لە جیاتی کش مەلیک!



ئاراس رواندزی - 

لە جیهانی تۆپی پێدا دوورخستنەوەو گۆڕینی راهێنەر کارێکی ئاسایی و یاساییە، بەو پێیەی سەرپەرشتیارو بەرپرسیاری یەکەمی تیپە، بۆیە هەمیشە لە کاتی شکست، پەنجەی تۆمەتی بۆ رادەکێشرێت و زۆر جاریش دووردەخرێتەوە، رادانیش کە پێشتر ئەزموونێکی سەرکەوتوویی لەگەڵ یانەکەی پایتەخت هەبوو، ئەمجارە باجێکی قورسی پێدراو وێڕای ئەوەی کرایە قوربانی تەکەتولاتی یاریزانەکان، شکستی دەستەی کارگێڕیشی پێداپۆشرا!

 لێرەدا پێویستە جەماوەرو شەقامی وەرزشی ئەو راستیە بزانن کە راهێنەرە کڕواتیەکە هۆکاری روودانی ئەو ئەنجامە خراپانە نەبوو، چونکە لە کاتی هاتنی و بەر لە دەستپێکی خولی عیراقیش، داوای لێکرابوو کە تیپێک لە یاریزانانی کورد بنیات بنێ، ئەوسا تاکە مەرج تەنها مانەوە لە ریزی نایاب بوو، نەک رکابەرایەتیکردن بۆ بەدەستهێنانی خانەکانی پێشەوە، ئەی کەوایە بۆ دوورخرایەوە؟! 

سەرەتا دەمەوێ بڵێم کە دوورخستنەوەی رادان هەڵەیەکی ستراتیژیی بوو، پێموانیە بە ویستی خۆشی دەستی لەکارکێشابێتەوە، بەڵکو ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراوە، چونکە ئەو پڕۆژەیەکی درێژخایەنی بۆ پێگەیاندنی لاوانی پایتەخت هەبوو، لێ پڕۆژەکەی و خەونی لە مێژینەی وەرزشکارانیش کە بوونی تیپێکی تۆکمە لە رۆڵەکانی قەڵاو منارە بوو، زیندە بە چاڵکراو راهێنەری ناوبراویش کرایە قەڵغان بۆ پاراستنی کورسی کەسانێک و شاردنەوەو نەزانینی شوێنی راستەقینەی برینەکە! 

 بە بڕوای من گەر لە پێکهاتەکە سەرەڕمێکی لێهاتوو هەبوایە، هەرگیز دۆخی یانەکە بەو رۆژە نەدەگەیشت، گەر بە ئەرشیفی یارییەکاندا بچینەوە، بە روونی دیارە کە ئاستی تیپەکە بەو شێوە خراپ نەبووە، بگرە لە زۆر یاریدا یانەکە باشتر لە رکابەرەکەی دەرکەوتووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی هێرشبەرێکی بەتوانا، نەیانتوانیوە دوا هەنگاو کە هەژاندنی تۆڕە، بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن.

دیارە فشارە زۆرەکانی جەماوەرو سۆشیال میدیا کە یاری دوای یاری زیادی دەکرد، دەستەی کارگێڕی ناچار بە بیرکردنەوەو داڕشتنی بیرۆکەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە پڕ شەرمەزاریە کردەوە، بەشێوەیەک بتوانن کورسی و بەرژەوەندیەکانیشیان بپارێزن، بۆیە دواجار جوڵەیەکی زیرەکانەی هاوشێوەی یاری شەترەنجیان ئەنجامدا، لە کاتێکدا (کش مەلیک) داواکاری جەماوەر بوو، لێ ئەوان بە (کش رادان) هەموو هاوکێشەکەیان سەراو ژێر کردو جگە لە دامرکاندنەوەی توڕەیی جەماوەر، زوومەکەشیان لەسەر خۆیان لاداو بە بەردێک دوو چۆڵەکەیان راوکرد! 
ئێستا یانەکەی پایتەخت لە قەیرانێکی قوڵدایە، جگە لەوەی تیپەکە بێ راهێنەرە، زانیاریەکان باس لە بوونی کێشە لە ژووری خۆگۆڕینی یاریزانانیش دەکەن، هەروەها قەیرانی داراییش هەڕەشەو بەربەستێکی گەورەی بەردەم تیپەکەیە، هەرچەندە یانەکە خاوەنی مۆڵێکی گەورەو چەند شوێنێکی دیکەی پڕ داهاتە! دەستەی کارگێڕیش کە خاوەنی دەسکەوتە زێڕینەکانی دەیەی پێشوون، چەند ساڵێکە دەستەوەستانن و ناتوانن بەهیچ شێوەیەک باری لاسەنگی تیپەکە راست بکەنەوە، بۆیە لە ئێستادا باشترین دەرچە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، گۆڕانکاری و رێگەدانە بە هاتنە پێشەوەی بیرو ئەقڵی تازەو دروستکردنی دەستەیەکی نوێ، ئەو کردارە هاوتا لەگەڵ هێنانی باشترینەکانی خولی کوردستان و سێ پیشەگەر کە جیاوازی لە ئاست و ئەنجامی تیپەکە دروست بکەن، دوو فاکتەری کاریگەرن بۆ ئەوەی لە داهاتووی نزیکدا هەولێر بۆ رکابەریکردنی گەورەکان و رێچکەی سەرکەوتنەکان بگەڕێتەوە. 

لە کۆتایشدا هیواخوازم بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بڕیارە رووبدات، دۆخی یانەکە بۆ خاڵی دەستپێک و سەردەمی تەعریبی پێکهاتەکە نەگەڕێتەوە، چونکە بەهیچ شێوەیەک قەبوڵکراو نیە جارێکی دیکە تەواوی پێکهاتەکە یاریزانی عەرەب بێت و رۆڵەی شارەکەش لە شوێنی یەدەگەکان بە دیار یارییەوە نینۆکی پەنجەی بخوات.



PM:11:35:11/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 1872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌