‌چه‌ند نیشانەیه‌كی جەستەیی ده‌یسه‌لمێنێت توشی ترسی کۆمەڵایەتی بویت



تەندروستى -

تاک لە کاتی چونە ناو شوێنە کۆمەڵایەتییەکاندا توشی چەندین نیشانەی جەستەیی دەبێتەوە، ئەو نیشانانە هەندێکیان تەنها تاک هەستیان پێدەکات وەکو خێرابونی لێدانی دڵ، دەم وشکبوون، نارەحەتی گەدە یان یەڵنجدان، کرژبوونی ماسولکەکان، گێژبوون و سەرگێژبوون، وربوون و سکچوون، دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م گرفته‌ ده‌رونیه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

هەندێک لەو نیشانانە لە روخساری تاک دەردەکەوێت و چواردەور هەستی پیدەکەن وەکو: سورهەڵگەران، دەستلەرزین، رشانەوە، تەنگەنەفەسی، دەنگ لەرزین و زمانگیران، ئارەقکردنەوە.

خۆبەدورگرتن لە لای توشبوان بە ترسی کۆمەڵایەتی:
 یەکێک لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە خۆبەدورگرتن (avoidance) کە تاک دەیگرێتە بەر بۆئەوەی رزگاری ببێت لە نیشانە دەرونی و جەستەییە بێزارکەرەکان. ئەم نیشانەیەش هۆکارێکە بۆ بەردەوامی نەخۆشییەکە و تەنانەت قورسبوونی چارەسەرکردن! ئە و نیشانانەش بەگشتی بریتین لە:

1-خۆبەدورگرتن لە شوێنە کۆمەڵایەتییە نۆرماڵەکان: تاک لەو شوێنانە دوردەکەوێتەوە کە ترس و قەلەقی بۆ دروست دەبێت و وازیان لێدەهێنێت و ناچێتە ئەو شوێنانە. بۆ نمونە لە شوێنی گشتی و ریستۆرانت نان ناخوات!

2- دورکەوتنەوە لە قسەکردن بۆ خەڵکی لەترسی ئەوەی گیربخۆیت و نەتوانیت بەردەوام بیت.

دەگونجێت ئەم خۆبەدورگرتنە لە کاتی ئەنجامدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یان لەو شوێنانەی کە تاک توشی ترسی کۆمەڵایەتی دەبێت روبدات، بۆ نمونە سەیری ناوجاوی کەسانی ناو کۆرو کۆبونەوەکە ناکات یان دەچێتە شوێنێکەوە کە کەسانی تر بە سانایی نەیدۆزنەوە و نەیبینن.


PM:03:35:14/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 2644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌