‌ھۆکار و چارەسەریی وشکبوونەوەی چاو


ته‌ندروستی‌ - 

وشکبوونەوەی چاو بارودۆخێکە کە تێیدا فرمێسکە ڕژێنەکان توانای بەرھەمھێنانی بڕی تەواو لە فرمێسکیان نامێنێت، یانیش بڕی فرمێسک کەم نیە بەڵام پێکهاتەی فرمێسک ناتەواوە واتا کوالیتی باش نیە،، دکتۆر ئاری پسپۆری چاو زانیاری زیاتر له‌م بابه‌ته‌دا ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"بەم حاڵه‌ته‌ چاو تووشی چەند کێشەیەک دەبێت لەوانە، سوربوونەوە و ھەڵاوسان و ئازاری چاو، لەبەر ئەوەی فرمێسک چاو لە ماددە زیان بەخشەکان پاک دەکاتەوە و نێوانی چاو و پێڵوی چاو چەور دەکات بۆ ئەوەی چاو بە ئاسانی جوڵە بکات."

گرینگترین نیشانەکانی وشکبوونەوەی چاو ئەمانەن: 
1- وشکبونەوە و خورانێکی زۆری چاو.
2- ھەستیاری بوون بە ڕوناکی.
3- کەم بوونەوەی توانای بینین .
4- ھەستکردن بە ھیلاکبوونی چاو.
5- بوونی لینجە ماددە لە دەوری چاو.
6- ھەندێک کات وا ھەست دەکەیت شتێک لەناو چاوت دایە.
7- سوربوونەوەی چاو. 

ئەو ھۆکارەکانە چین کە دەبنە ھۆی وشکبوونەوەی چاو: 
1-ھەستیاری و هەوکردنی ڕژێنەکانی چەوری چاو
2-بەرەو پێش چوونی تەمەن.
3- ھەندێک نەخۆشی گشتی وەک شەکرە و ڕۆماتیزم .
4- بەکارھێنانی ھەندێک جۆری دەرمان ،وەك دەرمانی هەستیاری و فشاری خوێن و دەروونی.
5- ھۆکارە ژینگەییەکان وەك گەرما وبای بەهێز ، دووکەڵی جگەرە ، زۆر بەکار هێنانی شاشەکان.
6- بەکارھێنانی هاوێنە چاو (عەدەسە ) 
7-  پاش ئەنجامدانی لەیزەری چاو 

چارەسەرکردن و ڕێنمایی بۆ وشکبوونەوەی چاو : 
1- بەکارھێنانی چاویلکەی تایبەت کە چاوت لە تیشکی خۆر بپارێزێت .
2- ڕێگە مەدە گەرمی و ھەوا ڕاستەوخۆ بەر چاوت بکەوێت. 
3- کەمکردنەوەی شاشەکان بەپێی توانا و زۆر چاوپرکاندن و خواردنەوەی ئاو.
4- بەکارھێنانی قەترەی شێکەرەوەی تایبەت و دەرمانی omega3 لە ژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ .
5- هەندێک جار پێویست دەکات بە نەشتەرگەری بچووك کونی فرمێسک دابخەین .


PM:07:10:20/12/2021




ئه‌م بابه‌ته 1956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌