پێشمهرگه سپۆرت -
یانەی ئینتەرمیلان لەگەڵ چێڵسی گەیشتە ڕێكەوتنی كۆتایی بۆ گواستنەوەی ڕۆمیلۆ لۆكاكۆی بەلجیكی و هێرشبەری یانە لەندەنییەكە.
هاوینی ڕابردوو لۆكاكۆ پاش بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵی بۆ ئینتەرمیلان بە گرێبەستێكی پێوانەیی كە بڕەكەی 115 ملیۆن یۆرۆ بوو ڕویكردە یانەی چێڵسی ، بەڵام وەرزێكی سەختی لەژێر سەرپەرشتی تۆماس تۆخێل بەڕێ كرد و نەیتوانی ئاستی خۆی پێشكەش بكات و لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین جار ویستی گەڕانەوەی بۆ ئینتەرمیلان نیشاندا.
فابریزۆ ڕۆمانۆی ڕۆژنامەنوسی باوەڕپێكراو لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ئاشكرای كردووە كە ئینتەرمیلان بە خواستن و بۆ یەك وەرز بەرانبەر 8 ملیۆن یۆرۆ لۆكاكۆ دەگەڕێنێتەوە یانەكە و لەگەڵ پاداشت كە تەنها پابەند دەبێت بە تۆماركردنی گۆڵ.
ئەو ڕۆژنامەنوسە باسی لەوەشكردووە كە لۆكاكۆ ڕازی بووە كە موچەكەی بۆ 8 ملیۆن یۆرۆ كەمبكاتەوە لە پێناو گەڕانەوەی بۆ ئینتەر و چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەی كەمی داهاتوو گرێبەستەكە ڕابگەیەنرێت.