‌بۆچی هەندێک کەس بەردەوام سەرمایانە؟


ته‌ندروستی‌ - 

کاتێک پلەکانی گەرما دادەبەزن ئاساییە هەست بە سەرما بکەیت و جلی زیاتر لەبەر بکەیت،بەڵام هەندێک کەس بەردەوام سەرمایانە ولەبەرچەند هۆکارێک:

1- رژێنی دەرەقی (غودە):
کەم چالاکی رژێنی دەرەقی (هایپۆسایرۆدیزم) یەکێکە لە هۆکارەکان، ئەو کەسانەی رژێنی دەرەقییان چالاک نییە، هۆرمۆنی پیویست بەرهەم ناهێنن، ئەمەش وا دەکات کەسەکە ساز و سووتی (پرۆسەی هەرسکردنی خواردن- مێتابۆلیزم) خاو بێت، بەهۆیانەوە هەست بە سەرما دەکات".

2-تەمەن:
کاتێک تەمەنی مرۆڤ لە شەستەکان نزیک دەبێتەوە، توانای پاراستنی گەرمی کەم دەکات، هەروەها کاتێک مرۆڤ تەمەنی زیاد دەکات، کێشی ماسولکەکانی کەم دەکەن، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی هەست بە سەرماکردن لە تەمەنی پیریدا.

3- ئەو خواردنەی دەیخۆیت:
ئەو کەسانەی کە خواردنی سارد و کەم ئاو دەخۆن زیاتر هەست بە سەرما دەکەن.

4-کەم خوێنی:
بەهۆی ئەوەی رێژەی ئاسن لە خوێندا کەم دەکات، کاتێک ئاسن لە خوێندا کەم دەکات، خڕۆکە سوورەکانی خوێن وەک پێویست کارەکانیان ناکەن، ئەمەش وا دەکات هەست بە سەرما بکەیت و چەند نیشانەیەکی دیکەشی هەیە.

نیشانەکانی دیکەی کەم خوێنی بریتییە لە، زیاد بوونی هەستی ماندوویەتی، زیاد بوونی لێدانی دڵ، هەناسە کورتی و گێژخواردن.

5- دووگیان بوون"
دووگیان بوون پلەی گەرمی لەش بەرز دەکاتەوە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، کەم خوێنی و لاوازی سووڕی خوێن بەهۆی دووگیانییەوە لە خانمان دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە ساردی لە دەست و قاچیان بکەن.

6- کەمی رێژەی ئاو لە لەشدا (دیهایدرەیشن):
ئاو لە لەشدا دەبێتە هۆی خێرا هەرسکردنی خۆراک بەمەش وزە و گەرمی دروست دەبێت، بەڵام کەم خواردنەوەی ئاو پرۆسەی هەرسکردن خاو دەکاتەوە، بەمەش وزە و گەرمی پێویست بەرهەم ناهێنرێت.

7- کێشەی هۆرمۆنەکان:
هۆرمۆنە جیاوازەکان لە ژن و پیاودا کاریگەری لەسەر پلەی گەرمی لەش دروست دەکەن، بۆ نموونە، هۆرمۆنی ئیسترۆجین پلەی گەرمی لەش دادەبەزێنێت و پرۆجێستیرۆن بە پێچەوانەوە، بۆیە گۆڕانی هۆرمۆنەکان بەشێوەیەکی نا ئاسایی دەبێتە هۆی تێکچوونی پلەی گەرمی.

8- جیاوازی نێوان ژن و پیاو:
پلەی گەرمی لەشی خانمان کەمترە لە پیاوان، هەروەها کەم خوێنی و نا چالاکی رژێنی دەرەقی زیاتر لە ژناندا روودەدات، ئەمەش وادەکات ژنان زیاتر هەست بە سەرما بکەن.

9- سووڕی خوێن:
ئەگەر هەموو لەشت گەرمە، بەڵام تەنها دەست و قاچت ساردە، ئەوا کێشەکە بۆ سووڕی خوێن دەگەڕێتەوە، ئەوە نیشانەیەکە کە دڵت خوێنی تەواو هەڵنادات یاخود چەوری دەمارەکانتی گرتووە، زیاتر لەو کەسانە روودەدات کە جگەرە کێشن".

10- دڵەڕاوکێ:
دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی دەبنەهۆی چالاککردنی ئامیگدالا، ئەو بەشەی مێشک بەرپرسە لە پاراستنی مێشک لە کاتی مەترسی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وزەی لەش زیاتر لە پاراستنی لەش خۆیدا سەرفبکرێت نەک ببێتە گەرمی.

11- کێشی لەش:
ماسوولکە و چەوری لەش هۆکارێکی باشن بۆ ئەوەی کەمتر هەست بە سەرما بکەیت، بۆیە ئەو کەسانەی کێشی لەشییان کەمە و لاوازن زیاتر هەست بە سەرما دەکەن.



PM:07:57:27/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 1744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌