دەڤەری راپەڕین لەیادی راپەڕین خولێكی بۆ میدیاكارانی وەرزشی بەرێوەبرد



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت -

خولێكی رۆژنامەوانی وەرزشی لەسنووری راپەڕین بەسەركەوتوویی رێكخرا :

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی راپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991، لەشارۆچكەی رانیە خولی بەرزكردنەوەی ئاست و پەرەپێدانی توانای میدیاكارانی وەرزشی سنووری ئیدارەی راپەڕین كۆتاییهات.
 

بەبەشداری 17 رۆژنامەنووس و نووسەری وەرزشی و ئارەزوومەندانی فێربوونی بوارەكە، بۆ ماوەی دوو رۆژ 1 و 2ی ئاداری 2021 خولی بەرزكردنەوەی ئاست و پەرەپێدانی توانای میدیاكارانی وەرزشی سنووری ئیدارەی راپەڕین رێكخرا.

خولەكە بەچاودێری نووسینگەی راپەڕینی نوێنەرایەتی سلێمانی لــیــژنەی ئـۆڵـۆمـپی هەرێمی كوردســتـــان و بەهاوكاری (ماڵپەڕی كوردیش سپۆرت ستارز) و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەبەرپرسانی حكومی و حزبی و وەرزشی لەهۆڵی میرزا مەنگوڕی لەكتێبخانەی گشتی رانیە رێكخرا و تیایدا زاگرۆس نانەكەلی رۆژنامەنووس و نووسەری بەئەزموونی وەرزشی وانەكانی بەبەشداربووان وتەوە و دواجاریش ئەمڕۆ 2ی ئاداری 2021 لەڕێوڕەسمێكدا لەلایەن ئامادەبووانەوە بڕوانامەی خولەكە بەبەشداربووان بەخشرا. 

لەمبارەیەوە زاگرۆس نانەكەلی وانەبێژی خولەكە لەلێدوانێكدا ئەوەی پێوتین كە ئەو ئامادەیە خۆبەخشتانە و بەپێی توانا ئەزموونەكانی كاركردنی لەڕێگەی ئەمجۆرە خول و كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینارانەدا بۆ رۆژنامەنووسانی وەرزشی بگوازێتەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن لەگۆڕانكارییەكانی بواری میدیای وەرزشی بێبەش نەبن.

*سەباح ساڵح سەعید/ لێپرسراوی نووسینگەی راپەڕینی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی كە ئەركی ئەم خولەی لەئەستۆگرت، وتی: بەشبەحاڵی خۆمان ئەوەی لەتوانای ئێمە دابێت بۆ فێركردن و بەرەوپێشبردنی ئاستی رۆژنامەنووسانی وەرزشی دەڤەرەكەمان پێشكەشی دەكەین بۆ ئەوەی ئەوانیش لەكاروانەكە دانەبڕێن.

*سەنگەر زرار/ سەرنووسەری ماڵپەڕی كوردیش سپۆرت ستارز وتی: بیرۆكەی ئەنجامدانی خولەكەمان لەوەوە سەرچاوەی گرت كە شارۆچكە و شارەدێكانی كوردستان بێبەشن لەمجۆرە خولانە و ئومێد دەكەین بتوانین ئەم ئەزموونی كاركردنە بەهەماهەنگی هەموو ئەوانەی ئامادەن كارمان لەگەڵدا بكەن، بگوازینەوە هەموو دەڤەرەكان. 

ئاراس لەتیف نادر/ بەڕێوەبەری خول و سكرتێری رێكخراوی ئاریا بۆ پەرەپێدانی میدیای وەرزشی وتی: لەم بارودۆخە ناسكەدا كە پەتای كۆڕۆنا بەربڵاوە، ئەوە یەكەم كاری ئێمەیە بەهاوبەشی و هاوكاری لەگەڵ نووسینگەی راپەڕینی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەنجامی بدەین، لێرەوە داواكارم لەلایەنە پەیوەندیدارەكان لەهەموو سنوورەكان بۆ كردنەوەی ئەمجۆرە خولانە هاوكارمان بن.



PM:10:31:02/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 1436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌