چۆن خولەکەمان بە جەماوەری بکەین؟


 
ئاراس رواندزی -

تاموو چێژو رکابەری و ئاستی بەرزی هەر خول و پاڵەوانێتیەک، بەندە بە بوونی هاندەرو جەماوەرێکی زۆر لە پەیژەکانی یاریگا، بە پێچەوانەوە لیگ گەر ئاستی هونەریشی زۆر بەرزبێ، کاتێک رێژەیەکی بەرچاوی جەماوەر لە چوارچێوەی کۆنەبێتەوە، ئەو چێژو جوانیە نابەخشێت. 

لە کوردستانی خۆشمان کە مەبەستی نووسینەکەمە، خولی نایابی تۆپی پێی یانەکان بەراورد بە وەرزشەکانی دیکە خاوەن زۆرترین جەماوەرەو هەوادارێکی زۆر هۆگرو شەیدای یارییەکانین، لێ ئەو جۆش و خرۆش و جەماوەرە زۆرە لە هەموو یاریگاکان نابینرێ، بە پێچەوانەوە لە بەشێکی زۆری رکابەرییەکانی خولی پلەیەک دەبینین جەماوەر لە یاریگا جوانترین تابلۆ دەنەخشێنن، بەشێوەیەک وا هەستدەکەی هاندەرانی خولێکی ئەوروپین! 

ئاشکرایە ئامادەبوونی زۆرترین رێژەی جەماوەر لەیارییەکان کەوتۆتە قەزاو ناحیەکان، بۆیە گەر بمانەوێ خولی نایاب ببێتە خولێکی جەماوەری و لە یارییەکان زۆرترین  رێژەی هاندەر ببینین، پێویستە بە میکانیزمێک و چەند هەنگاوێکی زانستی و لۆژیکیانە، هەوڵی سەرخستنی ئەو تیپانە بدرێ کە خاوەن بنکەی جەماوەرین کە لێرەدا زیاتر مەبەستم شارو شارۆچکەکانە، بەڵام بۆ ئەو کارەش پێویستە سەرەتا ژمارەی یانەکانی پلە نایاب کەمبکەینەوەو هەندێکیشیان تێکەڵکێش بکەین.

دیارە بەدیهێنانی ئەم هەنگاوە ئاسان نیە، کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەمیشی یەکجار زۆرن، بەڵام گەر ئیڕادە هەبێ و یانەکانیش لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی گشتی و پێشخستنی تۆپی پێ و دوور لە دەمارگیری و بیری تەسکی حزبی سەیری بابەتەکە بکەن، ئەوە هاتنەدی ئەم بیرۆکەیە ئەستەم نیە. 


لێرەدا پێشنیار دەکەم هەر یەک لە یانەکانی شاری هەولێر ( هەندرێن، ئارارات، پێشمەرگەی هەولێر) کە خاوەنی کەمترین ژمارەی هاندەرن، تێکەڵ بکڕین و لە ژێر ناوێکی نوێ درێژە بە کاروانی وەرزشی و رکابەرییەکانیان لە خولی نایاب بدەن. هەروەها یانەکانی ( سیروانی نوێ، نەورۆز، پێشمەرگەی سلێمانی)، بە هەمان شێوە لێکبدرێن و لە ژێر ناوێکی نوێ کۆبکرێنەوە. 

بەهۆی ئەم کردارە سێ خانە لە خولی نایاب بە تاڵ دەمێنێ، دەکرێ بە دانانی میکانیزمێک و سازدانی خولێک بە شێوەی پلە بەندی سێ لەم یانانە ( هەڵەبجە، خانەقین، رانیە،سیمێل، کەرکوک، شێخان، رواندز ) سەربخرێن، بۆ یانە پلە یەک و دووەکانیش دەشێ هەمان شێوازو میکانیزم پەیڕەو بکرێ.

لە ئێستادا هەولێری پایتەخت کە ژمارەی دانیشتوانەکەی دوو ملیۆن کەسە (٧) یانەی لە ریزی نایاب یاری دەکەن کە تەنها سێ یانەیان جەماوەرین، لە کاتێکدا لە پایتەختی چاینایەکی ملیارو سێ سەد هەزار کەسی، تەنها دوو یانەیان لە پلە یەک یاری دەکەن! لە کۆی هەموو پایتەختەکانی جیهان تەنها بەغداو هەولێرن کە خاوەن زۆرترین یانەن لە نایاب، بەغدا بە نۆ یانەو هەولێریش بە حەفت یانە، دوای ئەوان هیچ پایتەختێکی دیکەی جیهان نیە لە سەرووی ٤ یانەی لە لیگی پلە یەک بێ! هەرچی شاری سلێمانیشە ئێستا (٦) یانەی لە نایابە، بەڵام تەنها چواریان خاوەن جەماوەرن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو چوار تیپە نوێنەرایەتی ناوچەیەکی جوگرافی فراوان دەکەن و ناوی شار یان شارۆچکەیەکیان هەڵگرتووە. 

بۆیە گەر بمانەوێ خولەکەمان جەماوەری و بەهێزو پڕ رکابەری و چێژ بێ، پێویستە لە ڕێگەی میکانیزمی زانستی و لەبەرچاوگرتنی رێژەی دانیشتوان یاخود بە شێوەی ناوچەی جوگرافی، تیپەکان لە ئاستەکانەوە سەروو خوار بکەن. 
دیارە ئەو بیرۆکەی من جگە لە کۆکردنەوەی زۆرترین ڕێژەی جەماوەرو زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی رکابەری خولەکە، سوودی ئابووریشی هەیە، بەڵام دەکرێ لە نووسینەکانی دیکە ئاماژەیان پێبکەم.

لە کۆتاییدا نایشارمەوە کە رەنگە ئەو پێشنیارەم ببێتە مایەی ناڕەحەتی و بگرە توڕەبوونی زۆر لایەنیش، بە تایبەتی بەشێک لە یانەکان، لێ گەر بمانەوێ تۆپی پێی کوردستان پێش بکەوێ، تەنها ئەو رێگەیەمان لەبەردەمە، لە ئەگەری کاردانەوەی ئەرێنی و پێشوازیکردنیش لەو بیرۆکەیە، دەتوانم بابەتەکە فراوانترو لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیر بە ناوی چاکسازی لە تۆپی پێی کوردستان بخەمە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان.


AM:10:51:30/03/2022




ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌