یه‌كه‌م هه‌واڵی وه‌رزشی و100 مۆمی دانه‌گیرساو!!!.




زاگرۆس نانه‌كه‌لی -

ئێره‌ وڵاتی هه‌موومانه‌ وپێی ده‌ڵێن كوردستان،هه‌رچی هزر و جوانی و لۆژیك هه‌یه‌ كاڵ  بۆته‌وه‌،هه‌رچی مه‌زاج و نمایش و به‌لارێ بردن و  به‌زۆرخۆكردن به‌ شت  هه‌یه‌ زه‌ق بۆته‌وه‌،گه‌ر نه‌توانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنی بڕۆ لای بن كه‌وتووه‌كان سه‌ركه‌توو ده‌بی،گه‌ر نه‌بووی به‌ ژماره‌ ونه‌خوێندرایه‌وه‌،بڕۆ لای نه‌خوێنده‌واره‌كان ده‌بیت به‌ ژماره‌یه‌كی قورسی كاتی،گه‌ر ماندو وهیلاك و شه‌كه‌ت و شه‌ونخون و پاك و راست و حه‌ق بێژبووی،ئه‌وا چاوه‌ڕێی هیچ مه‌كه‌ و بۆ خۆت ده‌رده‌ دڵی بۆ خۆت بكه‌.

ته‌نها رۆژنامه‌ی كوردستانی دایك له‌ خه‌باتی (100) ساڵه‌ی تێپه‌ڕیكردووه‌،هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ نه‌ماوه‌ وبه‌ڵام وه‌كو مێژوو باسم كرد،میدیای نوسراوی وه‌رزشی كوردی لای زۆران وایه‌ مێژووێكی (36) ساڵه‌ی هه‌یه‌،كاتێك رۆژنامه‌ی كاروانی وه‌رزش له‌رێكه‌وتی 30/7/1985 بڵاوكرایه‌وه‌،به‌ڵام راستی ئه‌مه‌ وه‌كو یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشییه‌ وده‌كرێت ئه‌مه‌ش ساڵانه‌ وه‌ك یادێك یاخود بابه‌ته‌كانی ئه‌م رۆژنامه‌ وه‌رزشییه‌ ئه‌رشیف ودیكۆمێنتكاری بۆبكه‌ین و له‌هه‌مان كاتدا وه‌ك مێژوو باسی بكه‌ین.

به‌ڵام له‌ شارێكی باشووری كوردستان وه‌ك سلێمانی و رێك له‌ رێكه‌وتی 2/6/1921 واته‌ به‌ر له‌ (100) له‌مه‌وبه‌ر له‌م شاره‌ له‌ رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن یه‌كه‌م هه‌واڵی وه‌رزشی كوردی به‌ناونیشانی (ئه‌سپ تاودان) بڵاوده‌بێته‌وه‌،زۆرێك له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست وتانه‌ت وڵاتی ده‌وراوپشتیش به‌ شكۆی ئه‌م جۆره‌ مێژووانه‌ نه‌گه‌یشتوون و وڵاتێكی وه‌ك بێ وڵاتی كوردستان به‌م شانازییه‌ گه‌یشتووه‌.

به‌ڵێ (مێجه‌رسون) ی به‌ریتانی حاكمی ئه‌وسای شاری سلێمانی چه‌ند رۆژێك له‌ رێكه‌وتی 2/6/1921 گه‌نجانی شاری سلێمانی كۆده‌كاته‌وه‌ ئه‌سپ سواری ونیشان شكان وچه‌ند یارییه‌كی تر ئه‌نجام ده‌ده‌ن وپاشان (مێجه‌رسۆن) هه‌ر به‌خۆی ده‌یكات به‌ هه‌واڵێك كه‌ ده‌بێـه‌ یه‌كه‌م هه‌واڵی وه‌رزشی له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان له‌رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن له‌رێكه‌وتی 2/6/1921 له‌رۆژی پێنج شه‌ممه‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (100) ساڵ یادی ده‌بڵ یۆبیلی زێڕینی میدیاكارانی وه‌رزشی كوردستانه‌،ئه‌مڕۆ سه‌ده‌یه‌ك تێپه‌ڕی و (100) مۆم بێ ئه‌وه‌ی دابگیرسێ كوژایه‌وه‌،چونكه‌هه‌موومان له‌م مێژووه‌ مێژووینه‌ بێ مێژوو وبێ خه‌به‌ر وبێ مژاربووین!،داخه‌كه‌م هه‌واڵێكی وه‌رزشی كوردی (100) ساڵی یادبێت ویادیش نه‌كرێته‌وه‌،ده‌بوایه‌ حكومه‌ت وپه‌رله‌مان وهه‌رچی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌ شكۆیه‌ك بۆ شكۆی مێژووینی ئه‌م مێژووه‌ سه‌ده‌ییه‌ به‌رز رابگرن،به‌ڵام ئه‌م مێژووه‌ شۆڕبوه‌وه‌ بۆ نێو (101) ساڵ وخۆزگه‌م خه‌ڵكی عه‌وامیش نه‌بێ،هه‌ر میدیاكارانی وه‌رزشی كوردستان جوله‌یه‌كیان بكردبوایه‌،ئێمه‌ ده‌مێكه‌ راهاتووین (سونه‌ت) ده‌كه‌ین و وازمان له‌ (فه‌رز) هێناوه‌!.

یادی یه‌كه‌م هه‌واڵی وه‌رزشی كوردی له‌ تێكڕایی گه‌له‌كه‌مان ومیدیاكارانی وه‌رزشی كوردستان پیرۆزبێت،ته‌نها له‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار داوا ده‌كه‌م هه‌موو ساڵێك رۆژی 2/6 بكه‌ن به‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی كوردی ورۆژنامه‌ی پێشكه‌وتنیش وه‌ك رۆژنامه‌ی (كوردستان) ی دایك به‌ رۆژنامه‌ی یه‌كه‌م هه‌واڵی وه‌رزشی هه‌ژماربكرێت.




PM:04:39:02/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌