لاوەکانی پێشمەرگە ئەزمونێکی نوێیان تاقی کردەوە


کاروان شێخ زیرەك _ سەرۆك شاند

پاڵەوانێتی بالەی یانەکانی عەرەب لەوڵاتی تونس کۆتایی پێهات و وڵاتی قەتەری خاوەن بودجەی زەبەلاح بۆ پێشخستنی وەرزش گەورەیی خۆی لەکێبڕکێکانی بالەی کوڕاندا نیشانداو چوە سەر تەختی نازناوەکە.

ئەم پاڵەوانێتییە کە ۱٦ یانەی ۱٠ وڵاتی جیاواز بەشداری کرد، تیایدا وڵاتە عەرەبییە دەوڵەمەندەکانی وەك قەتەرو بەحرەین بۆندی گەورەو زەبەلاحیان لەگەڵ یاریزانە ناودارەکانی جیهانی بالە ئەنجامدابوو، بۆیە لەکۆتاییدا ڕەیانی قەتەری پلەی یەکەم و ئەهلی هەمان وڵاتیش پلەی چوارەمی بردەوە.

هاوکات یانەی دارکلیپی بەحرەینیش کەلەهەمان کۆمەڵەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بوو، وەك چۆن یاری دەستپێکی لەگەڵ پێشمەرگە کرد، ئاواش یاری کۆتایی کردو دوای دۆڕاندنی بە ڕەیانی قەتەری، پلەی دوەمی بەدەست هێنا.

یانەی پێشمەرگەش کەتاقە نوێنەری بالەی کوردستان و عێراق بوو، بەراورد بەیانە زلهێزەکان و خاوەن بۆندە گەورەکان نەیتوانی بگاتە قۆناغی هەشت و لەکۆی پێنج یاری دوو یاری بردەوەو ڕیزبەندی یانزەیەمی گرت و کەوتە پێش ٥ یانەی دیکەی پاڵەوانێتییەکە کەلەوڵاتانی لیبیاو یەمەن و فەلەستینەوە هاتبون.

لیبیا کەیانەی ئەهلی تەرابلسی نوێنەرایەتی دەکردو پلەی سیانزەی گرت تەنها بۆ یەك یاریزانی ۱۱ دەفتەر دۆلاری خەرج کردبوو، هەروەها قەتەری و بەحرەینی کوەیتیەکانیش کەمترین پارەی بۆندی یاریزانێکیان هێندەی بۆندی هەموو یاریزانە کوردەکانە.

بەگشتی بەشداری کردنی پێشمەرگە لەو پاڵەوانێتیەدا جگە لەوەی کەئەنجامەکەی لەخواستی کەسمان نییە، بەڵام ناوی پێشمەرگە لەپاڵەوانێتیەکەدا شانازییەو یاریکردنی چەند یاریزانێکی نوێش بۆ یەکەمجار لەپاڵەوانێتی عەرەبی هاندانێکی باش دەبێت بۆ لاوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستیان تا پێشمەرگە لەخولی ناوخۆی عێراقدا باشتر سودیان لێ ببینێت.

بەهەرحاڵ تونس سەرەڕای بارودۆخی ناوخۆیی و کێشە ئابورییەکانی، بەڵام لەڕووی میواندارییەوە بەباشی پاڵەوانێتیەکەی بەڕێکردو ناوی خۆی بەچل هەمین پاڵەوانێتی بالەی یانەکانی عەرەبەوە تۆمارکرد.



PM:09:48:28/02/2022




ئه‌م بابه‌ته 1900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌