تەندروستی -
ئامادەکردنی : گوڵزار فەرەج
یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بە لەش ساغی خۆشتنە بە ئاوی سارد لە ڕۆژانی گەرمی هاوین و هەروەها لە ساردترین ڕۆژەکانی زستاندا .
ئەگەر لەو جۆرە کەسانەیت کە بە ئاوی سارد خۆت دەشۆیت ئەوا لەسەری بەردەوام بە بەڵام ئەگەر ڕانەهاتویت و لەپێشتر ئەم کارەت نەکردووە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە نهخۆشی دڵیان هەیە مەترسیدارە ، چونکە کاتێک کە بۆڕییەکانی خوێن لەناوەوە وێک دێنەوە لە ئەنجامی ئاوە ساردەکە ئەوا کاری دڵ قورستر دەبێت و ئەوانەی دڵیان لاوازە خۆشۆردن بۆ ئەوان کارێکی خۆکوژییە ، ئاشکرایە خۆشتن بە ئاوی سارد ئاستی لەش ساغی و توانای فیزیکی و دۆخی لەشی مرۆڤ هەڵسەنگاندنی بەرامبەر نەخۆشییەکان دیاری دەکات ، چونکە ئەو مرۆڤەی بتوانێت بە ئاوی سارد خۆی بشوات ئەوا خاوەن لەشێکی ساغ و تەندروستە چونکە حەمامی ئاوی سارد وەک ئەنجامدانی وەرزشێکی ڕۆحی وایە .
خۆشتن بە ئاوی سارد چەندین سودی هەیە گرنگترینیان ، چارەسەرێکی باشە بۆ ڕزگار بوون لە ئازارو گرژبوونی ماسولکەکان بە تایبەت دوای وەرزشکردن ئاوی سارد یارمەتیدەرە بۆ زیاتر سوتانی چەوری و یەکەی گەرمی ، ئاوی سارد بۆ تەندروستی قژو پێست باشە بەو پێیەی یارمەتی دەرە بۆ زەیتی سروشتی کەلەسەرو قژو جەستە دا هەیە ، هەروەها پێست تازە دەکاتەوە ، خۆشتن بە ئاوی سارد مێشک ئارام دەکاتەوەو سنورێک بۆقەلەقی و دوودڵی دادەنێت .