پێشمه‌رگه سپۆرت -
پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دوو شه‌ممه 23 / 11 / 2020 و له نێو هۆڵی نوێنه‌رایه‌تی سلێمانی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان كۆبونه‌وه‌ی هونه‌ری بۆ ئه‌نجام دانی خولی باسكه‌ی لاوانی یانه‌كانی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری به‌ڕێوه چوو ، خوله‌كه به‌به‌شداری تیپی باسكه‌ی لاوانی ( پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ، ده‌ربه‌ندیخان ، ناوه‌ندی وه‌رزشی ده‌ربه‌ندیخان ، فێرگه‌ی یانه‌ی سلێمانی و ناوه‌ندی ژیما بۆ خانمان ) به‌ڕێوه ده‌چێت و له كۆبونه‌وه هونه‌رییه‌كه‌ی خوله‌كه‌ش پاش ڕاوێزی ڕاهێنه‌ران بڕیار درا یارییه‌كانی خوله‌كه له ده‌وری بكرێته دوو دۆڕان ( ته‌سقیط زه‌وجی ) .
ئه‌مه‌و بڕیاره یه‌كه‌م یاری خوله‌كه له كاتژمێر 1:30 خوله‌كی پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێ شه‌ممه 24 / 11 و له نێوان تیپی باسكه‌ی لاوانی ناوه‌ندی لاوانی ده‌ربه‌ندیخان و فێرگه‌ی باسكه‌ی یانه‌ی سلێمانی ئه‌نجام بدرێت و دووه‌م یاریش له نێوان تیپه‌كانی باسكه‌ی لاوانی یانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و ده‌ربه‌ندیخان ده‌بێت .
خولی باسكه‌ی لاوانی یانه‌كانی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رێتی لاوانی سلێمانی و به هاوكاری یه‌كێتی باسكه‌ی سلێمانی و له نێو هۆڵی داخراوی تایبه‌ت به یانه‌ی سلێمانی یارییه‌كانی ئه‌نجام ده‌درێت .
جێگه‌ی باسه بۆ یه‌كه‌م جاره له خولێكی باسكه‌ی كوڕان تیپێكی خانمان به‌شداره و ژیمای شاری سلێمانی ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی شكاند بۆ به‌شداری له‌و خوله‌دا .