چه‌ند ڕێنماییه‌كی گرنگ بۆ نەخۆشانی ئێکزیما


ته‌ندروستی‌ - 

ئێكزیما یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌كانی پێست و زیاتر له‌ وه‌رزه‌ سارده‌كان كه‌سی توشبوو گرفتی بۆ دروست ده‌بێت، دکتۆرە سەرگوڵ پسپۆری نەخۆشیەکانی پێست وجوانکاری له‌م بابه‌ته‌دا كۆمه‌ڵێك ڕێنمایی زۆر گرنگ ده‌داته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ توشبووی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ن.

1-چەندین هۆکار هەیە کە دەبێتە ھۆی خراپ بوونی حاڵەتی ئێکزیماکەت هەر لە سابونی بۆندار بگرە تا خۆڵ و تۆز بۆیە پێویستە ئەو هۆکارانە بزانی و لێیان دوربکەویتەوە.

2-پارێزگاریکردن لە شێداری پێست: کرێمە شێدارکەرەوەکان بەباشترین هۆکار دادەنرێن بۆ زاڵبوون بەسەر ئێکزیما بۆیە پێویستە پابەند بن بە بەکارھێنانیان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و بەردەوام بەتایبەت دوای شوشتن و حەمام کردن.

3-دورکەوتنەوە لە خوراندنی شوێنی ئێکزیما: ئاشکرایە ئێکزیما خورانی لەگەڵە بەڵام خوراندنی شوێنەکە دەبێتە ھۆی زیادکردنی خوران و بریندار کردن و بەمەش تووشی هەوکردن دەبێت بۆیە باشترە لەجیاتی خوراندنی رێکاری تر بگریتە بەر بۆ کەمکردنەوەی خوران وەکو دانانی شتی سارد لەسەر شوێنەکە.

4-کەمکردنەوەی عەرەق کردن: لای هەندێک کەس گەرمی و عەرەق کردنەوەی زۆر دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانەوەی ئێکزیما بۆیە باشترە پاش هەرکارێک کە دەبێتە هۆی عەرەق کردنەوە وەک وەرزش کردن راستەوخۆ خۆیان بشۆن.

5-پۆشینی جلوبەرگی دروست: جلی لۆکە باشترین جۆرە بۆیان وە دەبێت دوور بکەونەوە لە جلی سوف و خوری .

6-زاڵبون بەسەر دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی کە دەبێتە هۆی ئەگەر ی سەر هەڵدانەوەی ئێکزیما.

7-پابەندبون بە رێنماییەکانی تایبەت بە خۆشۆردن، بە دەرکەوتنەوە لە زۆر خۆشۆردن و بەکارھێنانی لیفکە و ئاوی زۆر گەرم وە بەکارھێنانی پاککەرەوەی تایبەت.

8-گرنگی دان بە دەستەکان بە بەکارھێنانی دەستکێش و کرێمی شێدارکەرەوە.

9-دەرمانی ئێکزیما تەنها لەکاتی زۆر پێویست بەکاربھێنرێت، ئەگەر جێبەجێ کردنی ئەو رێنماییانەی سەرەوە سوود ی نەبوو پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆری تایبەت بکەن بۆ چارەسەری.



PM:06:48:21/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 1748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌