌ جیهاندا، كه‌سی توشبوو ناچاره‌ به‌ ڕێككردنه‌وه‌ی‌ سیستمی خۆراكی و وه‌رگرتنی ده‌رمانی ئه‌نسۆلین ژیانی به‌ڕێ بكات،دكتۆر شاخەوان پزیشکی پسپۆڕی هەناو له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌نسۆلین و نه‌خۆشی شه‌كره‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

1- هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە پەنکریاسی  مرۆڤ دروست دەبێت ئیشی ئەوەیە کە ڕێژەی شەکر لەناو خوێن جێگیر بکات .

2- مرۆڤ توشی نەخۆشی شەکرە دەبێت بە دوو جۆر .

3-جۆری یەکەمی نەخۆشی  کە زیاتر لە تەمەنی منداڵی دێت کە هیچ  ئینسۆلینەک لە لەشی مرۆڤ دروست نابێت . بۆیە بۆ چارەسەری پێویستە بەلانی کەم نەخۆش ڕۆژانە ٣ تا ٤ جار دەرزی ئەنسۆلین وەربگرێت بەدرێژایی ژیانی 

4- جۆری دووەم لە نەخۆشی شەکرە کە زیاتر لە تەمەنی گەورەتر دێت . زیاتر دەوری وراسە زیاتر دەبینین کە دایک یان باوکی نەخۆش .نەخۆشی شەکرەیان هەیە زیاتر لە دوو سێ ئەندامی هەمان خێزان نەخۆشی شەکرەیان هەیە . هۆکارەکەش  ئەوەیە کە یان ڕێژەی  ئەنسۆلین لە لەشی مرۆڤ کەمدەبێتەوە .یان ئەوەیە کە چالاکی ئەنسۆلین لە لەشی مرۆڤ کەمدەبێتەوە  ..بۆ چارەسەر نەخۆش  یەکەمجار بە پارێزو وەرزش و حەبی نەخۆشی شەکرە و هەندێک جار دەرزی ئه‌نسۆلین. 

5-ئەو حەبانەی  کە بۆ نەخۆشی شەکرە بەکاردێت یان ئەوەتا ڕێژەی ئەنسۆلین لەخوێن زیاد دەکات یانیش چالاکی ئەنسۆلینی مرۆڤ زیاد دەکات . بۆیە پێویستە نەخۆش خۆی ئەنسۆلین لە لەش هەبێت تا ئەو حەبانە ئیش بکەن. 

6- بە تێپەڕبونی کات نەخۆشانی شەکرە جۆری دووەم بەرە بەرە پەنکریسیان ناتوانێت ئینسۆلینی پێویست دروست بکات بۆیە دەبینین دوای چەندین ساڵ لە توشبونی نەخۆش بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم  چیتر حەبی نەخۆشی  شەکرە ناتوانێت شەکری نەخۆش کۆنترۆڵ بکات، بۆیە  پزیشک ناچار دەبێت دەست بەدەرزی ئەنسۆلین بکات بۆ هەندێک لە نەخۆشەکان.

7- ئەوانەی دەرزی ئەنسۆلین وەردەگرن پێویستە لانیکەم کەم ڕۆژانە دوو جار پشكنینی شەکرەی خۆیان بکەن.

8-دەرزی ئەنسۆلین لە قۆڵ و ڕان و دیواری سک  دەدرێت پێویستە هەر جارەو لە شوێنێک بدرێت بۆ ئەوەی شوێنی دەرزیەکە  نە ئاوسێت .

9- یەکێک لە کاریگەریە لاوەکیانی  ئینسۆلین دابەزینی زۆری ڕێژەی شەکرە لە خوێنە  کە ئەوکات نەخۆش هەست بە دڵەکوتەو  دەست لەرزین و ئارەق کردن هەندێک جار لە هۆش خۆ چون . کە ئەوکات پێوستە نەخۆش  یان کەس و کاری نەخۆش یەکسەر شتێکی شیرین بدات بە نەخۆش و پێویستە نەخۆش دوای ئەو حالەتە سەردانی پزیشکی  خۆی بکات بۆ ئەوەی وەحدەی دەرزی ئەنسۆلینەکە کەم کاتەوە بۆی .

10- هەموو نەخۆشانی شەکرە پێویستە سێ مانگ جارێک پشكنینی شەکری سێ مانگی بکەن (HBA1C)کە پێویستە لە ژێر ٧ بێت .

11- هەموو نەخۆشانی شەکرە پێویستە ساڵانە سەردانی پزیشکی چاو بکەن.  لەگەڵ پشكنینی خوێن بۆ گورچیلەکان  چەورییەکان  سۆنه‌ری سك و پشكنینی میز بۆ ڕێژەی پرۆتین لە میز   هێلکاری دڵ و ئیکۆی دڵ .

12- کاریگەریە خراپەکانی نەخۆشی شەکرە لەسەر نەخۆش ئەگەر شەکرەی باش کۆنترۆل نەبێت بریتین لە جەڵتەی مێشک. تێکچونی تۆڕی چاو . جەڵتەی دڵ . سست بونی گورچیلەکان  لەگەڵ برینی  پێیەکان و هەروەها هەندێک جار بڕینەوەی قاچ.


تێگەیشتنە هەڵەکانی نەخۆش لەسەر دەرزی ئەنسۆلین لە کوردستان :
1- شێوازی هەڵگرتنی دەرزی ئەنسۆلین پێویستە لەناو سەلاجە بێت چونکە بەگەرمی تێکدەچێت.
2-دکتۆر من ناوێرم دەرزی ئەنسۆلین لێدەم . ئەوە ڕاست نیە دەرزی ئەنسۆلین بە هیچ شێوەیەک ئازاری نیە.
3- دکتۆر من دەرزی ئەنسۆلین  لێنادەم دوایی فێر دەبم ئەوە هەڵەیە چونکە لەخاڵی ٦ باسم کرد کە ئەوانە چیتر بە حەب بەتەنیا شەکریان کۆنترۆڵ نابێت پێویستیان بە  دەرزی ئەنسۆلینە.
4- دکتۆر من ئەگەر شەکرم هەستا ئەوکات ناوە ناوە ئەنسۆلین بەکار دەهێنم ئەوە هەڵەیە چونکە کە پزیشک  بڕیاڕی دا کە نەخۆشی  شەکرەی جۆری دووەم پێویستی بە ئەنسۆلینە ئەو کات دەبێت ڕۆژانە بەڕێک و پێکی چۆن بۆی دانراوە بەکار بهێنێت .
5-دکتۆر خزمێکمان دەرزی ئەنسۆلین بەکار هێنا دوای ئەوە کوێر بوو . ئەوە سەد لەسەد هەڵەیە  چونکە نەخۆشەکە خۆی تۆڕی چاوی تێکچوە پێش دەستکردن بە ئەنسۆلین بە سودفە  دوای دەرزی کوێر بوە.  بەهیچ شێوەیەک  دەرزی ئەنسۆلین کاریگەری خراپی لەسەر چاو نیە.


PM:08:13:23/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 1472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌