پێشمه‌رگه سپۆرت - میران محه‌مه‌د
پاش ڕاكێشانی تیروپشك به مه‌به‌ستی به‌ڕێوه چوونی یارییه‌كانی خولی نایابی تۆپی پێی تازه‌پێگه‌یشتوانی یانه‌كانی كوردستان ، یانه‌ی پێشمه‌رگه له كۆمه‌ڵه‌ی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری حه‌وت یاری ئه‌نجام ده‌دات و له یه‌كه‌م یاری خۆیدا ده‌بێته میوانی یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان .
تازه‌پێگه‌یشتوانی پێشمه‌رگه له دووه‌م یاری میوانداری له بابانی هاوشاری ده‌كات و دواتر و سێهه‌م یاری پێشمه‌رگه‌كان ڕوو ده‌كه‌نه شارۆچكه‌ی چوار قوڕنه و ده‌بنه میوانی تازه‌پێگه‌یشتوانی یانه‌ی چوار قوڕنه ، پاشان له شاری سلێمانی چواره‌م یاریان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و میوانداری له یانه‌ی ئاشتی ده‌كه‌ن و دواتر له پێنجه‌م یاری و له‌سه‌ر یاریگه‌ی یانه‌ی سیروانی نوێ ده‌بێته میوانی یانه‌ی خاوه‌ن یاریگه .
پێشمه‌رگه هه‌ر له شاری سلێمانی ده‌مێنێته‌وه و له شه‌شه‌م یاری میوانداری له تازه‌پێگه‌یشتوانی یانه‌ی چه‌م چه‌ماڵ ده‌كات و له كۆتا یاریش له شاری كه‌لار ده‌بێته میوانی یانه‌ی شێروانه .