لە گۆڕانەوە بۆ لوتکەی بێهیوابوون!



ئاراس رواندزی -

هەفتەی رابردوو رووداوێکی دەگمەن کایەی وەرزشی هەژاند، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دوای شازدە ساڵ مانەوەی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی، دەستیلەکارکێشایەوە، ئەم وازهێنانەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوەو شەقامیش بە باش و خراپ کۆمێنتی لەسەردا، ئەم هەنگاوە ئومێدو تروسکاییەکی بە خەونی لەگۆڕنراوی دەیان ساڵەی هەموو کارەکتەران و بانگەشەکارانی گۆڕان و چاکسازی بەخشی، وازهێنانەکە خاڵی یەکەمی داخوازییەکان بوو، بەڵام هەنگاوی دواتر کە بە هەرە گرنگەکە ئەژمار دەکرێ، پێچەوانەی ئومێدەکان ئاسۆیەکی ناروونی بۆ نەخشاندین! 

سەرەتا زۆر دڵخۆشبووم و خەیاڵیش منی بۆ جیهانە ئەفسوناویەکەی خۆی پەلکێش کرد، پێموابوو ئەستێرەی بەختی وەرزش هەڵکشاوەو لەگەڵیشی کلتوورێکی نوێ لەدایکبووە، بۆیە کارەکەم بەرز نرخاندو چاوەڕوانی راگەیاندنی پڕۆژەکانی چاکسازی و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گۆڕانکاری لە پۆستەکان بووم، کەچی لە پڕ دەنگێکی نەشازو ناخۆش رایچڵەکاندم و پێی گوتم با خەیاڵەکانت زیاد نەڕۆن، چونکە بە دووبارەکردنەوەی هەڵە ستراتیژیەکەی چەندین ساڵەو پشتگوێخستنی کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕ، هەروەها پڕکردنەوەی پۆستەکان و دانانی کەسەکان لە دیوەخانەی حزبەکانەوە، جارێکی دیکە تیرێک لە جەستەی ماندوو پڕ شەکەتی وەرزش دراوە.

دوای ئەوە دڵنیابوومەوە ئیدارەدانی کایەکەو شێوازی ئیشکردنی ئەو ستافەش، هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەوانەی پێشوو نابێ، گەر کەسێکی کارامەش لەنێویاندا هەبێ، چونکە هاتووەکانیش قوتابی هەمان قوتابخانەی رۆیشتووەکان بوونە! بۆیە بە رۆیشتنی سەفین کانەبی و هاتنی تارق عەبدولڕەحمان کە رێزم بۆ کەسایەتی و خزمەتیان هەیە، هیچ پێشڤەچوونێک و گۆڕانێکی ئەرێنی بەسەر رەوتی تۆپی پێدا نایەت، لەبەر ئەوەی کێشە بنەڕەتیەکەو راستکردنەوەی خوارییەکان، بە گۆڕینی کارەکتەرە حزبیەکانی نێو وەرزش چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بنەمای ئەکتیڤکردنەوەو بەرەوپێشبردنی کایەکە پەیوەستە بە هاتنە پێشەوەی عەقڵ و بیری تازەو سەر لەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمایەکی زانستی و سەردەمیانەی دوور لە روانین و هەژموونی حزب، ئەم کارەش کەسێکی پسپۆڕو ئەکادیمی زێدە دڵسۆزی گەرەکە، بۆ ئەوەی رێڕەوێکی دروست بۆ تۆپی پێ بنیات بنێ.

نایشارمەوە بەو هۆیەوە نەک هیواو ئومێدم لەدەستداوە، بگرە رەشبینی تەواو باڵی بەسەر هەست و بیرمدا کێشاوە، من وامدەزانی زەمینەیەک بۆ گۆڕانکاری رەخساوەو بە هاتنە پێشەوەی دیدو روانینی سەردەمیانە، چاکسازییەکی ریشەیی دێتە ئاراوە، بە شێوەیەک رەگی کەلەپوتەکان هەڵدەتەکێنێ و هەوڵەکانیش بە ئاراستەی راستکردنەوەی هێڵە خوارەکان دەستپێدەکات، لێ دیسان حزب و ئەو کەسانەی کە لەپشتی پەردەوە کایەکە دەجولێنن، ریسەکەیان لە وەرزشکاران کردەوە بە خوری! 

ساڵانێکە دڵسۆزان و خەمخۆرانی راستەقینەی وەرزش بە دوای هەلێکی هاوشێوەی ئێستا دەگەڕان، بۆ ئەوەی کایەکە بدرێتە دەستی ئەو کەسانەی کە دەتوانن لە کەمترین دەرفەتداو لە کاتی قەیرانیشدا شتی گەورە پێشکەش بکەن، لێ مەخابن ئەمجارەش رێگریکراو نەهێڵدرا جەستەی بریندارەکەی وەرزش و تۆپی پێ تیمار بکرێ، بۆیە لەو رۆژە پیرۆزەدا کە یادی راپەڕینەو ئاسۆو خۆری گەلێکی ستەم دیدەی لێوە هەڵهات، داوا لە هەموو خەمخۆرانی وەرزش دەکەم با ئەم یادە بقۆزینەوەو پێکەوە دەست لەناو دەست و بە ورەیەکی پۆلاین و دروشمی گۆڕان و چاکسازی، مەشخەڵی راپەڕینێکی مەدەنیانەی وەرزشی هەڵکەین و چیتر قەبووڵی ئەو دۆخە چەقبەستووە نەکەین، چونکە بێ باکی و بەهەند وەرنەگرتنی ئاستی راستەقینەی ئەو وێرانەیەو مانەوەی بەو شێوەیە، زیانێکی ئێجگار زۆر بە ئێستاو داهاتووی وەرزش و لاوانمان دەگەیەنێت کە دەرهاوێشتە نەرێنیەکەی بۆ چەندین دەیە بەسەرمانەوە دەمێنێتەوە.


PM:03:15:08/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 1820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌