‌پسپۆڕێكی ده‌رونی: بۆ ئارامبوونه‌وه‌ی‌ ده‌رونتان سوود له‌م هه‌نگاوانه‌ وه‌ربگرن


ته‌ندروستی‌ - 

بۆ خاڵیبوونەوە لە ناخۆشییەکان و ئاسودەکردنی دەروون، پێویستە مرۆڤ کاتی تایبەتی هەبێت بۆ ئەو چالاکییانەی کە چێژبەخشن و مرۆڤ ئارامدەکەنەوە. زۆر چالاکی هەیە کە دەبنە هۆی سودی دەروونی بۆ مرۆڤ، چێژی تایبەتی بەدەروون دەدەن و مرۆڤ ئارام و هێوردەکەنەوە و لە ناڕەحەتییەکان خاڵیدەکەنەوە. بۆ دەرووندروستی تاک ئەم چالاکییانە ئارامبەخشن كه‌ دكتۆر جه‌عفه‌ر پسپۆڕی ده‌رونی باسیان ده‌كات.

1- وەرزشی ڕۆژانە؛ جگە لە سودە جەسەتییەکانی سودی دەروونی زۆری هەیە و مرۆڤ ئارام دەکاتەوە. وەرزش جۆر و شێوازی زۆرە، کامیان بۆتۆ گونجاوە ئەوەیان ئەنجامبدە.

2- پیادەڕەوی؛ جۆرێکە لە وەرزشکردنی ناهەوایی کە ئاسودەیی دەداتە دەروونی تاک، ئاسانترین چالاکییە کە مرۆڤ ئەنجامیبدات.

3- سەیرکردنی فیلمی دڵخواز؛ هەندێک کەس چێژ لە سەیرکردنی فیلم دەبینن و ئارامیاندەکاتەوە، ئەو فیلمەی چێژیلێوەردەگریت ئەوەیان هەڵبژێرە.

4- ئەنجامدانی وێنەکێشان و کاری دەستی؛ لە ڕێگەی هونەرەوە ئارامییەکی زیاترت دەبێت، لە ناو سروشت ئەو کارە بکەیت یاخود لە ماڵەوە، دڵنیابە سودی زۆری هەیە!

5- یارییەک کە ئارەزووی دەکەیت؛ یاری فکری یان کۆمەڵایەتی بێت، یاخود تەنانەت یارییە ڤیدیۆییەکان ئەگەر لە کاتی خۆی زیاتر نەیکەیت. هەموویان سودیان هەیە بۆ مرۆڤ و چێژ دەدەنە دەروون.

6- ئەنجامدانی یۆگا، مێدیتەیشتن، هەناسەدانی قوڵ؛ ئامانج لێیان ئارامی دەروونی تاک و هێورکردنەوەیەتی، بە مەبەستی بەدەستهێنای دەرووندروستییەکی باشتر.

7- چالاکییە ڕووحییەکانی؛ وەکو نوێژکردن، ویردەکان، قورئانخوێند، پاڕانەوە، ... هەموویان ئاسودەیی دەدەنە مرۆڤ و دەروونی ئارامدەکەنەوە و لە خەمەکان دووری دەخەنەوە.

8- گەشتکردن و گەڕان؛ گەشتەکە کورتخایەن بێت یان درێژخایەن، بۆ شوێنێکی نزیک بێت یاخود دوور، سودی زۆر و تایبەتی هەیە و هەناسەدانێکی دەروونی باشە بۆ مرۆڤ.

9- گوێگرتن لە قورئان یان میوزیک! کامیان بۆتۆ ئارامکەرەوەیە، ئەوەیان هەڵبژێرە.

هەرکەسە و بە چەند جۆرێک لەو جۆرانە ئاسودە دەبێت، مەرج نییە چێژ لە هەموویان وەربگرێت. جیاوازی کەسی زۆرمان هەیە لەو شتانەی کە چێژمان پێدەبەخشن. کەواتە کامەیان بۆ تۆ ئارامبەخشە ئەوەیان هەڵبژێرە. دەبێت مرۆڤ بە بەرنامە ئەو چالاکییانە بکات و بە کاری زیادەیان نەزانێت و بەشێک بن لە ژیانی ڕۆژانەی!


PM:07:30:02/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 1476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌