لەسییەكاندا لەسلێمانی، لێدانی یەكلاكەرەوە (پەناڵتی) نەبووە، ئەی چیان كردووە ؟
پێشمهرگه سپۆرت - كاوان ئەبوبەكر
رۆژنامەی (ژیان) كە "غەزەتەیەكی سیاسی، ئەدەبی، ئیجتیماعی" بووەو هەفتەی جارێك لەشاری سلێمانی دەرچووە، لەژمارەكانی (394، 396، 398)ی ساڵی 1934 دا كاتێك كە پیرەمێردی شاعیر بەرپرسی ئەو رۆژنامەیە بووە (پیرەمێرد لەژمارە 321 تا دوا ژمارەی ئەم رۆژنامەیە كە ژمارە 553 بووەو لە 10 ی مارتی 1938 دا دەرچووە، خاوەنو بەرپرسی رۆژنامەكە بووە)، بە دوو هەواڵو وتارێك باسی تۆپی پێی سلێمانی كردووە.
ژمارە (398)ی رۆژنامەی ژیان كە رۆژی پێنجشەممە (19ی نیسانی 1934) دەرچووە، لەلاپەڕە سێدا هەواڵێكی لەسەر یاری كۆتایی خولێكی تۆپی پێ بڵاوكردۆتەوە.
لەهەواڵەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە رۆژی یەكشەممە (15/4/1934) لەیاریگەی كانێسكان یاری كۆتایی لەنێوان (مەعاریفو جەیش) كراوە، رۆژێك پێش یارییەكە ئامادەكاری تەواو كراوەو چادرهەڵدراوەو لیژنەی خولەكە پیاوانی شارو بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانیو مەئمورەكانی بانگهێشت كردووە بۆ بینینی یارییەكە.
لەدوای جگەرەو چا خواردنەوەی میوانەكان، لەسەعات چوار یارییەكە دەستی پێكردووەو (ئەسكەندەر ئەفەندی) دادوەری یارییەكە بووە.
دوای (80) دەقیقە یاریكردن، واتە گێمی (40) دەقیقە بووە، یارییەكە بەبێ گۆڵ كۆتایی هاتووە، دواتر لەلایەن وەكیلی موتەسەریفی لیوا بەڕێوەبەری پۆلیس (جەمیل بەگ)ەوە مەدالیا كراوەتە ملی یاریكەرەكانی هەردوو تیپەوە.
لەبەر ئەوەی یاری تۆپی پێ یارییەكی نوێ بووەو لەو سەردەمەدا لێدانی یەكلاكەرەوە (پەناڵتی) نەبووەو یارییەكش بەیەكسانی كۆتایی هاتووە، لیژنەی ئیدارە بڕیاریانداوە كاسەكە بەهاوبەشی بۆ هەردوو تیپ بێت، بەجۆرێك كاسەكە شەش مانگ لای تیپی مەعاریفو شەش مانگ لای تیپی جەیش بووە.
دەقی هەواڵەكە بەڕێنوسی ئێستا:
موسابەقەی نیهائی فوتبۆڵ
رۆژی یەكشەممە موسادفی 15/4/1934 لەساحەی كانێسكاندا موسابەقەی نیهائی لەتەرەف فرقەی مەعارفو جەیشەوە كرا.
زاتەن رۆژێك لەوەو پێش لەتەرەف لیژنەی موسابەقەی فوتبۆڵەوە هەموو ئەشراف مەملەكەتو روئەسای دەوائرو مەئمورین بە تەزكەرە مەخسوس دەعوەت كرابوونە ژێر ئەو چادرانەی كە لەتەرەف جەیشەوە ئیحزار كرابوو، لەدوای جگەرەو چایی خواردنەوە لەسەعات چواری زەوالیدا دەستكرا بەیاریو ئەسكەندەر ئەفەندی كە حەكەم بوو بەسورەتێكی عادیلانە هەتا خیتامی یارییەكە مونتەزیمەن ئیدارەی كرد.
لەدوای موسابەقەیەكی (80) دەقیقەیی هیچ لایەك زەفەریان بەیەكتر نەبردو مەدەت ختامی هات.
ئەنجا هەردوو فرقە كە لەحزور لیژنەی ئیدارەدا وەستان چەند مەدالیایەك كە لەوەپێش ئیحزار كرابوون لەلایەنی وەكیلی سەعادەتی موتەسەرفی لیوا مودیر پۆلیس موحتەرەم جەمیل بەگەوە هەر یەكە مەدالیایەكیان بە بەرۆكا كرا.
لەبەرئەوەی هیچ لایەك غالب نەبوونو هەردوولا وەكو یەك بوون لەتەرەف لیژنەی ئیدارەوە قەرار درا كە ئەم كاسە موشتەرەكە لەبەین هەر دوو لادا بمێنێتەوە، یەعنی شەش مانگ لای مەعاریفو شەش مانگ لای جەیش بێ.