پێشمه‌رگه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئاگرینه‌ - خولی‌ نایابی‌ باله‌ی‌ عێراق ده‌ست پێده‌كات




پێشمه‌رگه‌ سۆرت - میران محه‌مه‌د

یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق له‌ شاری‌ به‌غداد و له‌ نێو هۆڵی‌ هۆتێل دیجله‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ هونه‌ری‌ بۆ به‌ڕێوه‌ چوونی‌ خولی‌ نایابی‌ باله‌ی‌ یانه‌كانی‌ عێراق ئه‌نجام دا .

كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌به‌شداری‌ نوێنه‌ری‌ 16 یانه‌ی‌ به‌شداری‌ خوله‌كه‌ بوو تێیداو سه‌ره‌تا و پێش ده‌ست پێك سه‌بیح حه‌نتوش سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ پێشبڕكێكان له‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق ڕایگه‌یاند كه‌ به‌ بڕیاری‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانی‌ ( مه‌دینه‌ شهدا ، قه‌ره‌قوش ، به‌ستاملی‌ و كوفه‌ ) ڕاسته‌وخۆ له‌ قۆناغی‌ چوار گۆشه‌ی‌ زێڕینی‌ خولی‌ پله‌ یه‌كی‌ باله‌ی‌ یانه‌كانی‌ عێراق گه‌یشتونه‌ته‌ خولی‌ نایاب ، ئه‌مه‌و دوایی‌ ئه‌و بڕیاره‌ یانه‌ی‌ كوفه‌ به‌ فه‌رمی‌ داوایان كرد له‌ خوله‌كه‌ بكشێنه‌وه‌ به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ یانه‌كه‌یان و داواكه‌یان په‌سه‌ند كرا .

دواتر بڕیار درا كه‌ 15 یانه‌ی‌ به‌شداری‌ خوله‌كه‌ دابه‌شی‌ سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ بكرێن و له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ یه‌كه‌م یانه‌كانی‌ ( به‌حری‌ ، شوڕته‌ ، سه‌ناعه‌ ، هه‌ولێر ، مه‌سافی‌ شیمال ، حه‌دیسه‌ ، مه‌دینه‌ شهدا و قه‌ره‌قوش ) یاری‌ ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵه‌ی‌ دووه‌می‌ یانه‌كانیش بریتی‌ ده‌بن له‌ یانه‌كانی‌ ( غاز جنوب ، جه‌یش ، پێشمه‌رگه‌ ، حه‌بانیه‌ ، دووكان ، به‌له‌د و بستاملی‌ ) به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن .

سه‌باره‌ت به‌ واده‌ی‌ به‌ڕێوه‌ چوونی‌ یارییه‌كانی‌ خوله‌كه‌ لیژنه‌ی‌ پێشبڕكێكان له‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق بڕیاری‌ دا كه‌  یارییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ یه‌كه‌م له‌ به‌رواری‌ 27 ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2021 و له‌ شاری‌ به‌غداد ده‌ست پێبكات و یارییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ دووه‌م له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و له‌ به‌رواری‌ 28 ی‌ تشرینی‌ دووه‌م ده‌بێت و هۆڵی‌ یانه‌ی‌ پێَشمه‌رگه‌ میوانداری‌ ده‌كات .

هه‌رچی‌ سه‌باره‌ت به‌ یاریزانی‌ پیشه‌گه‌ره‌ یه‌كێتییه‌كه‌ بڕِیاری‌ دا كه‌ هه‌ر یانه‌یه‌ك ده‌توانێت به‌ یاریزانێكی‌ پیشه‌گه‌ر پێكهاته‌كه‌ی‌ به‌هێزتر بكات و یه‌ك جاریش بۆی‌ هه‌یه‌ ناوی‌ یاریزانه‌كه‌ی‌ له‌ لیستی‌ پێكهاته‌كه‌ی‌ بگۆڕێت .

یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق له‌م وه‌رزه‌ جیاواز له‌ وه‌رزه‌كانی‌ ڕابردوو جامی‌ سوپه‌ر ئه‌نجام ده‌دات و هه‌ردوو یانه‌كانی‌ غاز و به‌حری‌ یاری‌ جامه‌كه‌ له‌ هۆڵی‌ یانه‌ی‌ شه‌عب و له‌ به‌رواری‌ 25 ی‌ تشرینی‌ دووه‌م ئه‌نجام ده‌ده‌ن .

له‌ دوا بڕیاری‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ هونه‌ری‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق سه‌باره‌ت به‌ خولی‌ نایاب بڕیار درا كه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك 4 یانه‌ ده‌گاته‌ خولی‌ بژارده‌ دوایی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ دوو قۆناغی‌ خوله‌كه‌ زۆرترین خاڵ كۆده‌كاته‌وه‌ .

جێگه‌ی‌ باسه‌ قۆناغی‌ دووه‌می‌ خولی‌ نایابی‌ باله‌ی‌ یانه‌كانی‌ عێراق له‌ به‌رواری‌ 20 / 12 / 2021 ده‌ست پێده‌كات و پێش ده‌ست پێكی‌ ئه‌و قۆناغه‌ پارێزگه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ چوونی‌ یارییه‌كان دیاری‌ ده‌كرێن .



PM:10:49:15/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 2144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌