هۆكاره‌كانی دروستبوونی په‌ڵه‌ له‌سه‌ر پێست له‌ وه‌رزی هاویندا



ته‌ندروستی‌ - 

پەڵەی پێست یەکێکە لە کێشە باوەکانی پێست. کە کاریگەری زۆری ھەیە لە سەر دەروونی کەسی توشبوو، وە بەردەوام بەدوای چارەسەر دەگەرێن،دكتۆره‌ سه‌رگوڵ پسپۆڕی پێست و جوانکاری و لەیزه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا كاریگه‌ری وه‌رزی هاوین له‌سه‌ر پێست ده‌خاته‌ ڕوو.

کە لە شێوەی پەڵەی قاوەیی تۆخ یان کاڵ یان خاڵی ورد دەردەکەوێت بە هۆی زیاد دروست کردنی ڕەنگ (melanin) لە لایەن ئەو خانانەی کە بەرپرسن لە دروستکردنی ڕەنگی پێست کە بە (melanocytes) ناسراون.

ئەو پەڵانە زیاتر لەو کەسانەی کە  ڕەنگی پێستیان تۆخە دەردەکەوێت.هەموو شوێنێکی جەستە لەوانەیە پەڵەی تێدا درووست ببێت بەڵام بە زۆری لە دەموچاو بەتایبەتی نێوچەوان، ڕوومەت، چەناگە، سەر لێو و کەپوو دەردەکەوێت.

پیاوانیش  تووشی پەڵە دەبن بەڵام ڕێژەکە لە ئافرەتان زۆر زیاترە کە دەگاتە ١:٩ و گەلێک هۆکار هەن بۆ دروست بوونی پەڵە بەڵام گرنگترینیان ئەمانەن:

1-تیشکی خۆر بە سەرەکیترین هۆکار دادەنرێت جا چ تیشکی سەروو وەنەوشەیی بێ یان ڕووناکی بینراو.

2-کاریگەری هۆرمۆنەکان بۆیە ڕێژەیەکی زۆری ئەوانەی کێشەی پەڵەیان بۆ دروست دەبێ بریتین لە ئافرەتی دوو گیان یان ئەوانەی کە چارەسەری هۆرمۆنی وەردەگرن

3-هۆکاری بۆماوەیی

4-وەرگرتنی هەندێک دەرمان،لەزۆربەی ئەوکەسانەی کە پەڵەیان هەیە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین پەڵەکانیان تۆخ دەبێ بۆیە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەری پەڵە خۆپاراستنە لە تیشکی خۆر،ئەویش بە بە کار ھێنانی دژە خۆری تایبەت بە گوێرەی جۆری پێست هەروەها دوورکەوتنەوە لە بەکارھێنانی هۆرمۆن لەگەڵ  چەندین رێگای تر بۆ چارەسەر کە دکتۆر ی پێست بریاری لە سەر دەدات، بە گوێرەی حالەتەکە.


PM:07:31:06/08/2021




ئه‌م بابه‌ته 1520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌