هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری دڵه‌ كزێ



ته‌ندروستی‌ - 

دڵەکزێ ئازار و سووتانەوەیەکە لە پشت قەفەزەی سینگ دروست دەبێت، بەتایبەت لە پشت کۆڵەکەی سنگ ئه‌م حاڵه‌ته‌ زیاتر پاش نانخواردن، کاتی پاڵدانەوە و چەمانەوە ئازار و سوتانەووەکە زیاتر دەبێت، دكتۆر سەرهەد پزیشكی شاره‌زای گشتی له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتری له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ باسكردوه‌.
 
دڵەکزێی کەم و ناوبەناو زۆر بەربڵاوە و هیچ مەترسیەکی تێدا نیە. بە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و بەکارهێنانی شروب و دەرمان دەکرێ خودی خۆت چارەسەری بکەیت. 

بەڵام ئەو دڵەکزێ یەی زۆرە و زوو زوو تووشی دەبیت پێویستی بە چاودێری پزیشکی دەبێ و پێویستە چارە بکرێ. 
نیشانە و دەرکەوتەکانی 

1- ئازار و سووتانەوە لە دیوی ژوورەی سینگ بە تایبەت لە پشت کۆڵەکەی سینگ، هەندێکجاریش ئازار و سووتانەوەی گەروو، ئازارەکە زیاد دەکات دوای نانخواردن بە تایبەت بە پاڵدانەوە.
2-هەستکردن بە تفتێتی و ترشێتی لە ناو دەم. 
3-کۆخەی وشک. 

چ کاتێک سەردانی پزیشک بکەم ؟
1-لە هەفتەیەکدا زیاد لە ٢ جار یان زیاتر تووشی دڵەکزێ دەبی.
2-هێشتا نیشانەکانت هەیە ئەگەرچی دەرمانیشت بەکارهێناوە, یان ناچاری زۆر دەرمان بەکاربهێنی تا ئازارەکەت لاچێ.
3-ناڕەحەتیت هەیە لە قووتدان.
4-بەردەوام هێڵنجت هەیە، یان ڕشانەوە.
5-کێشیشت دادەبزێ بەهۆی نەمانی ئارەزووی خواردن یان ناڕەحەتی لەکاتی خواردن و قووتداندا. 

ئەو خواردنانەی کە لە هەندێ خەڵک دەبنە هۆی دڵەکزێ یان دڵەکزێ زیاد دەکەن. 
1-خواردنی تیژ.
2-پیاز
3-ترشەمەنی
4-کەچەپ و بەرهەمەکانی تەماتە
5-خواردنی زۆرچەور یان سوورەوەکراو.
6-نەعناع
7-چوکلێت
8-ئەلکحول و ئەو خواردنەوانەی کە کافایینی زۆریان تێدایە
9-ژەمی قورس
10-خواردنی شەوانە و پێش نوستن
11- خواردن و خواردنەوە بە خێرایی.
12- قەڵەوی و دووگیانیش مەترسی دروستبووونی دڵەکزێ زیاتر دەکەن. 

چارەسەر:
خۆپارێزی لە چارەسەرکردن باشترە، بە تەنها گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانت وەک 
1-وازهێنان لە ئەلکحول و جگەرە.
2-دابەزاندنی کێش.
3-دوورکەوتنەوە لە خواردنی درەنگی شەوان.
4-دوورکەوتنوە لەو خواردنانەی کە دڵەکزێت بۆ دروست دەکەن.
5-فێربوونی خۆڕاهێنان لەگەڵ فشاری دەروونی.
6-لەکاتی ڕاکشان و پاڵدانەوە، بەرزکردنەوەی لای سەرەوەی قەرەوێڵە یان دانانی سەرین لە ژێر سەرت و بەشی سەرەوەی پشتت یارمەتیدەرە لە کەمبوونەوەی دڵەکزێ.
7-توند نەبەستنی کەمەربەند
8-ڕێک وەستان و ڕێک دانیشتن
9-خواردنەوە بە هێواشی.
10-وەرزش نەکردن ڕاستەوخۆ پاش نانخواردن
11- لە کاتی پێویست لەماڵەوە ( ئەگەر بەدیلت نەبوو) دەتوانی نیو کەوچکی چا سۆدە لەناو گلاسێک ئاو بتوێنیەوە و بە هێواشی بیخۆیتەوە تا بە خێرایی لە دڵەکزێ ڕزگارت بێ. 

ڕەنگە دڵەکزێیەکت بە تەنها بەمانە زۆر باش بێ بەڵام دەتوانی لەکاتی پێویست بەبێ ڕەچەتەی پزیشکیش ئەو دەرمانانەی لای خوارەوە بەکاربێنی 
1-ئەنتائەسیدس (دژەترشەڵۆک): کۆمەڵێک دەرمانن لە شێوەی (حەب، شروب، کرۆژە) کە بە خێرایی ئازارەکە لا دەبەن و تەنها ترشەڵۆکی گەدە شی دەکەنەوە و بێ زیانی دەکەن بەبێ ئەوەی ڕێژەی دەردانی ترشەڵۆکەکە کەم بکەنەوە لە گەدە. نمونەیەکی بە ناوباگ حەبی کرۆژەی ڕێنێ یە کە کەم ماڵ هەیە تێی دا نەبێ. 

2-ئەو دەرمانانەی کە ترشەڵۆکی گەدە کەم دەکەنەوە: کۆمەڵێک دەرمانن لە گرووپی جیاواز کە کاریگەری دەکەنە سەر ئەو پەمپەی لەناو ناوپۆشی گەدە ترشەڵۆک دەردەدا و ڕێژەی ترشەڵۆکی گەدە کەمدەکەنەوە. نمونەی فامۆتیدین،سیمیتیدین،  ئۆمیپرازۆڵ، ئیزمۆپڕازۆڵ، پانتۆپڕازۆڵ... کە بە شێوەی دەرزی و حەبیش بەردەستن، ئەگەرچی ئەوانە وەکو ئەنتا ئەسیدەکان خێرا نین لە لابردنی ئازار بەڵام بەهۆی کەمکردنەوەی ترشەڵۆکی گەدە سورێنچک دەپارێزن. 
ئەگەر سوودت لەو دەرمانانە نەبینی، یان زیاد لە پێویست ناچاربووی بەکاری بهێنی، پێویستە سەردانی پزیشک بکەی تا  پزیشک جگە لە نۆڕینی خۆی  چەند پشکنینێکی تاقیگە و تیشکت بۆ بنوسێ تا هۆکار و لێکەوتەکانی نەخۆشیەکە دەسنیشان بکات.


PM:02:51:17/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 1912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌