‌ئاگاداربه‌.. ئازاری گه‌ده‌ له‌م كاته‌دا نیشانه‌ی‌ جه‌ڵته‌ی‌ دڵه‌



ته‌ندروستی‌ - 

جەڵتەی دڵ نەخۆشیەکی مەترسیدارە بەهۆی تەسک بوونەوەو گیرانی ئەو بۆڕیە خوێنانە ڕوودەدەن کە خوێن بۆ بەشەکانی دڵ دەبەن ، یەکێکە لەو نەخۆشیە ئیمێرجنسی و لەناکاوانەی کە پێویستی بە چارەسەری خێراو دەم و دەست هەیە،دكتۆر شێروان پزیشکی شارەزای گشتی له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو و هۆشداری ده‌دات.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" جەڵتەی دڵ بە زۆر شێوە خۆی نیشان دەدات ، جۆرە باوەکەی بریتیە لە ئازاری لای چەپ یان ناوەڕاستی سنگ کە زۆر جار بڵاودەبێتەوە بۆ قۆڵ و پشت ، هێڵنج دان و ڕشانەوە ، هەناسە تەنگی ، ئارەقە کرنەوە و بێتاقەتی ."

بەڵام مەرج نیە هەموو جار بەم شێوەیە خۆی نیشان بدات و نەخۆش هەموو ئەو نیشانانەی هەبێت، بەڵکو دەکرێ بەشێوەیەک بێ تەواو جیاواز لەو نیشانانە ، جا ئەوەی مەبەستمە لێرە تیشکی بخەمە سەر ئەوەیە زۆر جار ئازاری جەڵتەی دڵ لە سنگ نابێت بەڵکو لە خوار ئێسکی ناوەڕاستی سنگ و سەرەوەی ناوک دەبێت ، نەخۆش وادەزانێ سەرچاوەی ئازارەکە لە گەدەوەیەتی بۆیە دەچێ حەبێکی ئۆمیپڕازۆڵ یان هەر حەبێکی تری گەدە وەردەگرێ ، جا خۆی لەخۆیدا ئەوە کارێکی تەواو مەترسیدارەو نەخۆش دوادەخا لە چارەسەری خێرای جەڵتەکەو ڕەنگە زۆرجاریش بەهۆی دواکەوتنی چارەسەر نەخۆش دووچاری مردن بکاتەوە .

بۆیە پێویستە ئازاری سنگ و خوارەوەی سنگ بەهەند وەربگیرێت و بەهیچ شێوەیەک بێ ڕاوێژی پزیشک چارەسەر وەرنەگیرێت چون ڕەنگە ئەو ئازارەی سنگ تۆ بە گرژبوونی ماسولکە (تشنج عچلی) و ئەو ئازارەی سەرەوەی ناوک تۆ بە گەدە تێیگەیشتووی ، جەڵتەی دڵ بێت و وەرگرتنی چارەسەر بێ گەڕانەوە بۆ پزیشک ژیانت بخاتە مەترسیەوە .



PM:06:49:09/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 2140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌