بومەلەرزەکەی هەڵبژاردن تەنها هەولێرو دهۆکی گرتەوە!


ئاراس رواندزی -

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکانی کوردستان ئەنجامدرا، لە سلێمانی دۆخەکە هیچ نەگۆڕاوو هەمان کەسانی پێشوو دەرچوونەوە، وەک ئەوەی کارەکتەرە سەرەکیەکانی ئەو یانانە خاوەنی زۆرترین دەسکەوت و شانازی بووبن و بە دەنگ پێدانەوەیان پاداشت کرابن! لە هەولێرو دهۆکیش گۆڕانکارییەکان وەک روودانی بومەلەرزە بوون.

ساڵانێکی دوورو درێژ بوو یانەکانی کوردستان لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبران تەنانەت ئاوێنەش لە بینینی دەموچاویان بێزار ببوو، هۆشداریدان و هاوارو توڕەیی  مێدیاکاران بەگشتی، ژینگەیەکی باشی دروستکرد، بۆ ئەوەی بەر لەم پڕۆسەیە ئیڕادە دروست بێت و گۆڕانکاری بێتە کایەوە.

بومەلەرزەکەی هەولێر 9 پلە بوو

 لە هەولێری پایتەخت بەهێزی بومەلەرزەکە گەورەترین گۆڕانکاری لە هەیکەلی کارگێڕی تیپەکەی قەڵاو منارە دروستکرد، کۆمەڵێک گەنج و وەرزشکاری راستەقینە هاتنە پێش و توانیان زۆرینەی دەنگەکان ببەنەوە، وێڕای دەرچوونەوەی دکتۆر عەبدوڵڵاش کە شازدە ساڵ سەرۆکایەتی یانەکەی کرد، بەڵام دەستیلەکارکێشایەوە، بەو هەنگاوەش دەسکەوتێکی دیکەی خستە سەر کۆی ئەو شانازی و سەروەرییە زۆرانەی کە لە ماوەی رابەرایەتیکردنی یانەکە بەدەستیهێنا بوو. ئێستا یانەکە کەوتە دەستی کۆمەڵێک لاوی وەرزشکار کە بە کوڕی یانەکە ئەژمار دەکرێن، بە گوتەی خۆیان بەرنامەکانیان بە شێوەیەکە لە رووی داراییەوە دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن، بە بڕوای من ئەوە یەکێکە لە پایەو فاکتەرە گرنگەکانی سەرکەوتن، بە مەرجێک توانای جێبەجێکردنیان هەبێ، چونکە لە ماوەی ساڵانی رابردوو گرفتی دارایی گەورەترین لەمپەری بەردەم بەرەوپێشچوونی یانەکە بووە. 

لێرەدا دوو شت بەلای منەوە گرنگە کە پێویستە دەستەی نوێ کاری لەسەر بکەن، شەفافیەتی دارایی کە بەشێوەیەک ساڵانە خەرجی و داهاتەکان بخەنە ڕوو، هەروەها دانانی بناغەیەکی پتەو، ئەویش بە کردنەوەی فێرگە و ئەکادیمیای جۆراو جۆر، بەو مەرجەی ئەو کەسانەی بەڕێوەی دەبەن ئەزمووندارو لێهاتوو بن، تاکە ترسی من لەو دەستەیە ئیدارەدانە، چونکە تەواوی ئەندامانی دەرچوو ئەزموونیان تەنها لە وەرزش هەیە، لێ شارەزایی لە کایەکە بێ هەبوونی ئەزموون لە بەڕێوەبردن، دوور نیە ریسەکە بکاتەوە بە خوری!
دهۆکیش بڕیاری گۆڕانکارییدا 

لە دهۆکیش گۆمەکە بە تەواوی شڵەقاو گۆڕانکاری گەورە ڕوویدا، وێڕای گۆڕینی سەرۆک، هەردوو یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق (خالید موشیر و جاسم حاجی) یش بوونە ئەندامی دەستەی کارگێڕی، ئەوەش خۆشحاڵی شەقامی وەرزشی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

لە سلێمانی شنەبا بوو! 

ئەوەی لەم هەڵبژاردنە مایەی نیگەرانی و نیشانەی پرسیار بوو، چەقبەستووی دۆخی یانەکانی سلێمانی و روونەدانی هیچ گۆڕانکارییەک بوو لە شارێک کە هەمیشە یاخیەو حەز بە نوێبوونەوەو گۆڕان دەکات! راستی من بەلامەوە سەیرە وەرزش لەو دەڤەرە ئازیزە لە پاشەکشەدایە، یانەی سلێمانی دایک کە دەبوو لە نایابی عیراق بێ، ئێستا لە خولی پلە دووی کوردستان یاری دەکات! لە وەرزشەکانی دیکەش ئەو شارە خۆشەویستە بە گشتی ئاستی لە داکشاندایە، سەرانی یانەکانی دیکەش بە هەمان شێوە کارێکیان نەکردووە کە شایستەی چەند بارە دانانەوە بن، من نیگەرانم کە گڕی ئەو شۆڕشە سپیە سلێمانی نەگرتەوە، بۆیە پێویستە مێدیاکارانی ئەو دەڤەرە سارد نەبنەوەو رژدتر بن و بە گوڕوتینێکی زیاتر فشار لە دەسەڵاتدارانی ئەو شارە بکەن، چونکە روونە کە ئیڕادەی گۆڕانکاری بێ ئۆکەی حزبی باڵادەست بەدی نایەت.

بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ بڵێین ئەو هەڵبژاردنە مێژوویی بوو، چونکە دوای ئەو هەموو ساڵە، توانی لە هەندێ شوێن گۆڕانکاری ریشەیی بێنێتە کایەوە، لە هەمووشی گرنگتر دەرگایەکی گەورەشی واڵا کرد، بۆ ئەوەی لە داهاتووی نزیکدا ئەو شۆڕشە سپیە پەل بهاوێژێت و تەواوی دامەزراوە وەرزشیەکانی دیکەش بگرێتەوە.


PM:03:47:11/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌