‌هەندێك جۆری دەرمان هۆكاره‌ بۆ گۆرینی رەنگی ددانەکان



ته‌ندروستی‌ - 

خواردنی ھەندێ دەرمان کاریگەری خراپ لەسەر ددان بەجێ دەھێلێت و رەنگێکی زەردباو تاریکیان لەسەر جێ دەھێلێت، ئەم حالەتە بەتایبەت کاتێك دەردەکەوێت کە دەرمانێک بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاربھێنرێت، دكتۆره‌ تروسکە پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی ددان له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

حالەتی گۆرانی رەنگی ددانەکان بەھۆی دەرمانەوە زیاتر لە  ددانی مندالاندا دەردەکەوێت  بە بەراورد بە گەورەکان لەبەر ئەوەی ددانی مندالان لە کاتی دروستبوون و پێگەیشن و گەشەدان و دەرمان زیاتر کاریگەریان لەسەر جێ دەھێلێت.

ئافرەتانی دووگیان پێویستە بزانن بەکارھێنانی  ھەندێ دەرمان لەکاتی دووگیانیدا ،ھۆکارێکی ترە بۆ گۆرانی رەنگی ددانی مندالەکانیان و بۆیە زۆر پێویستە لەژێرچاودێری پزیشک و لە ژێر رێنمایی پزیشکدا دەرمان بەکاربھێنن.

کام دەرمانانە دەبنە ھۆی گۆرانی 
رەنگی ددان؟
1-دەرمانەکانی دژە ھەستیاری لە جۆری (ئەنتی ھیستامینەکان)
2-دەرمانی دابەزاندنی پەستانی خوێن
3-جۆرە جیاوازەکانی شروبی ئاسن
4-دژە زیندەیەکان(دژە بەکتریاکان)

سەرباری ئەو کاریگەریەی نەرێنیە دەرمانەکان، ناتوانرێت و ناکرێ بەکارنەھێنرێن و لە کاتی پێویستدا  زۆر زەرورە بەکاربھێنرێن ،بەلام بۆ دوورکەوتنەوە لەو لایەنە نەرێنیە دەکرێ چەند رێگایەکی خۆپارێزی بەکاربھێنرێ.

چارەسەرەکان
1-شروبی ئاسن جا چ بۆ مندال بەکاربێت یان گەورە دەکرێ بە قەسەب بخورێتەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ قوت بدرێ و بەر ددانەکان نەکەوێ.
2-یاخود دەکرێ دوای بەکارھێنانی دەرمان غەرەرغەرەیەک بە ئاو بکەیت.
3-سپیکردنەوە بە لەیزەر و بەکارھێنانی مەعجونی سپیکردنەوە ش رێگایەکی ترن لە چارەسەرەکان.

تێبینی:
مندالان زەرەرمەندی یەکەمن لەم لایەنەدا و ئەم حالەتەیان  تێدا بەربلاوە ،بۆیە زۆر گرینگە بێ راوێژی پزیشک دەرمان  بەکارنەھێنرێت و لە ژێرچاودێری و بە پێی رێنمای دروست بەکاربھێنرێت باشتره‌.


PM:10:36:22/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 2256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌