نەخۆشیەکانی کوێرەرژێنێ پەریزادە یاخود غودەی دەرەقی


ته‌ندروستی‌ - 

کوێرەرژێنێ پەریزادە یاخود غودەی دەرەقی، دەکەوێتە ناوەڕاستی ملی مرۆڤ، ئەو کوێرەرژێنە ھۆرمۆنی سایرۆکسین درووست دەکات، ئەو ھۆرمۆنە ڕۆلێکێ زۆر گرنگ لە رێکخستنی زیندەچالاکیەکانی لەشی مرۆڤ دەبینێت، دکتۆر عارف پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو له‌م بابه‌ته‌دا له‌باره‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كانی غودەی دەرەقی  زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" کوێرەرژێنی پەریزادە لەژێر کۆنترۆلی ژێرمێشکە ڕژێنە( Pituitary gland ) کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی مێشک، لەباری ئاساییدا بڕی پێویست لە ھۆرمۆنی سایرۆکسین کۆنترۆل دەکرێت، دیارە غودەی دەرەقی تووشی کۆمەلێک نەخۆشی دەبێت" لەوانە ئاوسان و گەورەبوونی کوێرەرژێن (Goitre )و پەیدابوونی گرێ ( Thyroid nodule )، لە زۆربەی حالەتەكاندا ئەو گرێیانە ھیچ کێشەیەک بۆ نەخۆش درووست ناکەن ، بەلام رێژەیەکی زۆر کەم لەو گرێیانە بۆی ھەیە شێرپەنجە بێت ، ھەر بۆیە ھەر ئاوسانێکی غودە پێویستە لە لایەن پزیشکی پسپۆر ھەلسەنگاندنی بۆ بکرێت . 

ئەو نەخۆشیانەی کار دەکاتە سەر فەرمانی کوێرەرژێنی پەریزادە بریتین لە ژەھراوییبونی غودە (Thyrotoxicosis) کە ھەندێک جار بە غودەی ھار لەناو خەلک دەناسرێت ، لەم حالەتەدا گلاندەکە رێژەیەکی زۆر لە ھۆرمۆنی سایرۆکسین درووست دەکات و کۆمەلێک کێشە بۆ نەخۆش درووست دەکات . رێک پێچەوانەی ئەو نەخۆشیە پەک کەوتنی یاخود سستی غودە ( Hypothyroidism )ھەیە کە دەبێتە ھۆی کەمبوونەی رێژەی ھۆرمۆنی سایرۆکسین و یەکێکە لە حالەتە باوەکان و چارەسەری لە رێگای حەبی سایرۆکسین زۆر ئاسانە . ھەوکردنی کوێرەرژێنی پەریزادە ( Thyroiditis )حالەتێکی کاتیە بەلام دەستنیشانکردنی گرنگە بۆ ئەوەی نەخۆش دەرمان بەھەڵە بەکارنەهێنێت . 

لە دوای نەخۆشی شەکرە کێشەکانی غودەی دەرەقی بەشێکی زۆری کارەکانی پسپۆرانی کوێرەرژێنەکانە . ھەول ئەدەم لە رێگای چەند پۆستێک ھەرجارەی باسی یەکێک لەو نەخۆشیانە بکەم و زیاتر ئەو خالانە باس بکەم کە سوودی بۆ نەخۆش ھەبێت . ئەگەر کەسێک دەناسیت نەخۆشی غودەی دەرەقی ھەبێت ئەو پۆستە شێر بکە بۆ ئەوەی بتوانن لە ئایندە پۆستەکانم بخوێننەوە .



PM:02:20:15/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 1312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌