تۆقێنەرەکەی جاران دەگەڕێتەوە؟



ئاراس رواندزی -

هەولێری خاوەن چوار نازناوی خولی تۆپی پێی عێراق، چەند ساڵێکە بە بارودۆخێکی خراپی دارایی تێدەپەڕێ، بەم هۆیەوە تا ئەندازەیەک ئاست و ئەنجامی داکشاوەو لە رکابەری تیپەکانی بەغداش دوور کەوتۆتەوە، بەڵام تا ئێستاش یانەکەی پایتەخت ژمارەیەکی قورسەو نەبۆتە نێچیرێکی ئاسانی رکابەرەکانی. 

 ئاشکرایە ئێستا لەنێو جیهانی تۆپی پێدا، پارە رۆڵێکی یەکجار گرنگ دەگێڕێ، دەتوانم بڵێم باشی دۆخی دارایی، واتا تیپێکی تۆکمەو رکابەر بۆ بردنی نازناوەکان، هەولێریش بەهۆی ئەو چەکەی دەستی و ئارامی شارەکە، لە ماوەی رابردوودا توانی بۆ ماوەیەک کۆنتڕۆڵی نازناوەکان بکات، لەسەر ئاستی ئاسیاش تا لوتکە هەڵکشا، لێ قەیرانی دارایی ساتە هەنگوینیەکانی راگرت و دۆخی یانەکەی بەرەو دژواری و سەختی برد.
ئێستا یانەکە خاوەن پێکهاتەیەکە زۆربەی یاریزانەکانی کوردو خەڵکی شارەکەن، دیارە بڕیاری دەرفەتدان بە یاریزانە کوردەکان لە ناچاری بوو، بەڵام بەهۆی پشتیوانی بەشێک لە شەقامی وەرزشی و ئاستبەرزی قوتابیەکانی رادانی راهێنەر، خەریکە ئەو بیرۆکەیە دەبێتە پڕۆژە، بۆیەش ئێستا کار بۆ هێنانە پێشەوەو دەرفەتدانی زیاتر بە لاوانی پایتەخت دەکرێ.

 نکۆڵی لەوە ناکرێ کوردستان پڕاوپڕە لە بەهرەمەندو یاریزانی لێهاتوو، لێ لە پێشوودا بەهۆی پشتگوێخستنیان و سیاسەتی هەڵەی کارگێڕی یانەکە بە پشتبەستن بە یاریزانانی عەرەب، بواری دەرکەوتن و خۆ سەلماندیان نەبوو، بە پێچەوانەوە ئێستا دۆخێک هاتۆتە ئاراوە کە یاریزانانی هەولێرو شارەکانی دیکەی کوردستان خاوەنی یانەن، پارێزەری گۆڵەکەت و هەژێنەری تۆڕی رکابەرەکانت کوردن، دیواری بەرگری و ئەندازیارانی ناوەڕاستیش لە رۆڵەکانی پایتەختن، ئای خودایە هەستێکی چەندە خۆشە کاتێک کۆمێنتار دەڵێ: رێباز تۆپێکی زەحمەتی گەڕاندەوە، یاخود لەکاتی ئاڵوگۆڕی تۆپ لە نێوان یاریزانەکان گوێبیستی ناوەکانی شوان و بارزان و شێرکۆ و نیازو پاڵەوانەکانی دیکەی تیپەکەت ببی، باشە ئەوەی ئێستا روودەدات، داواکاری چەند ساڵەی جەماوەریش نەبوو؟!

 دیارە من و بەشێک لە هاوپیشەکانیشم ساڵانێکی زۆر هاوارمان کرد کە پێویستە بناغەیەک بۆ وەرزش و تۆپی پێی شارەکەمان دابنێین، چونکە روونبوو کە دوای نەمانی پارەو باشتربوونی دۆخی دارایی و ئەمنی عیراق، چیتر هەولێر نابێتەوە کۆکەرەوەی ئەستێرەکانی بەغدا، کات زۆر نەبردو پێشبینیەکان راست دەرچوون و تیپەکەی قەڵاو منارە کەوتە چاڵێکی قوڵ، بەڵام رۆڵە بە وەفاکانی شارەکەی قەڵاو منارە نەیانهێشت ئاڵاکەی هەولێر بکەوێت و یەک دەست هاتنە مەیدان و بە دروشمی (یانەی مە یانەی شێرانە) جارێکی دیکە تیپەکەیان بنیاتناوەو پەیتا پەیتاش ئاست و ئەنجامیان هەڵدەکشێ. 

لێرەوە من داوا لە جەماوەر و بەرپرسان و میدیاکارانی وەرزشی دەکەم، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی ئەو تیپەو یاریزانەکان بکەن، راستە ئەنجامەکان وەک پێویست نین، بەڵام بۆ ئەو ئامانجە پێویستە پشوو درێژ بین و کاتی زیاتریان پێبدەین، چونکە سەر لەنوێ بنیاتنانەوەی تیپ کارێکی قورسەو کاتێکی زۆری گەرەکە. هەروەها بە گرنگیشی دەزانم کە دەستەی کارگێڕی هەولێر بۆندێکی درێژخایەن لەگەڵ رادانی راهێنەر ئیمزا بکات، چونکە ئەو راهێنەرە کڕواتیە خاوەن ئەزموونێکی زۆرە، دڵنیام گەر درەفەتی باشی پێبدرێ و کەرەستەکانی سەرکەوتنی بۆ فەراهەم بکرێ، بۆ چەند ساڵی ئایندە بناغەیەکی باش بۆ تۆپی پێی هەولێر دادەنێ و بە لاوەکانی پایتەختیش تیپەکە دەکاتەوە تۆقێنەرەکەی جاران.


PM:04:07:19/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 1540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌