‌ئیگزیما چیە.. دەتوانرێت ڕێگەی لێ بگیرێت؟


ته‌ندروستی‌ - 

ئیگزیما بریتیە لە نەخۆشیەکی درێژخایەنی پێست کە پێک دێت لە ووشک بوونەوە و سووربونەوەو خورانێکی زۆری پێست کە بە پێی تەمەن شوێنی نەخۆشیەکە لە پێستی نەخۆشەکە لەوانەیە بگۆرێت٫ بەڵام لە منداڵی بچوک بەهیچ شێوەیەک لە ناوچەی دایبی دەرناکەوێت، دكتۆر پشدەر پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان له‌م بابه‌ته‌دا ڕێنمایی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌ دایكان و باوكان ده‌دات.

ئیگزیما زۆرتر لەو منداڵانەدا دەردەکەوێت کە لە خێزانەکانیاندا حاڵەتی هەستیاریان ( حەساسیەت) هەبێت وەک ئیگزیما،ڕەبۆ یان هەر حاڵەتێکی هەستیاری پێست یان کۆئەندامی هەناسە.

پێدەچێت نەخۆشیەکە بەهۆی کێشە لە درووست بوونی یەکێک لە پڕۆتینەکانی پێستەوە بێت کە پێی دەووترێت فیلاگرین.

هەرچەندە نەخۆشیەکە درێژخایەنە و بەپێی کات زیادو کەم دەکات، بەڵام زۆرێک لەو منداڵانەی نەخۆشیەکەیان هەیە لەگەڵ گەورەبوون نەخۆشیەکەیان  نامێنێت.

بۆ دڵنیابوون لە دیاری کردنی نەخۆشیەکە ئەبێت سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت.

چارەسەرکردن:
هەندێک دەرمان و کرێمی نەرمکەرەوەو شێدارکردنی پێست هەیە کە پێویستە  پزیشک بۆ منداڵەکەت بنووسێت، تکایە لە خۆتەوە هیچ دەرمانێک بۆ منداڵ بەکارنەهێنیت، چونکە بچوکترین هەڵە لە پێدانی بڕو جۆری دەرمانەکە ژیانی منداڵەکەت ئەخاتە مەترسیەوە.

ئه‌م پزیشكه‌ كۆمه‌ڵێك زانیاری پێویست ده‌داته‌ دایکان و باوکان زۆر گرنگە بیزانن بۆ ڕێگە گرتن لە ئیگزیما:
1- نابێت زوو زوو منداڵەکە بشۆریت.
2- ئەبێت ماوەی شۆردنەکە واتە مانەوە لە حەمام کەمتر بێت لە ۱۰ دەقیقە.
3- ئەبێت زوو زوو کرێمی شێدارکردن و نەرمکەرەوەی پێستی بە گوێرەی ڕێنمایی پزیشک بۆ بەکار بهێنیت بە تایبەت دوای شۆردن.
4- شۆردن بە ئاوی شیلەتێن واتە نابێت زۆر گەرم  بێت.
5- سابونی زۆر بە کەمی بۆ بەکاربهێنرێت.
6- نابێت بۆن و موعەتەرو هەموو ئەو شتانەی کە خورانی پێست زیاد ئەکەن بۆ منداڵێک کە ئیگزیمای هەبێت بەکار بهێنرێت.
7- نابێت جلەکانی خوری بێت یان فایبەری زۆر بێت بەڵام لۆکە باشترە.
8-ئەو خواردنانەی مەدەرێ  یان زۆر کەم بیدەرێ کە هەستیاری زۆر  دروست ئەکەن وەکو هێلکه‌، گوێز.
9- ئەگەر منداڵەکە لەکاتی ئیش کردنی ڕۆژانەی دەستی زۆر خستە ناو ئاوەوە، ئەوە پێویست ئەکات کە دەستکێشی بۆ بۆ لەدەست بکەیت.
10- هەوڵ بدە لەو چالاکیانە دووری بخەیتەوە کە ئارەق کردنەوەی زۆری تێدایە.
11- پێویستە ئامێری شێدارکردنەوە بەکار بهێنیت لە ماڵەوە بەتایبەتی ئەگەر لە وەرزی زستاندا ئامێری گەرمکەرەوەکە هەوای ماڵەوەی ووشک کردبۆوە یان لە وەرزی هاویندا ئامێری فێنک کەرەوەکە شێداری ماڵەکەتی کەم کردبۆوە.
12- شوێنی خەوتنی منداڵەکە پێویستە فێنک بێت چونکە ئارەق کردنەوە خوران و ئیگزیماکە خراپتر ئەکات.


PM:06:41:18/12/2021




ئه‌م بابه‌ته 1780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌